مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
تیر شتیگن دەیەوێ هەمان سیناریۆی كۆرتوا دووبارە بكاتەوە
مارك ئەندریە تیر شتیگن، گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنە، دەیەوێ بۆ یارییەكانی ئەم وەرزە بگەڕێتەوە، لە كاتێكدا پێكانێكی سەختی تووش بووە.
رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی باسی لەوە كردووە، كە تیر شتگین كە لە مانگی ئەیلوولەوە بەهۆی پێكانەوە دابڕاوە، لە چاكبوونەوە پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و خێراتر لەوەی چاوەڕێ دەكرا بەرەو چاكبوونەوە دەچێ. دەیەوێ بۆ بەشێكی یارییەكانی ئەم وەرزە بگەڕێتەوە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە: ئەگەر بەرشلۆنە بگاتە یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ كە لە میونشن بەرێوە دەچێ، شتیگن تەمای ئەوەیە هەمان سیناریۆی تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی ریاڵ مەدرید دووبارە بكاتەوە، كە وەرزی ڕابردوو دوای پێكانێكی سەخت، گەڕایەوە و لە یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگدا بەشداریی كرد و دوای دابڕانێكی زۆر ناسناوەكەی بردەوە.
ڕاشیگەیاند: تیر هەنگاوی زۆر گرنگی لە پرۆسەی چاكبوونەوە بڕیوە، زیاتر لە مانگێكە لەسەر چیمەن مەشق بە تۆپ دەكات.
سەرچاوە نزیكەكانی یانەكە باس لەوە دەكەن، كە ئەگەر هەنگاوەكان بە پێی پلانەكە بڕۆن، چاوەڕێ دەكرێ لە ماوەی 3 هەفتەی دیكەدا ئەو گۆڵپارێزە بگەڕێتەوە مەشقە بەكۆمەڵەكانی یانەكە.
بەو پێیە بێ شتیگن دەتوانێ بۆ لە نیوەی مانگی داهاتووەوە بۆ یارییەكان ئامادە بێ، پێش یارییەكی یەكلاكەرەوەی چامپیۆنس لیگ.
تیر شتیگن دەیەوێ هەمان سیناریۆی وەرزی ڕابردووی كۆرتوای ببێتە بەش.
بەڵام بەربەستی گەورەی بەردەم جێبەجێبوونی ئەو سیناریۆیە، ئەوەیە بەرشلۆنە ناوی تیر شتیگنی لە لیستی چامپیۆنس لیگ سڕیوەتەوە بۆ تۆماركردنی چیزنی.
لە یاساكانی یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپادا هاتووە، كە بەرشلۆنە ناتوانێ تیر شتیگن تۆمار بكاتەوە، مەگەر یاریزانێك بسڕێتەوە و ئەوی لە شوێن تۆمار بكا، بۆیە گەر بەرشلۆنە بیەوێ تۆماری بكات، دەبێ چیزنی دوور بخاتەوە، ئەوەش سەختە، چونكە ئەو گۆڵپارێزە پۆڵەندییە ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە و بووەتە جێی متمانەی هاندەرانی بەرشلۆنە.
سەرۆكی یانەی نیوكاسڵ یانەی بەرشلۆنەی شۆك كرد
یاسر ڕەمیان، سەرۆكی یانەی نیوكاسڵ، پەیامێكی شۆكهێنەری بۆ یانەی بەرشلۆنە لەبارەی یاریزانێكی یانەكەیانەوە.
چەندان ڕاپۆرت باسیان لەوە كردووە، كە یاریزانی سوێندی ئەلێكسەندەر ئیزاك، ئامانجی یەكەمی یانەی بەرشلۆنەیە بۆ ئەوەی لە هاویندا بیباتە ریزەكانیەوە و هێڵی پێشەوەی پێ بەهێزتر بكات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: ئیزاك سەلماندی كە هێرشبەرێكی زۆر نایابە، دوای ئەوەی 23 گۆڵی تۆمار كرد و 5 گۆڵی دروست كرد لە 33 یاریی ئەم وەرزەدا.
مێدیاكە باسی لەوەش كردووە: بەرشلۆنە هێشتا چاودێریی ئەو یاریزانەی یانەی نیوكاسڵ دەكا، بەڵام یاسر رمیانی سەرۆكی یانەكە، داوای لە كارگێڕیی یانەكەی كرد، هەر بۆندێك بۆ ئەو یاریزانە سوێدییە چوو، رەتی بكەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەركەوتووە پشكنەرانی یانەی بەرشلۆنە، بە وردی چاودێریی ئەو یاریزانەیان كرد، بە تایبەت لە یاریی هەفتەی ڕابردوو كاتێك لە یانەی وێست هامیان بردەوە.
مێدیاكە بەو جۆرە كۆتایی پێ هێناوە: رمیان ڕێز و ستاییشێكی زۆری بۆ ئیزاك هەیە، بۆیە ئاسان نییە ئەو یاریزانە بگوازرێتەوە بەرشلۆنە، لە كاتێكدا یانەی نیوكاسڵ هیچ نرخێكی بۆ فرۆشتن و دەستبەرداربوون لەو یاریزانە سوێدییەی دیاری نەكردووە.