تاران.. لە ئەنجامی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 20 کەس بوونە قوربانی

بەهۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کلینیکێکی پزیشکی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران، 21 کەس بوونە قوربانی.

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، لە یەکێک لە کلینیکە پزیشکیەکان لە ناوچەی مشیریە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران، ئاگر کەوتەوە، لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان سپارد و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی تاران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد “دوو کەس لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان سپاردووە و منداڵێکی تەمەن 8 ساڵانیش لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی سپارد، هاوکات زیاتر لە 20 ئەمبولانس ڕەوانەی شوێنەکە کران بۆ هاوکاری و گواستنەوەی بریندارەکان.”

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی تاران ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا هۆی ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە، بۆیە بەرپرسان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و دواتر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.