كارزان گلی – ههولێر
بڕیارە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، كۆنگرەی نائاسایی ببەسێت و لەو كۆنگرەیەدا، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، وەكوو بەربژێری جەهەپە بناسێنێت و هەروەها شەڕیش لەسەر كورسیی سەرۆكی جەهەپە بەردەوامە.
دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ لە ١٩/٣/٢٠٢٥ جەهەپەی تەنگاو كردووە، بەوەی هەموو دەرگاكانیان لەسەر داخستوون تا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی نەتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنن، چونكە ركابەری سەرسەختی رەجەب تەیب ئەردۆغان، تەنیا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بووە، ئێستا ئەو خراوەتە زیندان و تۆمەتی گەندەڵی و كاركردنی لەگەڵ پەكەكەیان داوەتە پاڵ و ئەستەمە بەئاسانی ئازاد بكرێت.
دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، وای لە جەهەپە كرد، بەپەلە بڕیار بدات كۆنگرە ببەستن، وەكوو چۆن كۆنگرەكە نائاساییە، دەبێت بڕیاری ناساییشی لێ بدرێت. بەگوێرەی زانیارییەكان، بەشێكی زۆری جەهەپەییەكان، پێیان باشە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بكەنە سەرۆكی جەهەپە، جیا لەوەش وەكوو بەربژێر بیناسێنن، چونكە لە هەڵبژاردنی ناوەخۆیی جەهەپەدا زیاتر لە ١٤ ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە.
بەربژێربوونی ئیمامئووغڵو بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی یەكلایی بووەتەوە، بەڵام ئەوەی یەكلایی نەبووەتەوە، ئایە ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، رێگە دەدات ئیمامئۆغڵو بكاتە سەرۆكی پارت و دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت؟
جەهەپە دەیەوێت لە كۆنگرەدا بڕیاری جیدی بدات، بەوەی بەردەوام بن لە خۆپیشاندان و هەروەها خۆیان لە كورد نزیك بكەنەوە، چونكە بەبێ كورد، ناتوانن نە فشار بۆ سەر حكوومەت بهێنن، نە خۆپیشاندنەكانیشیان ئەنجامی دەبێت، بۆیە بەشێكی كۆنگرە بۆ ئەوەیە، كورد بهێننە پاڵ خۆیان و بیانكەن بە هاوپەیمان.
ئۆزەل، لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا، رەخنەی لە حكوومەت گرت، بەوەی بەتۆمەتی تیرۆر و پاڵپشتی پەكەكە، ئیمامئۆغڵوی خستووەتە زیندانەوە، لەلایەكی تریش خۆیان پرسی چارەسەریان لەگەڵ پەكەكە دەستپێكردووە.
ئۆزەل گوتی: ”تۆمەتی ئەوە دراوەتە پاڵ ئیمامئۆغڵو، كە لە (رێككەوتنی شارەكان)دا، كورد دەنگی بە بەربژێری جەهەپە داوە و لە شارە رۆژئاواییەكان دەم پارتی بەربژێری نەبووە، واتە دەڵێت ئەو دەنگانەی كورد بە جەهەپەی داوە، رێككەوتن بووە لەگەڵ تیرۆردا، ئایە كورد تیرۆرستە؟ ئەو تۆمەتە رێك ئەوەیە، كە دەنگدەری كورد تیرۆرستە و ئیمامئۆغڵو دەنگی تیرۆرستەكانی بەدەستهێناوە.“
ئۆزەل، دەیەوێت بەو گوتانە، بە كورد بڵێت، پرسی چارەسەری بۆ هەڵخەڵەتاندنی كوردە و ئەوەی بەرنامەی چارەسەری پرسی كوردی هەبێت، تەنیا جەهەپەیە و پرسەكەش تەنیا لەناو پەرلەمانی توركیا چارەسەر دەكرێت. كلیچدارئۆغڵو چاوی لەوەیە بگەڕێتەوە سەر كورسی سەرۆكی جەهەپە
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣، بەرامبەر بە ئەردۆغان دۆڕا، دەنگێكی زۆر لەناو جەهەپە بەرزبوویەوە، كە دەبێت لە پۆستی سەرۆكی جەهەپە لابدرێت، بۆیە بە فشاری ئیمامئۆغڵو، جەهەپە چووە ناو كۆنگرە و لە كۆنگرە كلیچدارئۆغڵو بەرامبەر بە ئۆزگوور ئۆزەل دۆڕا.
كلیچدارئۆغڵو ئەوكات گوتی: ”لە پشتەوە خەنجەریان لێدام، ساختەكاری كراوە و دەستێك هەبووە كە دوورم بخاتەوە.“ چەند سەركردەیەكی نزیك لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، داوای یاساییان تۆمار كرد و گوتیان نابێت ئەنجامی كۆنگرە قبوڵ بكرێت.
ئەگەر دادگا بڕیار بدات كۆنگرەی ٣٨ـەمینی پێشووتری جەهەپە هەڵوەشێتەوە، كلیچدارئۆغڵو دەگەڕێتەوە سەر كورسی سەرۆكی جەهەپە، ئەگەر ئەوەش روو بدات، شتێك نامێنێت بە ناوی جەهەپە، چونكە ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل و دەیان سەركردەی تر، ناچنە ژێر باری بڕیاری دادگا و هەروەها قبوڵیان نییە جارێكی تر كلیچدارئۆغڵو ببێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە، چونكە دوای كلیچدارئۆغڵو، توانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، ببنە پارتی یەكەم و لە كۆی ١٦ گەورە شارەوانی، ١٢ گەورە شارەوانییان بردەوە و خۆیان ئامادە دەكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، كورسی سەرۆكایەتیی كۆمار ببەنەوە. هاتنەوەی كلیچدارئۆغڵو بۆ ناو جەهەپە و وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پارت، جەهەپە دەكاتە دوو لەت و كێشەیەكی گەورەی ناوەخۆییش دروست دەبێت.