لە هەولێر … بۆ یەکەمجارە لە مێژووی وەرزشیی عێراق، پاڵەوانێتیی شەترەنجی رۆژئاوای ئاسیا بەڕێوەچوو

 

ٔئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2025.4.8، بە ئامادەبوونى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئاریان صلاح الدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەختیار فەرهاد، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ وەرزش و سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی هەولێر و سەرۆکانی یەکێتیی شەترەنجی ( عێراق، ئیمارات، عومان، قەتەر ) و ژمارەیەکی تر لە وەرزشوان و وەرزش دۆستان، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی وەرزشیی عێراق، پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتى شەترەنجی رۆژئاوای ئاسیا لە هەولێرى پایتەخت بەڕێوەچوو.

کە تێیدا، 11 وڵات لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان بەشداریی کێبرکێکانی پاڵەوانیەتییەکە دەکەن، ئەوانیش بریتیین لە ( عێراق، ئێران، ئوردن، کوێت، لوبنان، فەڵەستین، قەتەر، عومان، ئیمارات، بەحرەین، یەمەن )، ئەمڕۆش بە شێوەیەکی فەرمی یارییەکان دەستیان پێکرد و رکابەرییەکان بە شێوازی 9 گەڕی سویسری بۆ ماوەى هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و براوەکانی پاڵەوانێتییەکە ڕاستەوخۆ مافی بەشدارییان لە پاڵەوانێتیی جیهان شەترەنج پێدەدرێت.