ڕائیب جادر – هەولێر
سبەی ١٢٢ ساڵ بەسەر لە دایکبوونی بارزانیی نەمر، ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە ١٤-٣-١٩٠٣ لە گوندی بارزان لە دایکبووە، لە ماوەیەکی کورت و لە تەمەنێکی کەمدا بوو بە ناسنامەی گەلێکی بێ دەوڵەت و خەون و ئامانجی ھەرە گەورەی ئەوە بووە کە بتوانێت ئەو زوڵمەی لەسەر خەڵکی کوردستان ھەیە نەھێڵێت و مافی خەڵکی کوردستان بە دەست بھێنێت.
لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر، کوردستانیان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕوو لە مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن و سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی بارزانی نوێ دەکەنەوە، ھەروەھا ھەر بەو بۆنەیەوە بە کۆڕ و سیمینار و بۆ کوردستانێکی ژینگە پاک ھەڵمەتی نەمام چاندن لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەرێوەدەچێت.
بەگوێرەی لێکدانەوەی مێژوونووسانی کورد و سەرچاوە مێژووییە ناوخۆیی و بیانییەکان، بارزانیی نەمر، یەکەم سەرکردەی ھەڵکەوتووی کورد بووە، خەباتی کوردی لە بازنەی ناوچەیی بوونەوە کردە خەباتی نیشتمانی و سەرتاسەریی و لە داخوازیی مافی سەرەتایی و مافی مرۆیی و کولتوورییەوە، داواکارییەکانی کوردی بەرز کردەوە بۆ ئاستی داواکاری سیاسیی، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیشی لە نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسی تۆکمە و ڕوونی دەرباز کرد، بە دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش لە ١٦ ئابی ١٩٤٦دا داخوازییە نەتەوایەتییەکانی کوردی لە چوارچێوەی بەرنامەی حیزبێکی سیاسیی ڕێکخراودا ڕێکخست و خەباتی گەلەکەی و پرۆسەی سیاسی لە کوردستان، گواستەوە قۆناخێکی پێشکەوتوو.
بارزانیی نەمر ئەو سەرکردە مەیدانییە بوو، کە گەلی بە سەرچاوەی بڕیار و، حیزبیشی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆشی بە خزمەتکاری گەل دەزانی، ئەو لە مێژووی سیاسی خۆیدا، بروای تەواوی بە تۆلیرانس و پێکەوە ژیان ھەبوو و کاری بۆ کردووە و، ھەموو کات دادپەروەر، یەکسانیخواز، ئازا، جوامێر و سەرکردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە.
بارزانیی نەمر، ڕەمزی یەکبوونی گەلی کوردستان بوو، تەنانەت پاش کۆچباربوونیشی بۆتە ھێمایەک بۆ خەباتی نەتەوایەتی کورد لە ھەموو جیھاندا و بۆتە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتمانی گەلی کوردستان، بارزانی بە نەمری لەناو میللەتەکەیدا و، بە مەزنی لەناو مێژووی جیھاندا مایەوە، ئەوەش بەھۆی کۆمەڵێک بنەمای پتەو پرەنسیپی ڕاست و دروست و ھەڵوێستە مرۆڤ دۆستییە مەزنەکانییەوە، کە لە چوارچێوەی ڕێبازەکەیدا بۆ کوردستان و مێژووی ئازادیخوازان و نەوەکانی دواڕۆژی بەجێھێشتووە، بارزانیی نەمر و پێشمەرگەکانی مەزنترین پاڵپشت بوون بۆ کۆماری کوردستان لە مەھاباد، بارزانیی نەمر ھێمای گەلێکی بەش خووراو زوڵملێکرا بوو کە جیھان لەڕێگەی ناوی ئەو کوردی ناسی، لە دوای خۆشی ڕێبازێکی جێھێشتووە کە ئەمڕۆ گەلی کوردستان توانیویەتی لەبەر ڕۆشناییەکەیدا لەناو گێژاوی ئاڵۆزییەکانی جیھاندا سیاسەتێکی ھاوسەنگ و ھێور بگرێتەبەرو لەناو ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی ئەم سەردەمە و باری سیاسی پشێوی عێراقدا، پێگەی خۆی بپارێزێت.
بارزانیی نەمر، بندەستی ڕەتکردەوە و لە چیاکانی بارزان، شۆڕشی بەرپا کرد، توانی ھەموو ئەو بەربەستانە ببڕێت و شۆڕش لە دوای شۆڕش بەرپا بکات و داوای مافی گەلی کوردستان بکات، ھەموو تەمەنی لە پێناو خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریی گەلی کوردستاندا بەخشی و، تا دواساتەکانی تەمەنیشی بیر و فکری ھەر لای نەتەوەکەی بووە، بەھۆی لێزانی و زیرەکایەتی و ملکەچنەکردنی بۆ دوژمنانی گەلی کوردستان، دوو جار لە ھەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، ئەوەی پێی کراوە بۆ نەتەوەکەی و پێی باش بووە کردوویەتی و خەون و ئامانجی ھەرە گەورەی ئەوە بووە کە خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زوڵمەی لەسەر خەڵکی کوردستان ھەیە نەھێڵێت و مافی خەڵکی کوردستان بە دەست بھێنێت.
وێستگەکانی تێکۆشان و خەباتی:
*مەلا مستەفا بارزانی لە ١٩١٩ بەشداریی لە جووڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانیدا کردووە و سەرپەرشتی تیپێکی چەکداری کردووە، کە ژمارەیان ٣٠٠ پێشمەرگە بووە.
*لە ١٩٢٠ شێح ئەحمەدی بارزان، برا گەورەی، وەک نوێنەر ڕەوانەی باکووری کوردستانی دەکات بۆ ئەوەی سەردانی شێخ سەعیدی پیران بکات و ھەماھەنگی لەگەڵ شۆڕشەکەی دروست بکات.
*لە نێوان ساڵانی ١٩٣١ – ١٩٣٢ سەرپەرشتی ھێزێکی بارزانییەکان دەکات بۆ بەرگریکردن لە میحوەری مێرگەسۆر – شێروان لە بەرانبەر ئینگلیزەکان، لەو شەڕەدا بەھۆی چاپووکیی و کارزانییەوە، ناوبانگێکی زۆری بەدەستھێنا و توانی میحوەرەکەی بپارێزێت.
*لە ١٩٣٤ لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و ھەندێک لە پیاوەکانیان، ڕوویان کردە تورکیا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەرێتی بکەن، دواتر بەھۆی وتوێژەوە گەڕانەوە عێراق و لە لایەن ئینگلیزەکان و دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق دوور خرانەوە، دواتر گەڕێندرانەوە سلێمانی و ماوەی ١٠ ساڵ بە دوورخراوەیی ژیانیان بەسەر برد.
*لە ١٢ی تەممووزی ١٩٤٣ بە ھاوکاریی ڕێکخراوی ھیوا توانی لە سلێمانی خۆی دەرباز بکات و بچێتە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
*لە ھەمان ساڵی ١٩٤٣ دا لە ئێرانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەک گەنج لە دەوری کۆبوونەوە، لە ماوەی دوو مانگدا ٢٠٠٠ پێشمەرگەی خۆبەخش ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەربڕی و توانیان دەست بەسەر زۆرینەی بنکەکانی پۆلیسی ناوچەکەدا بگرن.
*لە پایزی ١٩٤٣دا حکوومەتی بەغدا شاندێکی ڕەوانەی بارزان کرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی وتوێژ بکەن و شەڕ بوەستێت، مستەفا بارزانییش مەرجی ئەوەی خستەڕوو، کە دەبێت سەرجەم دوورخراوەکان و شێخ ئەحمەدی بارزان بگەڕێنەوە و دانوستان کۆتایی ھات و حکوومەتی نوری سەعید ھەموو مەرجەکانی مستەفا بارزانی جێبەجێ کرد.
*لە ١٩٤٣ – ١٩٤٥ شۆڕشی بارزانی لە دژی حکوومەتی عێراق، کە لە لایەن بەریتانیاوە پشتیوانی لێ دەکراو سەری ھەڵدا و شۆڕش ناوچەیەکی فراوانتری کوردستانی گرتەوە.
*لە ١١ی ئایاری ١٩٤٥ بارزانی و پێشمەرگەکانی ڕوویان کردە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
*لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ بارزانی لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مھاباد، بەشداریی کرد و لە لایەن قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستانەوە، کرایە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.
*لە ١٦ی ئاب ١٩٤٦ بارزانی نەمر پارتیی دیموکراتی کوردستانی عێراقی دامەزراند و وەک سەرۆکی پارتەکە ھەڵبژێردرا.
*دوای نسکۆی کۆماری کوردستان لە ١٩٤٧ ڕێڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ئەنجام دا و بارزانی ئامادە نەبوو خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی شاھەنشایی ئێران بکات و بەپێ خۆی و ٥٠٣ پێشمەرگە ڕوویان کردە یەکێتیی سۆڤیەت و لەو ڕێڕۆیشتنەشدا، ڕووبەڕووی سوپاکانی عێراق و ئێران و تورکیا بوونەوە.
*ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ١٩٤٧ بارزانی و یاوەرەکانی لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە یەکێتیی سۆڤیەت.
*لە یەکێتیی سۆڤیەتدا، کە ستالین سەرۆکی یەکێتییەکە بوو، مامەڵەیەکی توند لەگەڵ بارزانی و یاوەرانی دەکرا و تا دوای مردنی ستالین، لە ١٩٥٣ ھەندێک ڕەوشی ژیانیان باش بوو.
لە ڕووسیا، سەرەڕای تێپەڕینی ٤٥ ساڵ لە تەمەنی بارزانی لە ئەکادیمیای زمانەکان لە مۆسکۆ دەستیکرد بە خوێندنی ئابووری و جوگرافیا و زانست و زمانی رووسی.
*لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی ١٩٥٨ بارزانی و یاوەرەکانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا ھەولێر جەماوەر پێشوازیان لێکردن.
*عەبدولکەریم قاسم، سەرۆککۆماری عێراق لە ٧ی تشرینی یەکەم ١٩٥٨ پێشوازی لە بارزانی و یاوەرانی کرد.
*لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ بارزانی ڕابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەکداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدای کرد و ١٥ ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستھێنا.
*لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بارزانی و حکوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ڕێککەوتن و یەکەمجار بوو لە مێژووی کوردستاندا شۆڕشێکی کوردی بە ٩ ساڵ خەبات بتوانێت ئەو دەستکەوتە بۆ کورد بەدەستبھێنێت.
*لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥ بەھۆی ڕێککەوتنی سەدام حوسێن و محەممەد ڕەزا شای ئێران لە جەزائیر شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ بوو و بەو ھۆیەوە بارزانی و ھەزاران پێشمەرگەی شۆڕشەکە ڕێگەی ئاوارەییان ھەڵبژارد.
* لە دوای نسکۆی ١٩٧٥ جارێکی دیکە بارزانی چاودێری و سەرپەرشتی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی کرد.
لە ١ی ئاداری ١٩٧٩ بارزانیی نەمر لە ئەمریکا بەھۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد لە ٥/٣/١٩٧٩ لەسەر وەسیەتی خۆی لە شاری شنۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لەسەر سنووری باشووری کوردستان و باکووری کوردستان ئەسپەردەی خاک کرا.
*دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١، تەرمی بارزانیی نەمر و ئیدریسی ھەمیشە زیندوو لە ئارامگەی خۆیان لە خاکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، گواسترانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە شوێنی لە دایکبوونییان لە بارزان بە خاک سپێردرانەوە.