گیا بەهارییەکان بوونەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی بەشێک لە هاووڵاتییان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھاری ئەمساڵ دەیان بەرھەمی خۆرسکی بەھاری ھێناوەتە بوون، ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بە دەیان گیای بەھاری لێ بەرھەم دێن، ھاووڵاتییان لە شاخ و دۆڵ و چیاکانی کوردستان دەھێنن و دەفرۆشنەوە، ئیدارەی سۆران، یەکێکە لەو ناوچانەی کە لە وەرزی بەھاردا زۆرترین گیای بەھاری لێ بەرھەم دێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانی ژینگە دەڵێن، ھەر کەسێک گژوگیا لە ڕەگەوە دەربھێنێت سزا دەدرێت.

لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھار گژوگیای بەھاری سەر ھەڵ دەدات و خەڵکیش بەشێوەیەکی بەرچاو لەم وەرزەدا گژوگیای بەھاری دەخۆن، بەشێکی زۆری ھاووڵاتییانیش بۆ ھێنانی گیای بەھاری ڕوو لە ناوچە شاخاویەکان دەکەن، دەڤەری باڵەکایەتی و بارزان و سیدەکان و ناوچەی سۆران بە گشتی بۆ گیا بەھاریەکان ناوچەیەکی لەبارە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لەڕووی ماددیشەوە سوودمەند دەبن.
کۆکردنەوە و فرۆشتنی گیا بەھارییەکان دەرفەتی کاری کاتییان بۆ ژمارەیەک لە ھاووڵاتی ڕەخساندووە، وەکو خۆیان دەڵێن، ئەو جۆرە گیا بەھارییانە بوونەتە سەرچاوەی ژیان و داھات، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆمان پێ دابین بکەین.
ئەگەر ڕێت بە شەقامی سەرەکی سۆران بکەوێت، ھەر لە دوورەوە بۆن و بەرامەی گیا و ڕووەکی بەھاری بەرەو فرۆشیاران ڕێنوێنی دەکەن، لەوێ ھەموو جۆرە گیایەکت دەست دەکەوێت.
فرۆشیاران بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان ھاوار دەکەن و کڕیار بۆ خۆی ڕادەکێشێت، یەکێک ھاواری کەنگر و کاردی دەکات، یەکێکی دیکە ھاوار دەکات لێرە کوارک، سترێلک و ھەندرێشە ھەیە، ئەگەر زوو نەگەیێ، نامێنێت. سەدیق کەریم، فرۆشیاری گژوگیا بەھاریەکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئێمە ئێواران گیا بەھاریەکان لێرە دەکڕینەوە ئەوانەی ڕۆژانە دەچنە کەوش کاڵاکانیان لای ئێمەساغ دەکەنەوە، گوتیشی ئەمساڵ یەک کیلۆ کوارگی شاخ گەیشتە ٤٠ ھەزار دینار ئەو فرۆشیارە گوتیشی، یەکەم جار و سەرەتای پەیدا بوونی گیا بەھاریەکان یەک دەسکی ھەندرێشە بە ١٥ ھەزار دینار فرۆشرا، ئاماژەی بەوەشدا لە ئێستادا ھەریەک لە کەنگر و لووشە و گۆرمزە و ڕێواس و کاردی پڕفرۆشترینن.
منیر ساڵح، کە کاری کۆکردنەوە و کڕین و فرۆشتنی گیا بەھارییەکان دەکات، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە مانگی ٣ تا کۆتایی مانگی ٥ ھەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە بە مەبەستی کردنی گیا بەھارییەکان، ڕوو لە چیاو چۆڵەکان دەکەم، ھەر ڕۆژە و بەپێی ھەبوونی گیا بەھارییەکان دەچمە ناوچەیەک و دوای کردنی گیا بەھارییەکان دێنمە بازاڕ و بە نرخێکی گونجاو دەفرۆشمەوە، کە گیا بەھارییەکان لەم وەرزەدا خواستێکی زۆریان لەسەرە و ڕۆژانە کڕیاران چاوەڕێمان دەکەن.
ساڵح، گوتیشی: ئەو گیا بەھارییانەی کە دەکەین بریتین لە ڕێواس، کەنگر، کاردی، لووشە، ھندڕش، سترێلک، قارچک لەگەڵ چەند جۆرە گیایەکی دیکە، نرخی ھەر کیلۆیەک لەم گیا بەھارییانە بەپێی جۆری گیایەکە دەگۆڕێت لە ٧٥٠ دینارەوە دەست پێ دەکات، تا بیست ھەزار دینار، کە بە ماندووبوونێکی زۆرەوە ئەو گیا بەھارییانە کۆ دەکەینەوە و بژێویی ژیانمانی پێ دابین دەکەین.
شاخەوان عەلی، کە لەناو بازاڕی سۆران زۆربەی گیا بەھارییەکان دەفرۆشێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” جەختی لەوەکردەوە: ڕێواس کیلۆی بە ٣٠٠٠ ھەزار دینارە، کەنگر کیلۆی بە ١٠٠٠ تا ٣٠٠٠ ھەزار دینار و کاردی ٢٥٠٠ دینار، کوارک کیلۆی بە ١٥ تا ٢٥ ھەزار دینارە، ئەمساڵ بازاڕی گیا بەھارییەکان گەرمە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ڕۆژانە ئەو جۆرە گیا بەھاریانەی بۆمان دێن بە ھاووڵاتییان دەفرۆشینەوە، کە ھەم بۆ خواردن خۆشە، ھەمیش لەڕووی تەندروستییەوە ئەو جۆرە گیانە سوودێکی زۆریان بۆ مرۆڤ ھەیە.