نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: پارتی و یەکێتی نایانەوێت پێکهێنانی حکوومەت تاوەکوو مانگی حەوت و هەشت درێژە بکێشێت. جەختیش دەکاتەوە، کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت، تەکنیکین.
سێشەممە، 08-04-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندی بەشداربووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی لە ئیمارات، بەسەر کردەوە و دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، پێکهێنانی کابینەی دەیەم، پەیوەندییەکانی هەولێر – بەغدا، بارودۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دایەوە.
ڕۆڵی دەستەی وەبەرهێنان لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی شوێنێکی تایبەت بە ناوی “ڤێزێت کوردستان” لە لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی دەربڕی، تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە، هانی وەبەرهێنەرانی بیانی بدرێت، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی:”من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە دینەمۆی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک، کەرتی تایبەتە. لەو ڕۆژەوەی دەستەی وەبەرهێنانیشمان دامەزراند، من لەو بڕوایەدا بووم، پێویستە ڕێگە بە وەبەرهێانی کەرتی تایبەت بدرێت، ڕۆڵی خۆیان ببین. لە هەر وڵاتێک کەرتی تایبەت توانی ڕۆڵی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەدا ببینێت، ئەو وڵاتە پێش دەکەوێت.”
بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی “ئێمە لە کوردستان، زیاتر لە هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان، پێویستیمان بەوە هەیە، کەرتی تایبەت لەگەڵ حکوومەت، دەست لەناو دەست، زیاتر هەرێمی کوردستان ئاوەدان بکەنەوە. ئەگەر سەیری دۆخی کوردستان بکەین لەو کاتەوەی دەستەی وەبەرهێنان دامەزرێنراوە تاوەکوو ئێستە، دەبینین پێشکەوتنی باش بەدەست هاتوون. نابێت ئەو پێشکەوتنانەی بە دەست هاتوون، بەکەم بزانین. ئەم پێشکەوتنانە، ئەگەر کەرتی تایبەت لەگەڵ حکوومەت نەبووایە، بەدەست نەدەهاتن. دەمەوێت دەستخۆشییەکی گەرمی دەستەی وەبەرهێنان بکەم کە ڕۆڵێکی گەورەیان لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و ئینشائەڵلا تموحمانە، ئەم پێشکەوتنانە زیاتر ببن.”
پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت
نێچیرڤان بارزانی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێكهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند “گفتوگۆیەکی جددی لە نێوان ئێمە و یەکێتیدا هەیە. هەردوو جەژنی نەوروۆز و ڕەمەزان بوونە هۆی ئەوەی (پێکهێنانی حکوومەت) تاوەکوو ئێستە دوا بکەوێت، بەڵام پێموایە ئێمە لەسەر ڕێچکەیەکی دروستین بۆ پێکهێنانی حکوومەت.”
جێگری سەرۆکی پارتی، ئەوەشی خستە ڕوو، هەردوولایەن دەیانەوێت لە ماوەیەکی زوودا کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت و نایانەوێت، بابەتەکە تاوەکوو مانگی حەوت و هەشت درێژە بکێشێت.
هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
لە ئاداری 2023ـەوە، بەهۆی بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە. تاوەکوو ئێستا چەند جارێک کۆبوونەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەبووە، بەڵام کۆبوونەوەکان بێ ئەنجام بوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای وایە “هەندێک کێشەی تەکنینی لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هەن. وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا نەوت، لە ڕێگەی بۆریی (تورکیا – عێراق) هەناردە بکرێتەوە.”
تێوەگلانی عێراق لە شەڕی ناوچەکە
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بارودۆخی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی کارێکی زۆریان کردووە تاوەکوو عێراق نەخزێنرێتەوە نێو شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. بە گوتەی خۆی “عێراق خۆی زۆر کێشەی هەیە و نابێت پەلکێشی هیچ کێشەیەکی ناوچەکە بکرێت. سیاسەتی ئێستەی سەرۆک وەزیران سوودانیش بەو ئاراستەیە کە ئەو ئاگرە نەگاتە عێراق.”
دەستنیشانکردنی نێردەی ئیمارات بۆ هەرێمی کوردستان
ڕۆژی دووشەممە، 07-04-2025، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبی و لەگەڵ محهمهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە، کۆبوونەوەیەکی “زۆر باش و درێژ”ـی لهگهڵ سەرۆكی ئیمارات هەبووە و وەکوو خۆی گوتی “ئیمارات زۆر بە دڵسۆزی و جیددی هەوڵ دەدات ڕێگەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا لەوانەیە بەم نزیکانە کەسێک وەکوو نێردەی تایبەتی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان دەستنیشان بکەن. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گەورەیە و ئێستە وەکوو بیرۆکە ئیشی لەسەر دەکەین و لەوانەیە بەمزووانە بە شێوەیەکی فەرمی ڕابگەیەنرێت.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو هەنگاوەی ئیمارات “نیشانەیەکی گەورەیە کە ئیمارات دەیەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی کوردستانەوە لە هەموو عێراق بکات. ئێستە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئیمارت و عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، نزیکەی 30 ملیار دۆلارە. ئامانجامە ئەم ڕێژەیە زیاتر بکەین.”