سیستەمی سۆلار، سیستەمێکە وزەی خۆر دەگرێتە خۆی و، کارەبای لێ بەرهەم دەهێنێت؛ ئەم سیستەمەمە پێک هاتووە لە پانێڵێکی خۆرگیر کە تیشکی خۆر دەگرێت و دەیکاتە کارەبا. وزەی خۆر سەرچاوەیەکی پاک و ڤەژینۆک (نوێبووەوە)ی وزەیە و هیچ زیانێکی بۆ ژینگە نییە.
وزەی خۆر، وزەیەکی ڤەژینۆکە و، دەژێتەوە؛ دۆستی ژینگەیە و ئێستا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بەكارهێنانی لەبرەودایە، لە هەرێمی كوردستانیش بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی سیستەمەکە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە سەربانی خانوو یان باڵەخانەی بازرگانی و كارگەكان و كەرتی كشتوكاڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دانراوە و رۆژ لە دوای رۆژ بەكارهێنانی لە زیادبووندایە.
لە یاسای نوێی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، هەر بەشداربوویەکی کارەبا، ئەگەر سیستەمی سۆلار پاوەری هەبێت، دەتوانێت لە کاتی بوونی بەرهەمی زیادەی کارەباکەی بەشە زیادەکەی لەو کاتانەی پێویستی پێی نەبێت بداتەوە ناو تۆڕی کارەبای هەرێم و تێچووی کارەبای بە شێوەی لەبری (مقاصە) لەسەری کەم دەبێتەوە.
بەپێی رێنمایی ژمارە 3 ساڵی 2021 وەزارەتی کارەبا ئەو کارەبایەی لە وزەی خۆر بەرهەمی دەهێنیت تێکەڵ بە کارەبای نیشتمانی دەکەیت، لە کۆتایی مانگەکەدا بەپێی ئەو بڕەی هاووڵاتیەکە داویەتی بە وەزارەت لە خەرجی مانگانەی کارەبای نیشتمانییەکەی کەم دەکرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر هەر هاووڵاتییەک مانگانە بڕی 1000 کیلۆوات کارەبای نیشتمانی بەکار بهێنێت و لە رێگەی وزەی خۆرەوە 400 کیلۆ وات کارەبا بکاتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە ئەوا لە کۆتایی مانگەکەدا تەنها پارەی 600 کیلۆوات کارەبای نیشتمانی لێ وەردەگیرێت.
عومەر ئیحسان کە ساڵێک زیاترە سیستەمی کارەبای وزەی خۆر بەکار دێنێت، بۆ هەولێر دوا: من زۆر بێزار ببووم بە دەست کارەباوە بە تایبەتی کارەبای مۆلیدە کە زۆر جار ئیشیان پێ نەدەکرد، بەڵام ئێستا کارەبام ٢٤ کاتژمێرەیە و کارەبای مۆلیدەم نییە، رۆژانە ٨ سەعات کارەبای نیشتمانیم هەبێ بەسمە بۆ ئەوەی ٢٤ کاتژمێر کارەبام هەبێ و پارەیەکی کەمیشم بۆ بێتەوە.
شایانی باسە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند بە هیچ شێوەیەک باج بەرامبەر دانانی سیستەمی سۆلار وەرناگیرێت. وەزارەتەکە لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی وزەی ڤەژینۆک (نوێبووەکان) لە وەزارەتی کارەبا سەرلەبەری ئەو دەنگۆیە رەت دەکاتەوە و پێداگری لەسەر هەوڵ و پلانەکانی خۆی بۆ یارمەتیدان و ئاسانکاری دەکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن سیستەمی سۆلار پاوەر دابنێن.
لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان، تەنانەت ماڵانیش سوود لە وزەی خۆر دەبینن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.