لە هەولێر .. یەكەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی كەشوهەوا بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.4.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەشداربوو لە یەکەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی گۆڕانی كەشوهەوا لە ژێرناونیشانى ” کارکردن بۆ ڕووبەروبونەوەی گۆرانی ئاو و هەوا – ئاڵنگاری و چارەسەر ” کە لەلایەن زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێرى پایتەخت ڕێکخرابوو.
لە کۆنفرانسەکەدا کە وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم و ڕاوێژکارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و سەرۆکانى زانکۆكان و نوێنەرانی 15 وڵات و 29 زانكۆی ( كوردستان، عێراق، وڵاتانی عەرەبی، ئەرووپی ) و ژمارەیەکى دیکەى بەرچاوو لە پسپۆران و شارەزایان ئامادەى بوون، 163 توێژەر لە كوردستان و وڵاتانى ( عێراق، تونس، ئوردن، بەریتانیا، ئیماڕات، یۆنان، بەنگلادیش، توركیا، ئیتاڵیا، سعوودییە، میسڕ، هۆڵەندا، ئێران و سووریا ) لە ماوەى دوو ڕۆژدا بە 54 توێژینەوە بەشدارن لەو كۆنفڕانسە و تێیدا تاوتوێی چەندین بابەتی گرینگی تایبەت بە كەشوهەوا، لەوانە پیسبوونی ئاو و هەوا، وشكەساڵی، گەرمبوونی گۆی زەوی، دەردانی گازی ژەهراوی، تەندروستی و كشتوكاڵ و كێشەکانى دیکەى گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا دەکرێت.