ئەحمەد ئاڵتان: نووسین وەک دیارییەکە بۆ من و لە زیندان ڕزگاری کردووم

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەحمەد ئاڵتان، نووسەری دیاری توركیا و دۆستی كورد، لە تازەترین هەڵوێستیدا لەبارەی ئەو رەوشەی لە توركیا دروست بووە، پێی وایە هەركەسێك بە هۆی ترسەوە قسە نەكات، كەواتە خۆی زیندانی كردووە و دەبێت بشزانێت كەس لەو زیندانە رزگاری ناكات.

ئاڵتان، كە دەیان وتاری لەبارەی كوردەوە هەیە و نووسەرێكە لەبەر پشتگیری لە مافی كورد باجی قورسی داوە، دەڵێت ناعەدالەتی وەكوو چیامان و تەڕایی (رتوبەت) وایە، سەرەتا لە گۆشەیەكی ژوورەكە سەر هەڵدەدات، تۆ ئەگەر خۆت بەوە هەڵخەڵەتێنیت كە چیامان و تەڕاییەكە لە تۆوە دوورە، دەبێت بزانێت گەر زوو چارەی نەكەیت هەموو ژوورەكە دەگرێتەوە.
ئاڵتان، قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی (فەرەنسا تیڤی) كردووە و دەڵێت: ”توركیا شونێكە پڕ بووە لە مەترسیی، وەكوو كێڵگەیەكی مین وایە، كاتێك بەسەریدا تێپەڕ دەبیت نازانیت پێ بەكوێدا دەنێیت و مینەكە لە كوێیە. من نامەوێت ژیانم هەموو بە مەترسی و ترسەوە بەڕێ بكەم؛ ئەگەر لەبەر ترس بێدەنگ بیت و قسە نەكەیت، كەواتە خۆتت زیندانی كردووە و لەو زیندانەش كەس رزگارت ناكات.“
ئاڵتان، ماوەی چوار ساڵ و حەوت مانگ، لە گرتووخانەی (سلیڤری) دەستگیر كراوە، كە ئێستا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵی لێ زیندانی كراوە. ئاڵتان، ساڵی ٢٠٢١ ئازاد كرا، بەڵام قەدەغەی گەشتكردنی لەسەر جێبەجێ كرا، بۆیە تەلەڤزیۆنی ناوبراو هاتووەتە توركیا و چاوپێكەوتنی لەگەڵدا کردووە. ئەو نووسەرە، ئەگەرچی ناعەدالەتی وەكوو چیامان ناو دەبات و دەڵێت گەر چارە نەكرێت هەموو ژوورەكە دەگرێتەوە، بەڵام دڵخۆشە، كە هاووڵاتیان دژی دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو رژاونەتە سەر شەقام.
لەو ڕووەوە دەڵێت: ”بۆ یەكەم جارە توێژێك رووبەڕووی ناعەدالەتی دەبێتەوە و دژیەتی و وەڵامی بۆی هەیە. ئێمە نازانین توركیا بەرەو كوێ دەڕوات، بەڵام بە ملیۆنان گەنج رژاونەتە سەر شەقام و داوای عەدالەت دەكەن، ئەمە بۆ توركیا بەرەوپێشچوونێكی گرنگە.
بە لای ئاڵتانەوە، توركیا هیچ كاتێك دیموكراسی و یاسای لێ نەبووە و دەڵێت: “٥٠ ساڵ لەمەوبەر باوكم دەستگیر كرا، پاشان خۆم و براكەمیان خستە زیندانەوە، لە توركیا نووسەران هەمیشە لە مەترسیدا بوونە. كاتێك دەستم بە نووسین كرد، مەترسی نووسینم لە توركیا لە باوكم گوێ لێ بوو، چونكە كە منداڵ بووم، باوكم هەموو بەیانییەك دەچووە رێی دادگا و شکاتی لێ دەکرا، بۆیە وام دەزانی هەموو كەسێك باوكی دەبێت رۆژانە بچێتە دادگا. ئەو ناعەدالەتییەی دەكرێت، ئامانج لێی كورد و چەپەكان و كەمینەكانن.“
ئاڵتان پێی وایە، نووسین ئەوی لە زیندان رزگار كردووە، چونكە لە گرتووخانە لەناو ژوورێكی بچووكدا پێت دەڵێن تۆ لە كوێ دەوەستیت، بەڵام تۆ چۆن لەو ژوورە دەوەستیت خۆت بڕیاری لێ دەدەیت، بۆیە لەناو چواردیواردا نووسین لە گرتووخانە رزگاری كردم.
ئاڵتان وەكوو ئەوەی باسی دەكات، نووسین بۆ ئەو وەكوو دیارییەك وا بووە لە زیندان، بۆیە نووسین بە موعجیزە ناو دەبات.
ئاڵتان دەڵێت: ”هەموو شتێك دەڕوات و نامێنێت، بەڵام ئەدەبیات دەمێنێتەوە، لە سەردەمی هۆمێرۆسەوە ئێرە چۆن گۆڕاوە، بەڵام هۆمێرۆس نەگۆڕاوە. بە دڵنیاییەوە دەتەوێت بە زمانی دایك بنووسیت و بخوێنتەوە، بەڵام لەبارەی ئەدەبیاتەوە سنوورەكان ناناسم، فەرەنسا بۆ من وڵاتێكی بێگانە نییە، تۆڵستۆی بۆ من نووسەرێكی رووس نییە، بەڵكوو نووسەرێكە و هەموومان دەیخوێنینەوە. ئەمە شتێك نییە مرۆڤە باشەكان دروستی بكەن، نووسەرەكان هەموو مرۆڤی باش نەبوونە، تا ئێمە بەیەكەوە پێبكەنین و هاوكاری یەكتری بكەین، بەڵكوو نووسەرایەتی كارێكە دەبێت خۆت بەتەنیا ئەنجامی بدەیت، لە ژوورێكدا بە مانگ و ساڵ دەتوانیت دانیشیت، ئەمە یەكەم مەرجی نووسەرە. نووسەرایەتی، شێتییەكی تێدایە، خراپەیەك و باشەیەك، بەڵام هەموو ئەمانە لە تەنیاییدا بەرهەم دێت.“
ئاڵتان لە كۆتایی دیمانەكەیدا ئاماژەی داوە، لەناو ئەو كارەساتەدا، بتوانیت بنووسیت ئەمە وەكوو دیارییەك وایە لە هەموو شتێك دەیپارێزێت، تەنانەت لە زیندان و ژیان و مردنیش، بۆیە ئەوەی دڵخۆشی دەكات تەنیا نووسینە.