ڕائیب جادر – هەولێر
ئەندازیار فەرھاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: حکوومەتی ھەرێم مامەڵەیەکی زۆر باشی لەگەڵ دۆسیەی ئاو کردووە، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت زۆر بە جیددی لەسەر ئەو بابەتە ڕاوەستاوە، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا ٦ بەنداو دروست کراون، بڕیاردراوە ٤ بەنداوی دیکەی گەورە لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، ھەروەھا کۆمەڵێک بەنداوی دیکەش کارکردن تێدا بەردەوامە، لە ھەمان کاتدا سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داوە ھەموو بەنداوە تەواونەکراوەکان تەواو بکرێن. دەشڵێ: بەراورد بە ھەمان ڕێکەوتی پار ساڵ، ئەم ساڵ ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوەکانی سنووری دھۆک زۆر زیادی کردووە.
بەنداوە بچووکەکان بڕێکی باش ئاویان تێدایە، ئەو بەنداوانەی بارانێکی زۆر لە ناوچەکانیان باریوە، سەرڕێژ بوون، وەکو بەنداوەکانی سماقووڵی و ئاوەسپی، بەنداوی ئاوەسپی دەکەوێتە سنووری کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی و توانای گلدانەوەی ١٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە، بەرزییەکەی ٢٨ مەتر و درێژییەکەی ٢٢٠ مەترە، بەنداوی سماقووڵی دەکەوێتە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای ھەولێر، ٢٢ مەتر بەرزە و ١١٠ مەتریش درێژە، ٨ ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرێت، سەرڕێژی بەنداوەکان پەیوەندی بەو ئاوەوە ھەیە کە دەڕژێتە نێویانەوە، لەگەڵ بڕی بەکارھێنانی ئاو لە بەنداوەکە و بڕی بارانبارین لە ناوچەکە.
لە ھەرێمی کوردستان ٢٣ بەنداو ھەن بە مەبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا، ئاودێری، گەشتیاری و چەندین بواری دیکە سوودیان لێ وەردەگیرێت، ئێستا ئاوی کۆگاکراو لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن مەتر سێجایە، بەشی زۆری ئاوی کۆگاکراوی ھەرێمی کوردستان لە بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دھۆکدایە، کە تەنیا ئەو سێ بەنداوە توانای گلدانەوەی ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە، بەگوتەی شارەزایانی بواری کەشناسی و بەنداوەکان لە ھەرێمی کوردستان وەرزی بارانبارین تاوەکو مانگی ئایار بەردەوام دەبێت و کۆگاکردنی ئاویش تاوەکو کۆتایی ئەو مانگە بەردەوام دەبێت.
مەترسیی وشکەساڵی لەسەر زەوییە بە گەنم چێندراوەکانی پارێزگای دھۆک نەماوە، بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک دەست ڕۆژنامەی “ھەولێر” کەوتووە بەگوێرەی پێویست و لەکاتی پێویستدا باران باریوە، بۆیە دۆخی گەنم زۆر باشە، لە سنووری پارێزگای دھۆک نزیکەی ٩٠٠ ھەزار دۆنم زەوی بۆ چاندنی گەنم ھەیە. ساڵی ڕابردوو بڕی پێویست بۆ بەرھەمی دانەوێڵە باران باری و بەرھەمی گەنم لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک تۆنی تێپەڕاند و لەو بڕە حکوومەتی عێراق بڕیاریدا ٧٠٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگرێت.
ئەندازیار فەرھاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، ئاشکرای کرد: ھەر گۆڕانکاریەک لە کەشوھەوادا دروست بێت دەبێت ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان خۆمان لەگەڵ بگونجێنین، حکوومەتی ھەرێم پلانی زۆر باشی دانابوو، بۆ ئەو مەبەستە چەند پۆند و بەنداوێک دروست کراون، بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی باشتری سەرچاوەکانی ئاو بکەین، لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا ٦ بەنداو لەگەڵ ١٠ پۆند دروست کراون، ئەو ھەماھەنگییەی کە لە نێوان سەرۆکی حکوومەت و بەغدا ھەیە بڕیاری دروستکردنی ٤ بەنداوی دیکەی گەورە لە ھەرێمی کوردستان دراوە، ھەر بۆ ئەو مەبەستە ئێستا دوو لیژنەی فەنی لەسەر ئەو بەنداوانە کار دەکەن یەکێک لەو بەنداوانە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دھۆک کە دەبێتە گەورەترین بەنداو لەو سنوورە ئەویش بەنداوی باکرمانە، کە یەکێکە لەو بەنداوانەی کە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگای دھۆک ھەوڵ ھەیە کە پێداچوونەوە بە دیزاینەکەی بکرێت، چونکە ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان.
بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەو بەنداوانەی کە ئێستا ئاویان تێدا کۆ دەکرێتەوە سێ بەنداون، بەنداوی خنزە، بەنداوی دھۆک لەگەڵ بەنداوی کەشکان کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
ئەندازیار فەرھاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، گوتیشی: لە کابینەی نۆیەم لە سنووری پارێزگای دھۆک سێ پڕۆژە ھەبوون یەکێک لەو پڕۆژانە کە بە گوژمەی ١٨ ملیار دینار بوو تەواو بووە و دوو ساڵە ئاو تێدا خەزن دەکرێت، لە دوو پڕۆژەکەی دیکەشدا کار بە نیوەرۆ ماوەتەوە لەبەر ئەوەی کۆمپانیا ئامادە نەبوو کارەکانی خۆی بە تەواوەتی جێبەجێ بکات، بۆیە ئێمەش وەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئیجرائاتی یاسایمان لەگەڵ کرد. بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، زیاتر دەڵێ: بابەتی ئاو بابەتێکی گرنگە و ئێستا ھەموو جیھان پێوە سەرقاڵە، چونکە گۆڕانی کەشوھەوا مەترسی گەورەی بەدوایدا دێت، حکوومەتی ھەرێم مامەڵەیەکی باشی لەگەڵ دۆسیەی ئاوی کردووە، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت زۆر بە جیددی لەسەر ئەو بابەتە ڕاوەستاوە، بەخۆی سەرۆکایەتی ئەو سێکتەرەی کردووە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا ٦ بەنداو لە ھەرێمی کوردستان دروست کراون، ھەروەھا کۆمەڵێک بەنداوی دیکەش کار تێدا دەکرێت، ھەر بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری دا ھەموو بەنداوە تەواونەکراوەکان تەواو بکرێن، لەگەڵ ئەوەی بڕیار دراوە لەسەر ھەموو سەرچاوەکانی ئاو یان ئەو شوێنانەی کە ئاوی بارانی تێدا زۆرە بەنداو دروست بکرێت، ئەو بەنداوانە سوودی زۆریان بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بۆ زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و ھەمیش بۆ سامانی ماسی و کەرتی گەشتوگوزار دەبێت، گەشبینین لە کابینەی دەیەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی بەردەوامی دەدەینە کاروانی ئەو مەترسییەی کە ھەموو جیھانی گرتووتەوە، بۆ ئەوەی کوردستان دووربێت لە قەیرانی کەم ئاوی.
لە کۆتاییدا ئەندازیار فەرھاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، گوتی: بڕیاردان لەسەر وشکەساڵی ئەوە کاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە، ڕاستە ڕێژەی باران بارین ئەمساڵ کەمترە لە چاو ساڵی ڕابردوو، بەڵام کۆگاکانی ئاو لەناو بەنداوەکان ڕێژەی کۆکردنەوەی ئاویان لە پار ساڵ زیاترە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە پار ساڵ نەمان ھێشت یەک قەترە ئاو بەفیڕۆ بچێت، بۆ نموونە ئەگەر باسی بەنداوی دھۆک بکەین پار ساڵ تا ئەمڕۆ ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا بوو، بەڵام ئەمساڵ ٤٠ ملیۆن مەتر سێجایە ئاوی تێدایە کەواتە دووجار زیاتر لە ساڵی ڕابردوو ئاوی کۆکراوەمان ھەیە.