ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
* ئەمڕۆ دووشەممە لە خولی پلەدووی كوردستان ئەم یارییانە دەكرێن: بەختیاری ـ هەڵەبجەی شەهید 15:00، حاجیاوا ـ خەبات 15:00، خەلیفان ـ باوەنوور 15:00، شێخان ـ بروسك 15:00، پەروەردە ـ باتیفا 15:00.
* بە گوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیل میرەری بەریتانیا، یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت بەرامبەر 100 ملیۆن پاوەند فلۆریان ڤێرتز لە یانەی لیڤەركووزنەوە بۆ شوێنگرتنەوەی كیڤن دی برۆین بگوازێتەوە.
* بە گوێرەی رۆژنامەی ماركای ئیسپانیا، ریال مەدرید بۆ یارییەكەی ئەم هەفتەیەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسێناڵ لە توانایەكانی 5 یاریزانی بێبەش دەبێت، چوامینی، مێندی، میلیتاو، كارڤاخاڵ، گومان لە بەشداریكردنی هەردوو گۆڵپارێزی یانەكە (كۆرتوا و لۆنین) دەكرێت.
* بەپێی راپرسییەكی رۆژنامەی وەرزشی ماركا، ئاندرێس ئینیێستا ناوەراستكاری پێشووی بارسێلۆنا بە باشترین یاریزانی مێژووی ئیسپانیا دەستنیشان دەكرێت، لە پلەكانی دووەم و سێیەم چاڤی هێرناندێز و ئیكەر كاسیاس دێن، پلەكانی چوارەم و پێنجەمیش بۆ رائول گۆنزالێز و خینتۆ) دەبێت.
* رۆژنامەی ماركا: لوكا مۆدریچ گرێبەستێكی خەیاڵی لە یانەیەكی خولی قەتەری پێگەیشتووە، بەڵام ئەو یاریزانە دەیەوێت لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت.
* خاڤێر ماسكیرانۆ راهێنەری یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریكا: ئەمجارەش وەکو جارەکانی رابردوو باس لە بەشداری کردنی مێسی دەکەین، لێتان ناشارمەوە ئێمە چوارشەممەی داهاتوو یارییەکی زۆر گرنگ و چارەنوسازمان هەیە، ئەو یارییە لە یارییەکەی ئەمجارەمان گرنگتر بوو، وەکو هەموو جارێکیش پێش یارییەکان لەگەڵ مێسی و سەرجەم یاریزانەکان قسە دەکەین، بۆ ئەوەی لە بارودۆخیان تێبگەین، من پێشوەختە هیچ بڕیارێک لەسەر بەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردنی لیۆ ناكەم.
* دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەی ئاتڵێتیكۆ مەدرید: لەوەتەی هاتوومەتە ئاتڵێتیكۆ مەدرید هەمیشە چاوم لە پێشکەوتنی تیپەکەم بووە و باوەڕم وایە هێشتا رێگەیەکی باش و بەهێز هەیە بۆ پێشکەوتن. سەردەمانێک هاندەرانی ئاتڵێتیکۆ مەدرید زۆر هیوایان بەوە دەخواست تیپەکەیان بتوانێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان بکات، بەڵام ئێستا بووەتە ئەگەرێکی ڕاستەقینە. بەلای منەوە گرنگترین شت ئەو میراتەیە کە بەجێیدەهێڵین.
* دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەی ئاتڵێتیكۆ مەدرید: راستە بەم دواییە ئەنجامەکانمان وەکو پێویست نەبوون، بەڵام من پێموایە ئێمە هیچ شتێکمان لەدەستنەداوە و تاوەکو ئەم ساتەش، چانسی بردنەوەی ناسناوی خولی ئیسپانیامان هەیە، بۆیە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەسەر ئامانجەکەمان دەجەنگین و کۆل نادەین. بەرامبەر ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا یاریزانەکانم ئاستێکی باشیان پێشکەش کردووە، رەنگە ئەنجامەکان بە دڵمان نەبێت، بەڵام شانازییە کە بەرامبەر رکابەرەکانمان باش بووین.