وژار فەهری:كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌كولتووره‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ستووری كوردستاندا، ڕه‌چاوی ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی كوردستانی تێدا بكرێت

به‌شی يه‌كه‌م

پرسی نووسینی ده‌ستوور یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی وڵاتی كوردستان، كه‌ كاریگه‌رییەکی به‌رچاوی له‌سه‌ر بنیاد و كایه‌ ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كولتوورییه‌كان هه‌یه‌؛ ئێمه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ى هه‌ولێر زۆر به‌ گرنگی ده‌زانین، كه‌ له‌ ڕێگه‌ى دواندنی پسپۆڕ و نووسه‌ر و فه‌لسه‌فه‌كار و یاساناسه‌كانه‌وه‌، هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رچی زووه‌ پرۆسه‌كه‌ جددیتر و خێراتر بكرێت.

له‌م گفتوگۆیهدا‌، مامۆستای زانكۆ و نووسه‌ر، وژار فه‌هری ده‌دوێنین كه‌ پسپۆڕی شەپۆلی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوروپایە. چه‌ندان توێژینه‌وه‌ى له‌باره‌ى گەشەسەندنی جیهانگیری و کاریگەری لەسەر پرسی پادشایی ده‌ستووری و ئۆتۆنۆمی دەوڵەت و ئابووریی سیاسی و قەیرانی مرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چه‌ند بوارێكی تر نووسیوه‌ و بڵاویش كراوەته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ى هه‌ولێر: ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستادا، ده‌ستوورێكی تایبه‌ت به‌ خۆی نییه‌، به‌ بۆچوونی تۆ، هه‌بوونی ده‌ستوور بۆچی بۆ كوردستان گرنگه‌؟ هه‌بوونی ده‌ستوور، له‌م قۆناغه‌دا، له‌ چ ڕووییه‌كه‌وه‌ سوودمان پێ ده‌گه‌یه‌نێت؟
وژار فەهری: لە ڕاستیدا دەستوور پێکدێت لە کۆمەڵێک یاسا و بنەما کە وڵات بە پێی ئەم یاسا و بنەمایانە بەڕێوەدەچێت، و بە پشتیوانی حکوومەت دێتە هەژمارکردن، چونکە دان بە حکوومەت و دامەزراوەکانی دادەنێت، هەروەها پێناسەی ئەو دەسەڵاتانە دەکات کە حکوومەت پەیڕەوی دەکات. دەستووری وڵات سنوور بۆ ئەو دەسەڵاتانە دادەنێت و شێوازی پەیڕەوکردنی ئەو دەسەڵاتانەش دیاریدەکات، بەم هۆیەوە، دەستوور بە پێی یاسا پێناسەی دەسەڵات دەکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بە چەمکێکی یاسایی و سیاسیی هەژماردەکرێت. هەبوونی دەستوور ڕێگر دەبێت لە پەرتەوازەبوونی وڵات، بە جۆرێک کە وڵات بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفتەکانی ناوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ دەستوور.
هەرێمی کوردستان دانپێدانراوە بە پێی دەستووری کۆماری عێراق وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی. بە جۆرێک کە ئاماژەی پێکراوە لە مادەی (١١٧) لە بەندی یەکەم «ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێی وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی» هەروەها لە بابەتی مافی هەرێمەکان بۆ نووسینەوەی دەستوور، لە مادەی ١٢٠دا هاتووە کە «هەرێم دەستوورێک بۆ خۆی دادەڕێژێت، هەرەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو دەسەلاتانە دیاریدەکات بە مەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا». لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە جگە لە گرنگی هەبوونی دەستوور، دەستووری کۆماری عێراق ئەو مافە دەدات بە هەرێمی کوردستان بۆ نووسینەوە و هەبوونی دەستوور.
وەک ئاشکرایە ئێمە لە وڵاتێکی خاوەن سیستەمی فیدراڵیدا دەژین، پێناسەی حکوومەتی فیدراڵی بریتییە لەوەی کە دەسەڵات و پرۆسەی بڕیاردان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی (ناوەندی) و حکوومەتی هەرێمەکان دابەشبکرێت، ئەمەش لەوکاتە بەدی دێت کە دوو فاکتەری سەرەکی هەبێت کە بریتیین لە (سەربەخۆییی هەرێمەکان و بەشداریکردنیان لە بڕیاردان لەسەر ئاستی دەوڵەتی فیدراڵ)، ئەمەش لە هەرسێ دەسەڵاتی (جێبەجێکردن، دادوەری و یاسادانان) بەدیاردەکەوێت. بەمجۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە سیستەمی فیدراڵیەت پێک دێت لە بەشداریکردنی هەرێمەکان لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری و ستراتیژی لەسەر ئاستی دەوڵەت، هەروەها پاراستنی تایبەتمەندی هەرێمی خۆیان.
لە دوای جەنگی دژی تیرۆر، ئێستا هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی جێگیردایە و کات گونجاوە بۆ نووسینەوەی دەستوور، پێویستە دەستوورێک بنووسرێت کە سازانی نیشتمانی لەسەربێت، بە جۆرێک کە ئەم دەستوورە دەبێتە مڵكی ئێمە و نەوەکانی داهاتووی وڵاتەکەمان. بۆیە، باشترین دەستوور بۆ وڵات ئەو دەستوورەیە کە لەگەڵ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی بگونجێت، ناکرێت دەستوورێک بنوسرێت کە هاوردەکراوبێت و بسەپێنرێت بەسەر كۆمه‌ڵگه‌دا، بەتایبەتی كۆمه‌ڵگه‌ی کوردی کە فرە دین و نەتەوەیە. بۆیە دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان گونجاوە کە لەگەڵ ئەو فرە دین و نەتەوەییە بگونجێت.

5ڕۆژنامه‌ى هه‌ولێر: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت له‌ ده‌ستووری كوردستان، شێوازی حكومڕانیی دیاری بكرێت، به‌ ڕای تۆ، باشترین سیسته‌می حكومڕانی بۆ ئێستای كوردستان سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌ یان پارله‌مانی، یان پێویسته‌ په‌نا بۆ سیسته‌م و شێوازێكی تر به‌رین؟
وژار فەهری: لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا هەموو شێوازەکانی حوکمرانی تاقیکراونەتەوە، و هەمووشیان جێگیرکراون، بەڵام هەموویان سەرکەوتنیان بە دەست نەهێناوە، مێژوو و کولتوور لە چەسپاندنی شێوازی حوکمرانی ڕۆلێکی گرنگ دەگێرن. بە ڕای من، باشترین سیستەم بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان سیستەمی پادشایەتی دەستوورییە، ڕەنگە خەڵک زۆر پشتگیری لە سیستەمی پادشایەتی دەستووری نەکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەرچاوڕوونی گونجاو بۆ بابەتەکە، یان وا بیر دەکەنەوە کە پادشایەتی دەستووری یەکسانە بە فەرمانرەوای دیکتاتۆری، بەڵام پێویستە بیسەلمێنین بۆ سیستەمی پادشایەتی دەستووری گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان؟ چەندین فاکتەر هەن کە وا لە هەرێمی کوردستان دەکات ئەم سیستەمە بچەسپێنێت، یەکێک لەو فاکتەرانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فرەنەتەوەیی و فرەنەژادی و فره‌كولتووریی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. وڵاتانی کە وەک هەرێمی کوردستان خاوەن فرە نەژادن سیستەمی پادشایەتی دەستووری پەیڕەو دەکەن بەوەی کە ئەو سیستەمە پێویستە بۆ وڵاتیان وەک بەریتانیا، بەلجیکا، ئیسپانیا، کەنەدا و چەندین وڵاتی تر، چونکە پاشا یان شاژن دوور لە لایەنگری سیاسی پاڵپشتی و نوێنەرایەتی هەموو تاکێکی وڵاتەکەی دەکات، پاشا لە سیستەمی پاشایەتی دەستوورییدا کەسێکی سیاسی نییە کە کارنامەی سیاسی پارتێک جێبەجێ بکات، بەڵکو ڕۆڵی بریتییە لە پاراستنی خاک و وڵات لە کێشەی قوڵ و پتەوکردنی یەکڕیزی خەڵک. زانکۆی ورزبورگ ڕاپرسیەکی کردبوو لەسەر دیموکراسیترین وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)، ئەنجامەکەی بەم جۆرە بوو. پێنج وڵاتی یەکەمی دیموکراسی بریتیی بوون لە وڵاتانی (دانیمارک، نەرویج، فینلەندا، سوید، ئەڵمانیا)، پێنج وڵاتی کۆتایی ڕیزبەندیەکە بریتی بوون لە وڵاتانی (چین، سعودیە، یەمەن، کۆریای باکوور، ئەریتیریا) دەبین لەم ڕیزبەندیەدا لە پێنج یەکەم دیموکراسیترین وڵاتانی جیهان، سێیان خاوەن سیستەمی پادشایەتی دەستوورین. لە کۆتا پێنج دیموکراسیترین وڵاتانی جیهان، لە کۆی پێنج وڵات، چواریان کۆمارین، یەکێکیش خاوەن سیستەمی پادشایەتی ڕەهایە، کە ئەم جۆرە سیستەمە تەواو جیاوازە لەگەڵ سیستەمی پاشایەتی دەستووری. هەروەها ڕۆژنامەی The Independent Intelligence Unit ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە لەسەر وڵاتە هەرە دیمۆکراتەکانی جیهان؛ پێنج هەرە دیمۆکراتیکی یەکەم بریتیین لە: نەرویج، ئایسلەند، سوید، نیوزلەندا، کەنەدا. هەروەها پێنج وڵاتی هەرە نادیمۆکراتیک بریتیین لە: چاد، سوریا، ئەفریقیای ناوه‌ڕاست، کۆماری کۆنگۆ، کۆریای باکوور. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە دەبینین کە لە کۆی پێنج وڵاتە هەرە دیمۆکراتیکەکەی جیهان، چواریان بریتیین لە وڵاتانی خاوەن پاشایەتیی دەستووری. پێنج وڵاتە هەرە نادمۆکراتیکەکەی جیهانیش، هەرهەموویان کۆمارین. رۆژنامەی CEO world magazine ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە لەسەر باشترین سیستەمی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ڕیزبەندی وڵاتان بەم شێوەیە بوو، بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، هۆڵەندا، سوید، بۆمان دەردەکەوێت کە لە کۆی پێنج لە وڵاتانی باشترین سیستەمی خوێندن چواریان خاوەن سیستەمی پاشایەتی دەستوورینە. ماڵپەریUSNEWS ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر ئەو وڵاتانەی کە خاوەن باشترین سیستمی تەندروستین، ڕیزبەندیەکە بەو شێوەیە بووە: سوید، ئەڵمانیا، دانیمارک، کەنەدا، سویسرا، هۆڵەندا، نەرویج، بەریتانیا، فینلەندا، یابان. لە کۆی دە وڵاتی خاوەن باشترین سیستەمی تەندروستی، حەوت وڵات خاوەن سیستەمی پاشایەتی دەستوورین. هەروەها ماڵپەری BBC لە ١٩\٣\٢٠٢١ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر ئەو وڵاتانەی کە خاوەن خۆشحاڵترین خەڵکن لە جیهاندا، ڕیزبەندیەکە بەم جۆرە بووە: فینلەندا، دانیمارک، سویسرا، ئایسلەند، هۆڵەندا، نەرویج، سوید، لوکسومبورگ، نیوزلەند، نەمسا. بە پێی ئەم ڕیزبەندیە لە کۆی دە وڵاتی خاوەن خۆشحاڵترین خەڵک، شەش وڵات خاوەن سیستەمی پادشایەتی دەستوورین. پادشایەتی بەچەندین شێوازی جیا هەوڵی بەرەوپێشبردنی دیموکراسی دەدات بۆ نموونە، کەسی یەکەمی وڵات دەبێت پاڵپشت و لایەنگری هەموو تاکێکی وڵات بێت بە هەموو چێن و توێژ و ئایین و نەژاد، ئەمە لە سیستەمەکانی تری سیاسی بە ئاسانی ڕوونادات، چونکە کاتێک سەرۆک دێتە سەر دەسەڵات، بەپێی بەرنامەی پارتە سیاسیەکەی دێت و ئەو بەرنامەیە جێبەجێ دەکات کە پارتەکەی بەرنامەی بۆ داناوە. ئەو کات بەپێی کارنامەی سیاسی سەرۆکی وڵات، هەموو خەڵک بە سەرۆکی خۆیان دانانێن، هەروەک لە وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەندین وڵاتی تر ڕوویاندا کاتێک خەڵک هاتە سەرشەقام و وتیان (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی من نییە، ئێستاش زۆر خەڵک دەڵێن (جۆ بایدن) سەرۆکی من نییە، بەڵام هەرگیز خەڵک لە بەریتانیا نایێتە سەرشەقام و بڵێت شاژنی بەریتانیا شاژنی من نییە، ئەمەش چونکە شاژنی بەریتانیا بەهۆی سیستەمی پادشایی دەستووری لەو وڵاتەدا لایەنگری سیاسی ناکات و بێلایەنە. بە مانایەکی تر، لە سیستەمی پادشایەتی دەستووریدا حکوومەت لەلایەن پەرلەمانەوە بەڕێوە دەبرێت، پەرلەمانیش لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت لێرەدا دیموکراسی پەرلەمانی بەدیدەهێت. لە زۆر وڵاتانی جیهان سەرۆکی وڵات هەڵدەبژێردرێت وەک سیمبولی یەکگرتووی وڵات بەڵام ناتوانێت ئەو ڕۆڵەی پاشا دەیگێرێت ئەویش بگێرێت چونکە، سەرۆک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەڵدەبژێردرێت، هەڵبژاردنیش پرۆسەیێکی سیاسییە بەمەش سەرۆکی وڵات کەسێکی سیاسی دەبێت و هەرچۆنێک بێت لایەنگری سیاسی خۆی دەبێت، بەڵام پاشا یان شاژن کەسێکی بێلایەنە.

ھەواڵی زیاتر