ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەموو کۆمەڵگەیەک ئەگەر خولیای پێشکەوتن و بەرەو شارستانیبوونی هەبێت، پێویستە دۆستی کتێب بێت. ئەو کۆمەڵگەیەی لە کتێب دوورە، واتە لە شارستانییەت دوورە. دەشێ هەموو بەرهەمە تەکنەلۆژییەکان کۆمەڵگە لە قۆناغێکەوە ببنە قۆناغێکی دیکە و ڕووکەشێکی شارستانی بە کۆمەڵگە ببەخشن، بەڵام مەحاڵە بەبێ کتێب بونیادی ئەو شارستانیەتییە پتەوبێت و پایەکانی لەبەردەم زریانەکاندا خۆڕاگر بن. کتێب ڕەگێکی پتەو بە شارستانییەتەکان دەبەخشێت. ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین تا هەنووکەش چەندین خێڵ و کۆمەڵگە هەن، کە دوورن لە کتێب، بەڵام ئەمانە ئەو کەسانەیان تێدا دەژی، کە لە ژیانێکی سەرەتایی و دوور لە شارستانییەت دەژین و بە بەرگی سادە و کەرەستەی سەرەتاییەوە دوور لە هەر داهێنان و مەعریفەیەک درێژە بە ژیان دەدەن، بەڵام ئایا ژیانێک دووربێت لە کتێب چ مانایەکی هەیە؟
ئەوەی زۆرجار بۆ من پرسێکی گرنگە ئەوەیە، کە کتێب و هەموو داهێنراوە هونەرییەکان، هەتا داهێنراوە زانستی و پزیشکییەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵێکن بۆ مانا بەخشینی مرۆڤ بە ژیان. مرۆڤ بۆیە دەنووسێت، تا مانایەک بە ژیانی بدات، بۆیە تابلۆیەک دەکێشێت، شانۆیەک چێ دەکات، پارچەیەک موزیک دەژەنێت، گۆرانییەک دەچڕێت، یان لە تەنێک ورد دەبێتەوە و دەرمانێک دروست دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشێک، کۆی ئەمانە دەچنە خانەی بەخشینی مانا بە ژیان. ئەوەی کتێب لەوانی تر جیا دەکاتەوە نووسینەوەی مانایە، یان دروستکردنی جیهانی مانای جۆراوجۆرە، چونکە هەر کتێبێک جۆرێک لە بیرکردنەوە و بۆچوونە، کە نزیکبوونەوەیە لەوەی مانایەک بۆ ژیان بخاتەڕوو، لێرەدا کە دەڵێم کتێب مەبەستم لەو شتەیە، کە کۆکراوەیەکی ژیارییە لە هەموو ئەدەب و زانست و سەرچاوە مرۆییەکانی دیکە.
لێرەوەیە دەتوانین بڵێین یەکێک لە شارستانیترین دیاردەکانی نێو هەر گەل و نەتەوەیەک نزیکبوون لە کتێب و کردنەوەی پێشانگەی کتێبە. کتێب ئەو هێزەی هەیە، کە هیچ جێگرەوەیەکی نییە و سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفەیە. ئەگەر بەشێک لە شەیدایانی تەکنەلۆژیا لایانوابێت تۆڕەکانی نێت جێگرەوەی کتێبن، بەهەڵەدا چوون، بەو پێیەی ئەوانیش بەبێ کتێب جگە لە هەواڵ و زانیاریی ڕۆژانە هیچی دیکە نین. بۆیە ئەوانیش شکۆ و نەمریی لە کتێبەوە وەر دەگرن.
ساڵی ڕابردوو دروشمی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر بۆمن گەلێک جێگەی سەرنج بوو، لە دروشمی پاردا نووسرا بوو” بخوێنەوە؛ زیرەکیت دەستکرد نییە.” ئەم دروشمە پێماندەڵێت کتێب جێگەرەوەی هیچ شتێک نییە و کتێب بێ جێگرەوەیە. ئەوەی جێگرەوەی کتێبە تەنها خودی کتێب خۆیەتی، نەک شتێکی دیکە. دروشمی خولی حەڤدەیەمی ئەمساڵی پێشانگەش، ڕستەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێشترە “جیهان بە کوردی دەدوێت.” بەڵام گرنگە ئەمە تەنها لە دروشمدا نەمێنێتەوە و دەشێ دەزگای “مەدا” وەک ڕێکخەری پێشانگەکە، سەرەتایەک بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان کولتووری کوردی و عەرەبی دروست بکات بەو پێیەی یەکێکە لە خانە بەناوبانگەکانی بڵاوکردنەوەی کتێب لە جیهانی عەرەبیدا. واتە مەبەستم ئەوەیە بۆ ئەوەی جیهان بە کوردی بدوێت تەنها دروشم بەس نییە، بەڵکو دەشێ دەزگای ناوبراو لەم پێشانگەیەوە پرۆژەی وەرگێڕانی سەد کتێبی نووسەرانی کورد ڕابگەیەنێت بۆ زمانی عەرەبی وەکو یەکەم زمان و نزیکترین زمان لە ئێمەی کوردەوە تا لەوێوە دەروازەیەکمان بەرەو زمانەکانی دیکەش بەڕوودا بکرێتەوە.
خاڵێکی گرنگ و دیاری پێشانگەی ئەمساڵ ڕەخساندنی هەلی زیاترە بۆ دەزگا کوردییەکان، کە لە هەر شازدە خولەکەی پێشوودا هیچ کاتێک هێندەی ئەم خولە دەزگای کوردی بەشداری نەکردووە، ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ خزمەتی کتێبی کوردی و ئەو جیهانەی دەمانەوێت بە کوردی بدوێت پێویستە لێرەوە بونیادی بنێین. هەر لێرەوەیە کە گرنگی پێشانگەی کتێب تەنها لە نمایشکردنی کتێب و فرۆشتنی کتێبدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو پێشانگەی کتێب چالاکییەکە زیاتر لەوەی بازرگانی بێت چالاکییەکی شارستانییە و نیشانەی زیندووێتی کۆمەڵگە دەردەخات.