تەموویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی چوارشەممە ( ١٢ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی ڕوونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی کە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هاتبووە ئاراوە، بڕی ( ٩٥٧،٩٢٥،٨٨٠،٠٧٨ ) دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەوەش ئەو بڕە تەموویلە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواکرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سوپاسی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکات کە بەدرێژایی ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هاوکار و هەماهەنگ بوون و وەک یەک تیم کاریان کردووە بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچە و ناردنی تەموویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
شایەنی باسە بەپێی گشتاندن و ڕێنمایی لەدوای (١٠ ) ی هەموو مانگێک ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەکرێت بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەنزیکترین کاتدا.
سبەی پێنج شەممە ( ١٣ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لەهەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری. ١٢ ی ئازاری ٢٠٢٥.