چوار یانە گەیشتنە قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

ئەم وەرزە بە بەشداریی ٣٠ یانەی پلە نایابەکان و پلە یەکەکان قۆناغی یەکەمی جامی هەڕێمی کوردستان بەڕێوە چوو، لە قۆناغی هەشتەمی جامەکە هەریەک لە یانەکانی برایەتی و چەمچەماڵ پاشەکشەیان کرد و ئاکرێ و زاخۆ بە براوە داندران، هەریەک لە یانەکانی کفری و هەندرێنیش سەرکەوتن بەسەر پێشمەرگەی هەولێر و زانکۆی جیهان.

لە سەرەتای مانگی ئایار یارییەکان بەڕێوە دەچن
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا ئەم وەرزە بەشداریکردن لە جامی کوردستان بۆ یانەکانی پلە نایاب و یەکەکان ئیجباری بێت و هەموو یانەکان بەشداری بکەن، ئەم وەرزە جامەکە جیاواز دەبێت، ٣٠ یانە بەشدار دەبن، لە قۆناغی یەکەم یانەکان بەشێوازی ناوچەی جوگرافی دابەش بوون و بە شێوازی دەرچوون بە یەک دۆڕان یاریان کرد، ١٥ یانە گەیشتنە قۆناغی دووەم و جارێکی تر تیروپشکیان بۆ ئەنجامدرا.
لە یارییەکانی قۆناغی هەشتەمدا، یانەی کفری لەیەکەم یاریدا بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە یانەی پێشمەرگەی هەولێری بردەوە، چەمچەماڵ بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لەبەرانبەر یانەی ئاکرێ بە دۆڕاو هەژمار کرا، دوای ئەوەی چەمچەماڵ ئامادەی یاریەکە نەبوو، کێشەکانی یانەی برایەتی تا ئێستایش چارەسەر نەبوون و دەرگای یانەکە داخراوە، هەر بەم هۆیەوە برایەتی لەبەرانبەر بە یانەی زاخۆ بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر بە دۆڕاوە هەژمارکراو زاخۆ گەیشتە قۆناغی داهاتوو، لە دواین یاریشدا یانەی هەندرێن بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە زانکۆی جیهانی بردەوە و گەیشتە هەمان قۆناغ.
خشتەی سەرجەم یارییەکانی قۆناغی ٤ بەمشێوەیە دەبێت:
هەینی ١/٥/٢٠٢٥
زاخۆ – کفری – یاریگەی زاخۆ
ئاکرێ – هەندرێن – یاریگە تیروپشکی بۆ دەکرێ

مێژووی جامی کوردستان
ئەگەرچی خولی نایابی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەڵام هەموو وەرزەکان جامی هەرێمی کوردستان و جامی سوپەری کوردستان بەڕێوەنەچووە، تا ئێستا تەنیا شەش جار جامی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و چوار جاریش جامی سوپەر ئەنجامدراوە، پاڵەوانەکانی جامی کوردستان بەمشێوەیە بوون، وەرزی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ یانەی ئارارات بووە پاڵەوان، دواتر جارێکی تر لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ جامەکە بەڕێوەچوو یانەی زاخۆ لەسەر دەستی سلێمان ڕەمەزان بووە پاڵەوان، وەرزی ٢٠١٢-٢٠١٣ سێیەم وەشانی جامەکە ئەنجامدرا و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بووە پاڵەوان، دوای ئەو وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤ بۆ چوارەم جار جامەکە بەڕێوەچوو تیایدا یانەی زێرەڤانی توانی ببێتە پاڵەوان، دواتر تا وەرزی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ جامەکە بەڕێوەنەچوو تیایدا یانەی برایەتی توانی ببێتە پاڵەوان، وەرزی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە شەشەمین وەشانی جامەکە قەڵغانی جامەکەی بەرزکردەوە، وەرزی ڕابردوویش یانەی هەندرێن دوای بردنەوەی لە یانەی ئاکرێ بووە پاڵەوانی جامەکە، پاڵەوانانی جامی سوپەریش تا ئێستا هەریەک لە یانەکانی، ساڵی ٢٠٢١ یانەی برایەتی بووە پاڵەوان، وەرزی ٢٠٢٢ یانەی شێروانە بووە پاڵەوان ساڵێک دوای ئەو یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوان، وەرزەی ڕابردویش یانەی ئاکرێ توانی ببێتە پاڵەوان، یانەی سیروانی نوێ تاکە یانەیە دوو جار لە یاری سوپەری کوردستان لە ساڵەکانی ٢٠٢١، ٢٠٢٢ تووشی شکت بووە، بەرانبەر بە یانەکانی برایەتی و شێروانە.