راگەیێندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشــتی ئاسایش / هەولێرەوە

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشــتی ئاسایش ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە مامەڵەکردن بە هەموو جۆرەکانی دراوی ئەلیکترۆنی و کانزایی (فۆرێکس) و (USDT) قەدەغەیە، کۆمپانیاکانی فۆرێکس و دراوی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین و مۆڵەتی فەرمییان نیە، بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین و هیچ یاسا و ڕێنماییەک نیە بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکیانە.
سەبارەت بەو کۆمپانیانەی لە ژێر ناوی جیا جیا کاری فۆڕێکس و کردنەوەی خولی فێربوونی چۆنیەتی مامەڵە کردن و کڕینی دراوی ئەلیکترۆنی و کانزایی ئەنجام دەدەن نایاسایین و ڕێگەپێدراو نین.
دوای چەندین سکاڵای هاوڵاتیان و زەرەرمەندبوونیان لەڕێگای ئەم کۆمپانیا و بڕۆکەرانە ئەم بەیاننامە بڵاو دەکەینەوە و داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی توشی زیانی ماددی نەبن دووربکەونەوە لەم جۆرە مامەڵانە و پارەکانیان بە فیڕۆ نەدەن بە پڕوپاگەندە و ڕیکلامی کۆمپانیا و بڕۆکەرەکان هەڵنەخەڵەتێن و خۆیان لێ بەدوور بگرن.
ئاگاداری گشت کۆمپانیا و بڕۆکەرەکان دەکەینەوە لەڕێگەی سۆشیال میدیا ڕیکلام بۆ کاری فۆڕێکس و دراوە کانزاییەکان نەکەن بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش / هەولێر
٨ی٤ی٢٠٢٥