ساڵانە ملیارێک و ٣٠٠ملیۆن تۆن خۆراك و پاشخوان دەخرێتە زبڵدانەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

خواردنی پەیرە (ماوەبەسەرچوو؛ ئێكسپایەر)، ئاماژەیە بەو خواردنانەی پەیرە بوونە و، كاتی بەسەرچوونیان هاتووە و لەوانەیە نەگونجاو بن بۆ خواردن؛ خواردنی ئەم جۆرە خواردنانە لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی؛ لەگەڵ ئەوەشدا، خۆراكی پەیرە، كاریگەرییەكی دیكەیشی هەیە كە پەیوەندیدارە بە ژینگەوە.

مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگە لە تازەترین توێژینەوەیدا كە “هەولێر”ـی ناردووە ئاماژەی بەوە كردووە كە ساڵانە یەك ملیار و ٣٠٠ ملیۆن تۆن خۆراك لە زبڵدانەكاندا لە سەرانسەری جیهاندا فڕێ دەدرێت.
كاریگەری ئەم پاشماوەیە درێژدەبێتەوە بۆ كاردانەوەی ژینگەیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، لە دەردانی گازی گەرمخانەیی و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانەوە تا دەگاتە توانای ئابووری لەدەستچوو.
كەواتە پێویستە بازرگانان لەلایەك و حكومەت لە خاڵە سنورییەكان لەم مانگەدا هۆشیارتر بن بۆ بنبڕكردنی خواردنی ماوە بەسەرچوو، ناكرێ وڵاتمان بكرێتە زبڵدانی خۆراكی بەسەرچووی وڵاتانی تر.
بە پێی ئامارە نافەڕمییەكان، ساڵانە لە هەرێم ٣٠٠تا ٤٠٠ تەن خۆراكی بەسەر چوو لەناو دەبرێن.
بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری خۆراكی بەسەرچوو )ئێكسپایەر( لەسەر ژینگە، دەكرێت چەند هەنگاوێكی سادە بینێین:

1. پلاندانان بۆ خواردن: كەمكردنەوەی خۆراكی بەفیڕۆچوو بە ڕێكخستنی خواردنەكان.
2. پاراستنی خواردن: پاراستنی خواردەمەنی بە شێوەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی زوو پەیرە نەبێ و، ماوەی بەسەرچوونی درێژ ببێتەوە.
3. كۆمپۆستكردن: كۆمپۆستكردنی خواردنی پەیرە و ماوەبەسەرچوو بۆ بەرەوپێشبردنی كشتوكاڵی سروشتی.
4. دڵنیایی لە رێکەوتی بەسەرچوون لە كاتی بازاڕكردن.
بە كورتی، خۆراكی پەیرە (ماوەبەسەرچوو؛ ئێكسپایەر)، نەك تەنها كار دەکاتە سەر تەندروستی، بەڵكو لەوانەیە ژینگەیش تێک بدات؛ بۆیە گرنگە كە هەوڵ بدەین خواردنەكان بە شێوەیەكی گونجاو بەكار بهێنین و كاریگەری خراپیان لەسەر ژینگە كەم بكەینەوە.