سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئادار، سی و حەوت ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا قوربانییانی ئەم تاوانە گەورەیە قەرەبوو نەکراونەتەوە. دوای بیست و دوو ساڵ لە ڕووخانی بەعس بۆ یەکەم جار عێراق ڕۆژەکەی کردووەتە بۆنەیەکی فەرمی و پشوویان ڕاگەیاندووە و بەمە دەیانەوێت ساڕێژی برینەکانی هەڵەبجە بکەن لەکاتێکدا خۆیان تەنانەت لەمپەریان خستووەتە بەردەم پارێزگابوونی شارەکە و خۆشیان لە قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانە گەورەیە دزیوەتەوە.
ئەمساڵ یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کەمێک جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە دەچێت و سەرجەم چین و توێژەکانی هەڵەبجە ڕۆڵیان لە ڕێوڕەسمەکەدا هەیە و تەنانەت دەستەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە. كامهران مستهفا، گوتهبێژى دەستەی ئامادەکاری سی و حەوتەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنى ههڵهبجه لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی گوت لەو یادەدا دانیشتووان و کەسوکاری شەهیدان و میوانان له بهردهم باخى گشتیى ههڵهبجه ئاماده دهبن، لە سەعات نۆی بەیانییەوە به ڕێپێوان بۆ سهر مهزارى شههیدان بهڕێ دهكهون و لهوێ دهست دهكهن به دانانى تاجهگوڵینه و ڕێوڕەسمەکانی تر و دوانیوەڕۆکەیشی لە زانکۆی هەڵەبجە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ئەو یادە بەڕێوە دەچێت و بۆ ڕۆژی دووشەمەیش لە هەڵەبجە کۆمەڵێک چالاکیی دیکە بەڕێوە دەچن.
هەڵەبجە لە کاتێکدا یادی سی و حەوت ساڵەی تاوانەکە دەکاتەوە کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ٢٠٠٣ەوە هیچ هەنگاوێکی جیددیان بەرانبەر ئەو تاوانە نەناوە و پشتیوانی و قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە تەنیا لە چوارچێوەی دروشمە سیاسییەکاندا خولاوەتەوە و ساڵانە جگە لە ڕێورەسمی ڕێزگرتن لە قوربانیان هیچ هەنگاوێک نەگیراوەتە بەر و ئەمساڵ بۆ یەکەم جار ڕۆژی کیمیابارانکردنەکەیان بە پشوو ڕاگەیاندووە.
جێی باسە ئەوەی بەرانبەر بە هەڵەبجەییەکان کرا کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوو کە دەکرا وێڕای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان، حکوومەتی فیدراڵی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی بکردبایەوە.
هەڵەبجە لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس کیمیاباران کرا و ئەرکی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقە وەک میراتگر هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و قەرەبووی ئەو قوربانییە گەورەیە بکاتەوە. حکوومەتی عێراق بۆ ئەو تاوانەی بەرانبەر کوێت کرا و کاتی خۆی سەدام داگیری کرد لانی کە پەنجا ملیار دۆلاری بەو وڵاتە دا لە کاتێکدا قەبارەی قوربانیدانی هەڵەبجە بەراورد بە قەبارەی قوربانیدانی کوێت زۆر گەورەترە بەڵام ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و تەنانەت ئەو یاسایەشیان تێنەپەڕاندووە کە بەهۆیەوە هەڵەبجە بۆ پارێزگا دەگۆڕێت.
گوتەبێژی دەستەی ئامادەکاری ئەمساڵی ڕێوڕەسمەکانی یادی هەڵەبجە گوتی لەسەدا هەشتای پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بووە و تەنیا ئەوە ماوەتەوە لە پەرلەمان پەسند بکرێ کە بەهۆکاری سیاسی و ململانێی ناوخۆیی دوا خراوە.
لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨بەهۆی هێرشی کیمیایی بۆ سەر هەڵەبجە سەرووی پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان شەهید بوون و بە هەزارانی تریش بریندار بوون. زۆرێک لە برینداران تا ئەم ساتەش بەدەست ئازاری ئەو چەکە مەترسیدارە دەناڵێنن و هێشتا کێشە دەروونییەکانیان سارێژ نەکراوەتەوە. هێرشەکە تەنیا نەبووە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاووڵاتیان بەڵکوو ژینگەی شارەکەی پیس کرد و کاریگەری خراپی بۆ سەر تەندروستی خەڵکی شارەکە جێهێشت.
سەرۆک بارزانی چەندان جار سەرسوڕمانی خۆی لە کردەوەکانی عێراق دەربڕیوە و گوتوویەتی سەرەڕای ئەو تاوانە گەورەیە بەسەر کوردا هات هێشتا لەناو دەوڵەتی عێراقدا حەزی سڕینەوە و ئینكاركردنی مافەكانی گەلی كوردستان دەبینرێت.
ساڵانە لە ڕێوڕەسمەکانی کوردستان داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی هەڵەبجە لە وتار و بەیاننامەکانی بەرپرسانی باڵاوە بگرە تا خەڵکی ئاسایی دووبارە دەکرێنەوە و ئەمڕۆکەش لە یادەکەدا گوێبیستی ئەو پەیامانە دەبین بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەو پەیامانە هەرگیز لە لایەن بەغداوە نەبیستراون و گوێیان لێ نەگیراوە و نەک باسی لە قەرەبووکردنەیان ناکات هەوڵ دەدات خەڵکی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک مووچەی مانگانەیش بێبەش بکات.
بەگشتی بەغدا بۆ هەڵەبجە هیچ شتێکی نەکردووە و تاکە خەمخۆری هەڵەبجەییەکان خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە کە دەمێکە لای خۆی بە پارێزگای ڕاگەیاندووە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی بە ئەرکی سەرەکیی خۆی زانیوە و کۆمەڵێک پڕۆژەی لە شارەکە جێبەجێ کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیییەکی تەواوی بە پارێزگای هەڵەبجە داوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا دۆخی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە گۆڕانکاریی باشی بەخۆیەوە بینیوە. لە ساڵی رابردوودا، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە لەسەر ئەرکی حکوومەت خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە و ژمارەیەک پرۆژەی تری وەك دروستکردنی پارک و پەرەپێدانی ناوچەی سەوزایی و قیرتاوکردنی گەڕەك و شەقامەكان لە هەڵەبجە جێبەجێ کراون، هەر لە ساڵی پاردا 500 ملیۆن دینار وەک قۆناغی بەپەلە بۆ چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەرخان کرا و بەزوویی دەستبەکارەکانیان کرا. ئەمە جگە لەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لە نزیکەوە گوێبستی داواکارییەکانی خەڵکی ئەو دەڤەرە بوو.