پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سوپای عێراق لە شنگال گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە پەکەکە چەک دەکات

لە کاتێکدا شەپۆلی سەرما و بەفر دۆخی دەیان هەزار کەسی لە ئاوارەکانی کوردی ئێزدی خراپ کردووە، سوپای عێراق هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵی شنگال بکات و ئەو دەستدرێژی و هەوڵانەی گرووپە چەکدارەکان هەیانە لە شنگال کورتی بکاتەوە.

دوای زیاتر لە ساڵێک لە رێککەوتنی شنگال بۆ کشانەوە و چوونە دەرەوەی گرووپە چەکدارەکان لە شنگال، رۆژی ١٨ـی ئەو مانگە سوپای عێراق ژمارەیەک چەکداری گرووپێکی نزیکی پەکەکەی دەستگیرکرد و چەکی کردن ، ئەو چەکدارانە کە لەریزی یەبەشەدان چەک و راهێنان و رێنمایی لە پەکەکە وەردەگرن .

21ـی ئەو مانگە گەنجانی ئێزدی کە هەر سەر بە یەبەشەن رازی بوون بە فەرمان و داواکانی سوپای عێراق، بەڵام هێشتا دۆخی شنگال ئاڵۆزە و ئەو ئاڵۆزییانە لە چەند مانگی رابردوودا بە زەقی دەرکەوتوون، ناکۆکی ئەمجارەش لەسەر ناڕەزایەتی بوو لە لابردنی پەیکەری بەرپرسێکی یەبەشە کە لە بۆردوومانێکدا کوژرابوو، یەبەشە دوای لابردنی پەیکەرەکە دەستی بە یاخیبوون کرد و لە هەندێك خاڵی پشکنینی سوپای عێراق هەڵگەڕایەوە، بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند:” شنگال ناوچەیەکی مێژووییە و رێگە بە دەستدرێژی بۆ سەر خەلكەکەی نادەین .
رێککەوتنی شنگال لە ئۆکتۆبەری 2020 لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق واژۆ کرا، رێککەوتنەکە بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و ئاسایش و خزمەتگوزاری بوو لە ناوچەکەدا ، بۆ ئەوەی کارگێڕییەکی یەکگرتووی دانپێدانراو هەبێت و رێگە نەدات گرووپەکان دۆخی شنگال ئاڵۆز بکەن، دوای رێککەوتنەکە شاندێکی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و رێککەوتنەکەیان رەتکردەوە، حەشدی شەعبیش دەستی هەبوو لەوەی گرووپە چەکدارەکانی شنگال رۆڵیان بمێنێت، بەشێکی ئەو گرووپانەشی سەر بە پەکەکەن چەک و مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرن .
لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ سوپای عێراق هیزی زیاتری رەوانەی شنگال کرد، بە ئامانجی داخستنی بارەگای گرووپە چەکدارەکان، بەڵام لەوێ شەڕ و ئاڵۆزی روویدا، لیوا نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند:”هەموو دام و دەزگاکان دەکەینەوە و دەسەڵاتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا بەشێکی ئەو گروپە چەکدارانەی لە شنگالن سەر بە حەشدی شەعبین و رێنماییش لە پەکەکە وەردەگرن، ئەو گرووپانە سەرچاوەی نائارامین بۆ ناوچەکە، پشتیوانی داراییان لە حەشدی شەعبی بۆ دێت، رێنمایش لە پەکەکە ، هەر بەهۆی ئەو گرووپانەشەوە تورکیا ناوە ناوە شنگال و دەوروبەری بۆردوومان دەکات، پەکەکە تەنانەت زیان بە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستانیش دەگەیەنێت و گرووپێکی سەر بەو رێکخراوە بەرپرسیارێتی هێرشی سەر بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆگرت، ئەو هێرشانەش لەو چەند ساڵەی رابردوو بەردەوام کراونەتە سەر بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان ، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هەنگاوێکی گرنگی ئاسایی کردنەوە و ئارامی شنگالە ،وا دەکات ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، بەڵام هەندێک گرووپی چەکدار رێگرن لە جێبەجێکردنی ،ئەو گرووپانەی سەر بەپەکەکە و حەشدی شەعبی رێ نادەن دەستی ئارامی و ئاوەدانی و نۆژەنکردنەوەی شنگال بگاتە ئەو ناوچەیە .