ڕائیب جادر – هەولێر
ھەر کاتێک ھەڕەشە لە پێکھاتەیەک کرا بێت ھەرێمی کوردستان ئارامترین پەناگە بووە بۆ پاراستنی ئەوان، بۆ ئەو مەبەستە بە دەیان کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە کوردستان ھەنە و سەر و ماڵیان پارێزراوە و لێرە ھەست بە ئارامی دەکەن. وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان مافی ھەموو پێکھاتەکان پارێزراوە، گرنگی زۆر بە داواکاریەکانیان دراوە و ئەوەی لە توانای حکوومەتی ھەرێم بووە بۆ پێکھاتەکان کراوە، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی دیکە تەماشای کوردستان بکات.
پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بە درێژای مێژوو وەکو کولتوور لەناو پێکھاتەکانی کوردستان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گوازراوەتەوە و ھەموو پێکھاتەکان بە ئازادانە ڕێوڕەسمە ئایینی و نەتەوەییەکانی خۆیان دەگێڕن.
ھەرێمی کوردستان فرەئایین و فڕەنەتەوە و ئایین و ئایینزایە و بەوەش ناسراوە کە بووەتە مەڵبەندی پێکەوەژیانی تەواوی پێکھاتە و ئایین و ئایینزاکان و ھەر لەبەر ئەوەش، لە دنیای دەرەوەدا ھەرێمی کوردستان بە شوێنێکی ئارام بۆ پێکەوەژیانی ئایین و پێکھاتەکان ناوی دەرکردووە، بەشێوەیەکی یاسایی دەسەڵاتی یاسادانان بە چەند بڕیار و یاسایەک توانیویەتی مافی ئەم پێکھاتانە دەستەبەر بکات و پشکداری کارایان لە دەسەڵاتی تەنفیزیدا ھەبێت و ئێستا ئەوان بە فەرمی لە دەسەڵاتی یاسایی و تەنفیزی و دادوەریی ھەرێمی کوردستاندا ڕۆڵیان ھەیە، ھەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین لە حکوومەتدا توانیویەتی دەسەڵاتێکی یاسایی بە پێکھاتەکان بدات کە نوێنەراتییان ھەبێت و ٨ ئایین لە دەسەڵاتی یاسادانان و حکوومەتدا مافی بەشداری ڕاستەقینەیان ھەبێت، لە ئەنجومەنی پارێزگاکانیشدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، چونکە یاسایەکی تایبەتیان ھەیە و دەبێ پێکھاتەکان ھەم لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا و ھەم لە جومگەکانی دەسەڵاتیشدا پشکدارییەکی کارایان ھەبێت، جگە لە ئایینی ئیسلام، ٧ پێکھاتەی تر نوێنەرایەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف ھەیە؛ وەک مەسیحی، ئێزدی، بەھائی، سابیئەی مەندائی، زەردەشتی، کاکەیی، یارسان و جوو.
لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ماون، کە نزیکەی ھەشت سەد ھەزار ئاوارەی ناوخۆ و دوو سەد و شەست و شەش ھەزار پەنابەری ڕۆژئاوا، زۆربەیان لە ٣٨ کەمپی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، ھەندێک ئاوارە و پەنابەریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ٤١%ی پەنابەران و ئاوارەکان لە پارێزگای ھەولێرن، ٤٠% لە پارێزگای دھۆک و ١٩% لە پارێزگای سلێمانین، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەکان بارگرانییەکی زۆریان لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەتایبەتی لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە، خەرجی ڕۆژانەی ھەر ئاوارە و پەنابەرێک ٣.٧ دۆلارە، بەو پێیەش بێت خزمەتگوزارییەکانی ئاوارە و پەنابەران ڕۆژانە سێ ملیۆن و نۆ سەد ھەزار دۆلارە.
جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: چۆن موسڵمانەکان لەو مانگەدا بە ڕۆژوو دەبن و ڕێزێکی زۆر لەو مانگە دەگرن، ئێمەش وەکو ئێزدییەکان بە چاوێکی گەورە تەماشای ئەو مانگە دەکەین و ڕێز لە موسڵمانەکان دەگرین، کەواتە کوردستان لە مێژە وەکو مەڵبەندی پێکەوەژیان ناسراوە، جەژن پیرۆز کردن و سەردانی یەکدی کرد، یەکێک لە نەریتی ئێزدییەکانە، ھەر کاتێک دەبێتە جەژن، جا جەژنی ھەر پێکھاتەیەک بێت بە جۆش و خرۆشێکی گەورە جەژن لە یەکدی پیرۆز دەکەین.
لە ھەرێمی کوردستان مزگەوت، دێر و نزارگە لە یەکدیەوە نزیکن و پێکھاتەکان ڕێز لە بیر و باوەڕی یەکدی دەگرن. ئەحمەد محەممەد، مامۆستای ئایینی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زۆر کەس و لایەن ھەتا تیرۆریستانی داعش زۆر ھەوڵیان دا ئەو پێکەوەژیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە تێک بدەن، بەڵام نەک نەیان توانی، بەڵکو ئەو پێکەوەژیانە لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر بووە و کاتێک ئێزدییەکان و مەسیحییەکان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، موسڵمانەکان دەرگای ماڵەکانیان بۆ کردەوە، ئێستاش لەو گوند و ئاوایانەی کە مەسیحی و موسڵمان پێکەوە دەژین بەردەوام ھاوکاری یەکدی دەکەن و لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ یەکدی دانە.
پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ٢٠ کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری دھۆک ھەن، ئەو ئاوارانەی کە لەنێو کەمپەکان دەژین ٢٠٨١٤ خێزان دەبن، لە دەرەوەی کەمپەکانیش ٣٥٠٠٠ خێزان دەبن، لەگەڵ ٨٥ ھەزار پەنابەر، کە کۆی گشتی ٣٧٥ ھەزار کەس لە ئاوارە و پەنابەر دەبن، ئێستا ھەر پێنج سێکتەری ژیان لە نێو کەمپەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات، وەکو ھەڵگرتنی پاشماوەی ئاوارەکان، دابینکردنی ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە ھەموو ئەو سێکتەرانە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم بەڕێوەدەبردرێن، حکوومەتی ھەرێم بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زۆر باش توانیویەتی خزمەتی ئاوارە و پەنابەران بکات، ئاوارە و پەنابەرانیش وەکو ھەر ھاووڵاتییەکی دیکەی سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ سوودمەندن لە خزمەتگوزارییەکان و بە ئازادانە لەنێو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەژین و دێن و دەچن.
لەلایەکی دیکەوە ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: لە ھەرێمی کوردستان مافی ھەموو پێکھاتەکان پارێزراوە، گرنگی زۆر بە داواکاریەکانیان دراوە و ئەوەی لە توانای حکوومەتی ھەرێم بووە بۆ پێکھاتەکان کراوە، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی دیکە تەماشای ھەرێمی کوردستان بکات.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، گوتیشی: ھەبوونی مەلەفی کاروباری پێکھاتەکان لەناو حکوومەتی ھەرێم شتێکی زۆر باشە، لە ئێستادا گەیشتووینەتە مەرحەلەیەکی زۆر باش بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان، زۆر گرنگە لە کابینەی دەیەم زیاتر گرنگی بە پێکھاتەکان بدرێت و ئامادەبوونیان ھەبێت، چونکە لە ئێستادا ئەو مەلەفە وەکو تەجروبە سەرکەوتوو بووە و فۆکسی زیاتری لەسەرە، دەورێکی باشمان ھەیە لە گەیاندن و چارەکردنی کێشەی پێکھاتەکان، ڕۆژانە چاودێری کێشە و گرفتی پێکھاتەکان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە بەرگریان لێ بکەین و کێشەکانیان چارە بکەین.