حکوومەتی هەرێم هەڵمەتێکی میدیایی بۆ هاوکاریی تووشبووانی شێرپەنجە ڕادەگەیەنێت

ئەمڕۆ یەکشەممە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پەیامێکی ڤیدیۆییەوە هەڵمەتێکی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ سندووقی تووشبووانی شێرپەنجە دەست پێ کردووە، بە مەبەستی هاوکاریکردنی تووشبووانی شێرپەنجە و کۆکردنەوەی پارە بە هاوکاریی بەخشینی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بە کۆتا گەیشتنی مانگی ڕەمەزان و دەستپێکی جەژن، ئەمەش بە ئامانجی گەڕاندنەوەی هیوایەک بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە.

لە پەیامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: بە بەخشینت بە سندووقی کۆمەکی تووشبووانی شێرپەنجە، کارێکی مرۆڤانە و ئایینیانەی گرینگ ئەنجام دەدەیت؛ ببەخشە و کەسێک ڕزگار بکە.

بەخشین بە هەژاران و کەم دەرامەتان، لەو کلتورە بەردەوامەیە لە کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگا ئیسلامییەکان پەیڕەو دەکرێت و لە مانگی ڕەمەزانیشدا ئەم کلتورە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر ئەنجام دەدرێت و مسوڵمانان هەژار و کەمدەرامەتان بەسەر دەکەنەوە و لە ئیسلامیشدا پاداشتی گەورە بۆ ئەو کەسانە دەستنیشانکراوە کە بەهانای کەسانی دیکە دەچن و لەڕێگای بەخشینەوە ژیانی کەسێکی دیکە لە نەهامەتی ڕزگار دەکەن.