حەمەسەعید حەسەن
ڕامان لە خوا
دوای ئەوەی عەرەب پەلاماری خۆرئاوای نیمچە کیشوەری هیندی دا، ئیدی لە سەرەتای سەدەی هەشتی زایینی بەدواوە، دینی ئیسلام بەسەر بەشێکی بەرینی ئەو ناوچەیەدا سەپێندرا. موعینەددینی چەشتی (١١٤١ – ١٢٣٠) کە لە سیستان هاتبووە دونیاوە و قوتابیی سوهرەوەردی بوو، ساڵی ١١٩٣ گەیشتە دەلهی. چەشتی کە بە فەریادڕەسی هەژاران ناسرابوو، کە خانەقایەکەی جڤاکێکی ناچینایەتی بوو، دەیگوت: (پێویستە سۆفی وەک ئۆقیانووس بەخشندە بێت، وەک خۆر دلۆڤان و وەک زەوی بێفیز بێت.) مەزاری کە لە شاری (ئاجمیر)ە لە هیندستان، هیندۆسیش وەک موسوڵمان بە پیرۆزی دەزانن و سەردانی دەکەن.
چەشتییەکان نە هیچ دیارییەکیان لە فەرمانڕەوایان وەردەگرت، ئاخر بە حەرامیان دەزانی، نە هیچ پێوەندییەکیان بە دەسەڵاتی دونیایییەوە هەبوو، پێیان وابوو:
ئەو کەسەی هانا، ببا بۆ سوڵتان
هیچ نییە غەیری، شوێنکەوتووی شەیتان.
چەشتییەکان لەڕێی سترانی میللییەوە، بیروباوەڕی سۆفیگەرییان بڵاو دەکردەوە. فەریدەددین – گەنج – شەکر کە یەکێکی دیکەبوو، لە شێخەکانیان، جارێکیان چل ڕۆژ قاچی خۆی دەبەستێتەوە و خۆی بۆ ناو بیرێک شۆڕ دەکاتەوە و خەریکی زیکر و تکا و نزا دەبێت. (ئیدی خوا وەک پادداشت بەهرەی ئەوەی پێ دەبەخشێت، بتوانێت زیخ بکات بە شەکر، لەوە بەدواوە، بە – کەنز- ی شەکر دەناسرێت.)
فەخرەددینی عێراقی (١٢١٣ – ١٢٨٩) دەیگوت: (دابڕانێک دڵبەر پەسەندی بکات، باشترە لە پێکگەیشتنێک دڵدار بە ئاواتی بخوازێت،) ئەمەیش تێپەراندن بوو، لەو تێزەی دەیگوت: خۆشەویستی مانەوەی دڵدارە لەبەر قاپیی ماڵی دڵبەردا، با وەدەریش نرابێت. (دونیا دەنگدانەوەی سروودی ئەڤینی ئەبەدییە. یەکەم شتێک کە دڵدار دەیبینێت، نووری ڕووخساری دڵبەرە.) عەوام کتێبی لەبارەی سۆفیگەرییەوە نەخوێندبووەوە، لەڕێی شیعری جوان و ئاسانی فەخرەددینی عێراقییەوە کە وەک پەپوولە بە گوڵی دڵەوە دەنیشتەوە، بە ڕێبازەکەوە پێوەست دەبوو.
(بزربوون لە خوادا، هەڵکشانە بەرەو لای خوا، کۆتاییی ڕێگەکە بریتییە لە گەڕانەوە بۆ سەرەتا.) میر دەرد (١٧٢٠ – ١٧٨٥) کە بە زمانی ئوردوو شیعری دەنووسی، وای دەگوت، مەبەستی لە سەرەتا، ئەو وەختەیە کە هێشتا خوا ئینسانی نەخوڵقاندووە. یان دەیگوت: هەرچەندە ئادەم باڵی نەبوو، بەڵام گەیشتە شوێنێک، فریشتە نەیدەتوانی بیگاتێ، ئاخر ئینسان بۆ چەشتنی ئازاری خۆشەویستی خوڵقاوە، بەڵام فریشتە بۆ گوێڕایەڵی. (ڕەشی بریقەدار ڕەمزە بۆ ئادەم، سەوزیش بۆ موحەممەد، ئەوەی بە ڕەشی بریقەدار دەست پێ بکات و بگات بە سەوز، سۆفییەکی ڕاستەقینەیە.) میر دەرد دەیگوت: خوا گەلێک جار لەگەڵمدا پەیڤیوە، بە هەمان زمانی قورئان دەدوێت.
دەلهی کە زەمانە وێرانی کرد
کە بە شوێنی چەمەکانیدا ڕۆندک دەڕوات،
جاران شارێک بوو لە سیمای کچێکی جوان دەچوو
دەوروبەریشی دەتگوت خاڵە بەسەر گۆنای یارەوە
خەڵکی دەلهی حەزیان لە شیعری میر دەرد بوو کە هەموو ژیانی لەو شارەدا بەسەر برد و دەیگوت: ڕوو بکەمە کوێ؟ کە بێجگە لە ڕووی خۆی، دونیا هەمووی عەدەم بێت؟ یان: ئەگەر بەر قاپییەکی تۆ بەجێ بهێڵین، دەزانم دەستبەجێ دەمرین.
چونکە بەیان
بە ڕووماندا پێدەکەنێ
پێم سەیربوو شەونم گریا
پێ دەچێ ئەوەی زانیبێ
ژیان وەکوو شوێنپێ وایە
لەسەر زەریا
هەر کوێیەک ئایینی ئیسلامی لێ بووبێت، تەسەووفیشی کەم و زۆر لێ بووە، هیند یەکێکە لەو وڵاتانەی موسوڵمانێکی زۆری لێ ژیاوە و دەژی و شیعری سۆفییانە بە زمانگەلی ئەوێش وەک ئوردوو، بەنجابی و سەندی، گوتراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شیعری سۆفییانەی ئیسلامی لە هیند ئەوەیە، کاریگەریی ئەدەبی سۆفییانەی هیندی و ئایینی هیندۆسی پێوە دیار بووە. یەکێتیی بوون لەوێش هەوادارێکی زۆری هەبووە، هەوڵ دراوە بە هۆی ستران و چیرۆکی میللییەوە، سۆفیگەری بڵاو بکرێتەوە. بەلهی شاهـ (١٦٧٥ – ١٧٥٢) کە سەر بە ڕێبازی قادری بووە و بە سەروەری عاشقان ناسراوە، یەکێک بووە لە شاعیرە ناودارەکانی بەنجاب. (ڕوو لە هەر کوێیە دەکەم، تیشکی ڕووی ئەو دەبینم.) مەبەستی لە ئەو، خوایە کە لە هەموو شتێکدا شەوق دەداتەوە، ئەو دەربڕینە، هی شاعیری سۆفی، شاهـ عەبدولـلەتیفە کە بە سەندی دەینووسی. ساشال سەرمەست (١٧٣٩ – ١٨٢٧) شاعیرێکی سۆفیی دیکەیە کە بە (عەتتار)ی سەند ناسراوە.
شێخ ڕەوشەن کە لە سەدەی شازدەیەمدا ژیاوە، بە زمانی پەشتوو کە زمانی زۆرینەی ئەڤغانییەکانە نووسیویەتی و سوودی لە شێوازی داڕشتنی شیعری فارسی بینیوە. سەردەمانێک ئەوە ڕێسا بوو، شاعیری سۆفی زمانی ڕەسەنی خۆی هەر چییەک بووایە، دەچوو بە فارسی کە بە زمانی ڕۆشنفیکران هەژمار دەکرا، دەینووسی.
چۆن بڵێم من چیم
کە خۆم نزانم، من هەم یاخوود نیم
دەمێ گەردێکم، لەناو تیرۆژدا
دەمێ شەپۆلی، زەریاچەی یاخیم.
هێمن بە کاریگەریی شیعرەکەی شێخ ڕەوشەن، گوتوویەتی:
چۆن دهتوانم به تۆ بڵێم من چیم
خۆم گومانم ههیه كه ههم یا نیم.
ڕەحمان بابا (١٦٥٣ – ١٧١١) کە بەناوبانگترین شاعیری ئەڤغانە، هەم بولبولی (پیشاوەر)یان پێ گوتووە، هەم (پاشای ئەڤین)یش.
زەوی کوڕنووشی بۆ دەبا
ئاسمانیش بۆی دێتە سەر چۆک
درەخت زیکری ناوی دەکا
ماسی و باڵندەیش هەروەها
بە زەبری شیعرەکانی من
خۆشیان دەوێ
پاشا و گەدا
ڕەحمان کە کاریگەرییەکی زۆری هەر یەک لە مەولانا، سەعدی، جامی و حافیزی لەسەر بووە، بۆ ڕێزلێنان، نازناوی (بابا)ی پێ بەخشراوە، کە بە مانای باوک و باوەگەورەیش دێت. شیعری ڕەحمان بابا کە باس لە ئەڤینی گەردوونی، ئاشتی، هاوسۆزی، هاوڕێیەتی و مرۆڤایەتی دەکات، کە ئینسانی بۆ ڕامان لە خوا، هان داوە و دارعەسای دەستی نابینایان بووە، هێندە لای نەتەوەکەی پیرۆز بووە، ئەگەر قورئانیان شک نەبردبا، لەبەر ڕۆشنایی دیوانەکەیدا، خواپەرستییان دەکرد.