پێنجەمین فیستیڤاڵی کەلەپووری سریانی کرایەوە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2025.4.7، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی2 و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی خانمان و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى قەزایی عەنکاوا بەوەکالەت و کلدۆ ڕەمزی، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سریانی و ژمارەیەک لە کونسڵ و نێردەی وڵاتان و پیاوانى ئاینى و بەرپرسانی ئیداری و کارگێڕی سنووری قەزاکە و جەماوەرێکى زۆر، لە سەنتەرى قەزایی عەنکاوا، بەبۆنەى جەژنی ئەکیتۆ، جەژنی سەری ساڵی کلد و ئاشووری، پێنجەمین فیستیڤاڵی کەلەپووری سریانی کرایەوە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى سریانى ڕێکخرابوو.

لە فیستیڤاڵەکەدا کە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین چالاکی جۆراوجۆری لە خۆگرتبوو وەک نمایشکردنی کاری دەستی، دروستکردنی خواردن، جلوبەرگی تایبەت بە پێکھاتەکان و چەندین کارى دیکەى هونەرى بەبەشداری سەرجەم کرستیانەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی سوریا، ڕوسیا و ئەرمینیا.

پارێزگارى هەولێر، دواى کردنەوەی فیستیڤاڵەکە و بەسەرکردنەوەى بەشەکانى، دەست خۆشى لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانى کرد و هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ بەشداربووانى خواست.

جێگەى باسە، جەژنی ئەکیتۆ، یان جەژنی سەری ساڵی کلد و ئاشووری کە دەکەوێتە یەکەمین رۆژی مانگی نیسان و تاوەکو 12ى نیسان بەردەوام دەبێت، به‌ جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ 5 هه‌زار و 500 ساڵ به‌ر له‌ زاین و لەم جەژنەدا وەکو نەریتێک ساڵانە فیستیڤاڵ و چالاکی جۆرا و جۆر بەڕێوەدەچێت.