یانەكانی زاخۆ و پێشمەرگەی هەولێریش لە بردنەوەی نازناوەكە دووركەوتنەوە

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

گەڕی بیست و پێنجەمی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەچوو، شێروانە لەم گەڕەدا بە دووگۆڵ لەگەڵ ئاکرێ بەرانبەر بوو، پارێزگاری لە پێشەنگی یانەکان کرد، یانەی پێشمەرگەی هەولێریش پلەی دووەمی ریزبەندی یانەکانی لەدەستدا دوای دۆڕانی بەرانبەر بە چوارقوڕنە، ڕۆژنامەی هەولێر هەموو وەرزێک هەفتانە ئامار و زانیارییەکانی خولەکە بڵاو دەکاتەوە.

شێروانە لە پلەی یەکەم مایەوە
لەیارییەکانی گەڕی بیست و پێنجەمی خولی نایابی کوردستان شێروانە بە دوو گۆڵ لەگەڵ ئاکرێ بەرانبەر بوو، لە پلەی یەکەمی خولەکە مایەوە، پێشمەرگەی هەولێر لەم گەڕە بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لەبەرانبەر بە یانەی چوارقوڕنە دووچاری شکست بوو پلەی دووەمی لەبەرژەوەندی یانەی زاخۆ لەدەستدا، کە ئەوەی دووەمیان لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی دەربەندیخان یەکسان بوو، دوای ٧٢ ڕۆژ یانەی هەندرێن دووچاری شکست بوو بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر بە شەقڵاوە دۆڕا، سیروانی نوێ و برایەتی بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان یەکسان بوون، ڕانیە و ڕزگاری بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.

گرنگترین ئامارەکانی خولەکە
لە كۆی ٧ یاریی گەڕی بیست و پێنجەمی خولی نایابی كوردستان ١٣ گۆڵ تۆمار كرا، ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یاریەک ١،٨گۆڵ بوو.
مورتەزا كامیل لە یانەی سەیدسادق و ساڵح موتڵەگ لە یانەی چوارقوڕنە لە خولەكی ٤ بوونە خاوەنی خێراترین گۆڵی دەستپێكی ئەم وەرزە، هەریەک لە یاریزانان ئاگرین وسو لە یانەی چوارقوڕنە و ئارێز مستەفا لەیانەی ڕانیە دوو کارتی سووری سەرەتایی خولەکەیان بەڕودا بەرزکرایەوە، فەرحان شکور یەکەم هاتریکی لەم وەرزە بەرانبەر بە یانەی سەیدسادق تۆمارکرد و فرانسیس دادزی یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر دووەم هاتریکی تۆمار کرد.
دوای تێپەڕبوونی ٢٥ گەڕ شێروانە زۆرترین یاری بردۆتەوە کە ١٥ یاریە، چوارقوڕنە و ڕزگاری لە کۆی ٢٣ یاری کە ئەنجامیان داوە ١٢ یاری یەکسان بووە کە زۆرترینە، شێروانە زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە کە ٥١ گۆڵە، سەیدسادق زۆرترین گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە کە ٥١ گۆڵە، سەیدسادق تاکە یانەیە کە هیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەهێناو لە خولەکە کشایەوە.
رکەبەری گۆڵکاری خولەکە بەهێزە، تا ئێستا فەرحان شکور بە تۆمارکردنی پازدە گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە، فرانسیس دادزی لە پێشمەرگەی هەولێر بە ١٣ گۆڵ لە پلەی دووەم دێت و بەڵێن فایەق یاریزانی چوارقوڕنە و محەمەد والح لە شەقڵاوە بە ١٢ گۆڵ لە پلەی سێیەم دێن، عومەر بیبۆ لە زاخۆ ١١ گۆڵی هەیە و لە پلەی چوارەم دێت، بیلال ساڵح لە شێروانە ١٠ گۆڵی هەیە و لە پلەی پێنجەم دێت، محمەد خەلیل لە برایەتی و جۆرجی لویس لە یانەی زاخۆ ٩ گۆڵیان هەیەو لە پلەی شەشەم دێن، گێلێرمی سانتۆس لە زاخۆ ٨ گۆڵی هەیە و لە پلەی حەوتەم دێت، نیعمەت عارف لە یانەی پیشەسازی و گەیلان بورهان لە چوارقوڕنە و فەرزندە محەمەد لە دەربەندیخان و سلێمان دەروێش لە هەندرێن بە ٧ گۆڵ پلەی هەشتەمی ڕیزبەندی گۆڵکارانیان گرتووە.

ڕیزبەندی یانەکانی خولەکە:
١- شێروانە ٥٠ خاڵ
٢- زاخۆ ٤٣ خاڵ
٣- پێشمەرگەی هەولێر ٤٣ خاڵ
٤- هەندرێن ٣٥ خاڵ
٥- دەربەندیخان ٣٤ خاڵ
٦- سیروانی نوێ ٣٤ خاڵ
٧- ئاکرێ ٣٢ خاڵ
٨- چوارقوڕنە ٣٠ خاڵ
٩- رزگاری ٣٠ خاڵ
١٠- پیشەسازی ٢٨ خاڵ
١١- برایەتی ٢٧ خاڵ
١٢- رانیە ٢٧ خاڵ
١٣- هەولێر ٢٥ خاڵ
١٤- شەقڵاوە ٢٢ خاڵ
١٥- سەیدسادق ٥ خاڵ

خشتەی یارییەکانی گەڕی بیست و شەشەم
چوارشەممە ٩/٤/٢٠٢٥
رزگاری – شەقڵاوە – یاریگەی رزگاری
پیشەسازی – هەولێر – یاریگەی پیشەسازی
شێروانە – دەربەندیخان – یاریگەی شێروانە
پێنچشەممە ١٠/٤/٢٠٢٥
برایەتی – چوارقوڕنە – یاریگەی برایەتی
زاخۆ – سیروانی نوێ – یاریگەی زاخۆ
رانیە – ئاکرێ – یاریگەی رانیە
پێشمەرگەی هەولێر چاوەڕوانە
هەندرێن ٣- سفر بەهۆی کشانەوەی یانەی سەیدسادق بەبراوە دادەندرێت و لەم گەڕە یاری ناکات.