ئەدەبیات و ستایشی کوێرانە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ڕەنگە هیچ شتێک هێندەی ستایشی کوێرانە دژی ئەدەبیات نەبێت، ئەوەی ڕێگری لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئەدەبیات دەکات ستایشی کوێرانەیە. بەپێچەوانەشەوە ئەوەی ئەدەب بەرەو پێشەوە دەبات، ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی جیدی و دیاریکردنی پێگەی ئەو ئەدەبیاتەیە. ئەو نووسەرەی دڵی بە ستایشی کوێرانە خۆش بێت، ڕێگریی لە پێشکەوتنی خۆی و ئەدەبەکەی دەکات، گومانی ئەوەش دەخاتە سەر خۆی کە خاوەنی ئەدەبێکی بۆشی بێقووڵاییە. ئەدیبی ڕاستەقینە و داهینەر بە ستایش نیگەران دەبێت، چونکە دەزانێت هیچی ئەوتۆی پێنابەخشن، بەڵام ڕەخنە و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی داهاتووی تۆکمەتر دەکەن.

دوو ساڵ لەمەوبەر هاوڕێیەکی شاعیرم دیوانە شیعرێکی بڵاوکردەوە و دیوانە شیعرەکەی، خاوەنی دونیایەکی دووبارە و شیعرگەلێکی ئاسایی بوو، بەڵام ستایشێکی زۆر کرا، بەجۆرێک سنووری ستایشی ئاسایی تێپەڕاند و خەریک بوو بیخەنە پێگەی نیرۆدا و لۆکا و بۆرخیس. دوای ماوەیەک، کە من هەر بێدەنگ بووم لە ئاستی کتێبەکەیدا هاتە لام و داوای بۆچوونی لێ کردم، منیش ڕاشکاوانە دامە بەر ڕەخنە و ڕەخنەکانیش نیگەرانیان کرد و وای هەست دەکرد من بەلامەوە ناخۆشە کە ئەو سەرکەوتنەی بەدەست هێناوە، بۆیە ئیدی ئەو هاوڕێیە لێم تەریک کەوت. ناو نەهێنانی ئەم هاوڕێیەم لەپێناوی ئەوەدایە من دەمەوێت لەسەر دیاردەیەک قسە بکەم کە ستایشکردنی کوێرانەی ئەدەبکوژە. دەنا هەمان شت بۆ هاوڕێ چیرۆکنووس و رۆمانووسەکانیش دروستە، کە زۆرێکیان بە ستایش دڵخۆش و بە ڕەخنە نیگەرانن.
ئێستا ئەوەی بەشێکی سەرەکی وسەنتڕاڵە لە ناوەندی رۆشنبیریی کوردیدا بەخشینەوەی ستایش و شتایشکردنی کوێرانەیە، کە زۆرجار نووسەرێک دەگەیەنێتە پێگەیەک کە بڵێت من شایستەی خەڵاتی نۆبڵم، یان پێیوابێت کە ناخوێنرێتەوە ئەوە غەدری لێ کراوە و پێویستە هەموان لە ئەدەبیاتەکەی بەهرەمەند بن. ئەمە بێجگە لەوەی زۆرجاری دیکە ئەم ستایشتە کوێرانەیە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە ستایشکراوان بکەونە هەڵپەی چاپکردنی کتێب و ئیدی تەنها لە خەمی ڕیزکردنی زۆرترین کتێبی چاپکراودا بن، نەک لە خەمی بەرهەمی داهێنەرانەدا. خاڵێکی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ستایشی کوێرانە ڕۆحییەتی ڕەخنە و ڕەخنە قەبووڵکردن دەکوژێت و ستایشکراو ئامادەی قەبوڵکردن و گوێگرتنی لە هیچ ڕەخنەیەک نابێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەر داهێنەرێکی سەرکەوتوو ئەوەیە، کە هەمیشە ڕێزی ڕەخنەی جیدی دەگرێت، چونکە ئەوەی نووسەرێک بەرەو پێشەوە ئاراستە دەکات ڕەخنەی ڕاستەقینەیە، کە پاڵپشت بێت بە تیۆر و میتۆ و مەعریفەیە، چونکە هەموو تێکستێکی بەناو ڕەخنە ناتوانرێت وەکو ڕەخنە پۆلێن بکرێت و ئەوەی ڕەخنە بە نووسەرێکی دەبەخشێت سەد ستایش ناتوانێت بە هەمان نووسەری ببەخشێت.
د.ئیبراهیم مەحمود خەلیل لە کتێبی “ڕەخنەی ئەدەبی نوێ”دا لە پێناسەی ڕەخنەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە ڕەخنە؛ ھونەری ھەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی کارە ئەدەبی و ھونەرییەکانە لەسەر بنەمایەکی زانستی. پشکنینی زانستییانەی دەقە ئەدەبییەکانە لەڕووی: سەرچاوەکانییەوە، ڕاستی ناوەڕۆکەکەیەوە، سەرھەڵدانییەوە، ھەروەھا لەڕووی سیفەتەکان و مێژووەکەیەوە.” بەڵام دەکرێت لێرەدا بپرسین ئەی ستایشی کوێرانە چی دەکات؟ بێگومان لێرەدا “ستایشی کوێرانە” وەکو دژەڕەخنە دەردەکەوێت. ئەوەی ڕەخنە هەوڵی بونیادنانی دەدات، ستایشی کوێرانە تێکی دەداتەوە. بۆیە هەموو جۆرە ستایشێک بە زمانی ئەدەبیات و نووسەران کۆتایی دێت.
ئەگەر دەمانەوێت پێشبکەوین گرنگە گوێ لە ستایشی کوێرانە نەگرین و ڕەخنەکان بە هەند وەربگرین، بێگومان گرنگە ڕێزی هەموو بۆچوون و سەرنجێک بگیرێت، بەڵام ئەوەی بەرەو پێشکەوتن ڕێنمونیمان دەکات تەنها ڕەخنەیە، نەک ستایشی کوێرانە.