سلێمان تاشان – ههولێر
لە کۆتایی دەیەی هەشتای زایینی ڕژێمی بەعس بە پیلانێکی داڕێژراو دەستی بە جێبەجێکردنی تاوانی کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی گەلی کورد کرد کە هەشت قۆناغی لەخۆگرت. لە ئاکامی ئەو تاوانە دژە مرۆییەدا، سەرووی سەد و هەشتا و دوو هەزار کەس ئەنفال و بە هەزاران گوند وێران کران. تاوانێک کە دوای سی و حەوت ساڵ لە تێپەڕینی نە بکەرانی بە تەواوی سزا دراون و نە قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان کراوەتەوە و هێشتا دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق خۆی نەخستووەتە ژێر بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەر بە کورد کراوە.
رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨ زۆرترین شاڵاوی ئەنفالی بەڕێوە برد و لەو ساڵەشدا لە ١٤ی نیسان زۆرترین تاوان دژی کورد کرا بۆیەش ئەو ڕۆژە بۆ یادکردنەوەی قوربانییان دەستنیشان کراوە، لە کاتێکدا پێشتریش جینۆساید و ئەنفال دەستی پێ کردبوو. هەرچەندە ڕژێمی بەعس خەڵکێکی زۆری ئەنفال کرد بەڵام نەیتوانی بە تەواوی بە ئامانجەکەی بگات و خۆی تووشی کێشەیەکی گەورە کرد و دەستدرێژی و جەنگ و فراوانخوازییەکەی وای لە سەدام کرد تەمەنی پیلانەکانی درێژە نەکێشێت و تووشی داڕمانی سیاسی و ئابووری ببێت و سێ ساڵ دوای دەستپێکردنی تاوانەکە، لە کوردستان ڕاپەڕین بکرێت و هەرێمی کوردستان ڕزگار بکرێت.
چەند ڕۆژێکە یادی ئەنفال له قهزای چهمچهماڵ دهستی پێكردووه، جگه لهو پلان و بهرنامهیهی بۆی دانراوه، چوار وهزارهتی ههرێمیش به چالاكی جۆراوجۆر بهشدار یادهكه دهكهن. ڕەمک ڕەمەزان قادر، قایمقامی چهمچهماڵ بە میدیاکانی گوت لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە، سهبارهت به مەرگەساتی ئەنفال وانەی تایبەت بە قوتابیان و خوێندکاران دەڵێنەوە، هاوکات سەرجەم میدیاکان بەرنامەکانیان تایبەت دەکەن بەو یادە و مامۆستایانی ئاینیش وتاری هەینی بۆ جینۆسایدکردنی گەلی کورد تەرخان دەکەن.
هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێوڕەسمێکدا سی و حەوت دایکی ئەنفال کە نەوەکانیان دوای ئەنفال بەخێو کرد، خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا و ئەمساڵ بڕیارە باشتر لە ساڵانی ڕابردوو یادەکە بکرێتەوە.
پیلانەکەی ڕژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو بە وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کۆمەڵێک کۆمەڵگەی زۆرەملێ دەستی پێکرد کە دواتر زۆر دڕندانە خەڵکی هەرێمی کوردستانی بۆ بیابانەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق ڕاگواست و زیندەبەگۆڕی کردن. دەگوترێ بەهۆی ئەو سیاسەتەوە نزیکەی دووسەد هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ئەنفال کراون جگە لە وێرانکردنی هەزاران گوند.
یەکێک لەو کەسانەی کە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی و سەرکردایەتی پرۆسەی ئەنفالی کرد عەلی حەسەن مەجید بوو کە دوای هێرشی کیمیایی بۆسەر هەڵەبجە کە بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس شەهید بوون، بە عەلی کیمیایی ناسرا.
لە کوردستان کەم ناوچە هەیە بەر شاڵاوی ئەنفال نەکەوتبێت. شاڵاوی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی لە 23ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و تاکوو 19ی ئاداری هەمان ساڵی خایاند. ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵوو و بەرگەڵووی دۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی هەشتا کیلۆمەتر لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دووکان و شارۆچکەی دووکان، لەوێشەوە بۆ شاری سلێمانی و پاشان شارۆچکەکانی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی سی گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتیی هێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە .ئەم هێرشە بەربڵاوە سنووری شارۆچکەکانی سوورداش، دووکان، سەرچنار، قەڵاچۆلان و چوارتای گرتەوە کە بە سەرپەرشتی سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری ئەو کاتی عێراق جێبەجێ کرا.
لە 22ی ئادار تاکوو یەکی نیسانی 1988 قۆناغێکی تری ئەنفال ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە دەربندی باسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تر.
سەرەتای هێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی لە ناوچەکە بوو کە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوو و ژمارەیەکی زۆر گیران کە دواتر شوێنبزر کران و ژمارەیەکی زۆریش بوونە قوربانی.
لە ئەنفالی قەرەداغ ئەو هاوڵاتییە کوردانەی گیران یان خۆیان دا بەدەستەوە، بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو گواسترانەوە، کە نزیکەی هەشت هەزار کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج، پاشان گواسترانەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە لە نزیک کەرکووک. ئینجا لەوێ گەنجەکان لە ئەوانی دیکە جیا کرانەوە بەرەو شوێنی نادیار ڕەوانە کران، خەڵکەکەی تر لە ژن و منداڵ و کچی گەنج خرانە زیندانەوە بەڵام پیرەژن و پیرەمێردەکان بۆ نوگرەسەلمان لە بیابانی سەماوە گواسترانەوە، لەوێ ژمارەیەکی زۆریان لە برسان و تێنوویەتی و نەخۆشی، مردن و تەرمەکانیان فڕێ درانە دەرەوی زیندانەکە .
لە 7 تا 20ی نیسانی 1988 گەورەترین شاڵاوی ئەنفال جێبەجێ کرا کە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە. لەو هێرشەدا زیاتر لە پێنج هەزار گوند وێران کران.
لە ١٤ی نیسانی 1988، چوار شارۆچکە لە یەک کاتدا خاپوور کران، نزیکەی بیست هەزار ژن ومنداڵ و پیاو بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو ڕەوانە کران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە هەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان.
لە هەشتی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ هێڵی سنووری هەر دوو پارێزگای کەرکووک و هەولێر ڕووبەڕووی شاڵاوێکی تری ئەنفال بوونەوە. شارۆچکەکانی ڕێدار، ئاغجەلەر، تەقتەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە ئەنفال کران.
سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی سێی ئایاری 1988 دەستی پێکرد بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکەکەیدا باراند، قوربانییانی ئەم گوندە بە نزیکەی سێسەد کەس دەخەمڵێنرێن، هاوکات گوندی عەسکەری کیمیاباران کرد . بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتووانی گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر و حەیدەر بەگ، ڕژێم ئاوی بەنداوی دووکانی بەردایەوە تاوەکو خەڵکی نەتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوە و ڕزگار ببن.
دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕواندز لە ١٥ی ئایار تا 2٦ی ئابی 1988 ئەنفال کرا. گوندەکانی وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقووڵی کیمیاباران کران . توندترین هێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی دۆڵی بالیسان بوو، گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی بلەی خواروو کەوت، خەڵکەکەی شوێنبزر کران.
لە ٢٦ی تەمووزی هەمان ساڵ ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵێ مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران و سماقووڵی بە چەکی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر. پەنجا و دوو گوند لە ناوچەکانی خەلیفان و ڕواندز و خۆشناوەتی وێران کران.
لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ ئەنفالی بادینان کرا. ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ بەردەوام بوو، ناوچەکانی بە بۆمبی هێشوویی و کیمیایی هێرشیان کرایە سەر.
ڕاستە زۆربەی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ بوون بەڵام ئەوە نیشانەی ئەوە نییە پێشتر کورد جینۆساید نەکرابێت، جینۆسایدی بارزانییەکان زۆر زووتر و هەر لەسەرەتای دەیەی هەشتاوە دەستی پێ کردبوو کە یەکێکی دیکەیە لەو تاوانە گەورانەی کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەرهەق بە پیاوانی بارزانی کرا و بەهۆیەوە هەشت هەزار بارزانی کۆمەڵکوژ کران و زۆرترین تاوانیش لە ساڵی ١٩٨٣ ئەنجام درا و چل و دوو ساڵ بەسەر ئەو کاتەدا تێدەپەڕێت.
دەوڵەتی فیدراڵی و دام و دەزگاکانی لە ڕابردوودا بە پێویستیان زانیوە قەرەبووی ئەو تاوانە گەورەیە بکرێتەوە بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی قسە و دروشمدا هاوسۆزییان بۆ کورد دەربڕیوە و هەنگاوی پراکتیکییان نەبووە. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کەسوکاری ئەنفال ئەوە بووە ئەو کەسانە سزا بدرێن دەستیان لە ئەنفالدا هەبووە و بە ئەرکی حکوومەتی عێراقی دەزانن قەرەبووی ئەو تاوانە گەورەیە بکاتەوە و دۆسیەکەش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بجووڵێنێت.
حکوومەتی عێراق کە میراتگری ڕژێمەکەی پێشووە دەبێت بەرپرسیارێتی قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال بگرێتە ئەستۆ و پەرە بە دۆسیەی ئەنفالیش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بدات بەڵام خەمی لێ نەخواردووە و تەنانەت کارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئەنفال نەکردووە کە لە بیابانەکانی باشوور ژێر خاک نراون.