بەڵگە فیلمی ژیانی ونبوو لە مزگەوتی ڕەش هەرمێ نمایشکرا

“ژیانی ونبوو” لە نووسین و دەرهێانی هونەرمەند “بورهان ئەحمەدی”ـیە و جیاواز لە نمایشەکانی دیکەیدا ئەمجارەیان لە مزگەوتێکی سەردەشت بە ناوی “ڕەش هەرمێ” بە ئامادەبوونی فیلمسازان و دەستەیەک لە هونەرمەندانی بواری میوزیک و شێوەکاری و خەڵکی ئەو دەڤەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نمایشکرا.

بورهان ئەحمەدی ڕایگەیاند، فیلمەکە کە باس لە کارەساتی کیمیابارانکردنی گوندی رەش هەرمێ دەکات، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەفتە نمایشی سینەمایی و فۆتۆگرافی لە سەردەشت، لە مزگەوتی گوندی رەش هەرمێی سەر بەو شارە پێشاندرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە بەرهەمی تۆڕی میدیایی ڕووداوە و خەڵکی گوندی رەش هەرمێ لە کاتی وێنەگرتندا هاوکاری بوونە. گوتیشی، بڕیارە لە 16ـی ئاداری 2025، لە زانکۆی سنە پێشانبدرێتەوە.
گوتیشی: بەڵگەفیلمەکە لە چەندین فێستیڤاڵدا بەشداربووە و چەند خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە.
بورهان ئەحمەدی، لە نیشاندانی بەڵگە فیلمی “ژیانی ونبوو” لە مزگەوتی گوندی رەش هەرمێ
لە 28ـی حوزەیرانی 1987 لە شەڕی عێراق و ئێران، گوندی رەش هەرمێ نزیک شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کیمیابارانکرا، بەهۆیەوە دەیان هاونیشتمانی شەهید و برینداربوون. بەڵگەفیلمەکە باسی ماڵباتی مام قادر مەولان دەکات کە دانیشتووی گوندی رەش هەرمێ بوون، چۆن بەر چەکی کیمیایی دەکەون، جگە لە خۆی و کوڕێکی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی شەهید دەبن، دواتر لە دادگەی لاهای مام قادر وەک شاهید و قوربانیی کیمیابارانەکە ئامادە دەبێت.
شیڤان شێرزاد – هەولێر