لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەم پارتی دەبێتە هاوپەیمانیی ئاكەپە

كارزان گلی – هه‌ولێر

پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، تەنیا لەوەدا خۆی نابینێتەوە كە پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پەیامەكە زۆر لایەنی تری هەیە، یەكێك لەو لایەنانە رێگەخۆشكردنە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، تا لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیدا بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا.

بە گوێرەی دەستووری توركیا بێت، ئەردۆغان بۆی هەیە دوو جار سەركۆمار بێت و بۆ جاری سێیەم ئەو مافەی نییە، بۆیە دەبێت دەستوور هەموار بكرێتەوە تا ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێر بكاتەوە.
دەنگی ئاكەپە و مەهەپەی هاوپەیمانی، ناگاتە ئەو رێژەیە كە بتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ گەل گۆڕانكاری لەو مادەیەدا بكەن كە رێگەی لە ئەردۆغان گرتووە بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر، دەبێت دەم پارتی لەناو پەرلەمان پشتگیری لە ئاكەپە بكەن.
ئەگەر دەم پارتی بە ٦١ پەرلەمانتارەوە بە بەڵێ دەنگ بدات بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور و رازی بێت ئەردۆغان بۆ سێیەم جار خۆی بەربژێر بكاتەوە، ئەمە دەریدەخات كە لە دەرەوەی پەرلەمانیش دەبنە هاوپەیمان.
بەگوێرەی شرۆڤەی بەشێك لە لێكۆڵەرانی سیاسی، ئامانجی گەورەی ئەردۆغان بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری كورد ئەنجامی هەبێت، رێگەخۆشكردنیەتی تا بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دەم پارتی تاكە رێگەیە كە ئەردۆغان تاقی بكاتەوە و رازیان بكات تا دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور.
دوای پەیامەكەی ئۆجەلان، نێوانی دەم پارتی و هاوپەیمانیی (كۆماری) كە لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە دروست بووە زۆر باش بووە، تەنانەت دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەیە، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەدا كرد كە شاندی دەم پارتی بوون بۆ ئیمرالی و هەروەها بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەش كرد.
ئەم هەموو نزیكبوونەوەیە پێمان دەڵێت، ناكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا دەم پارتی ببێتە ركابەری هاوپەیمانیی كۆماری، بەپێچەوانەوە هەموو بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، دەم پارتی بچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆماری و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بێت ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣دا، دەم پارتی پاڵپشتی لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە و هەروەها بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كرد، بەڵام ئەگەر زۆرە ئەمجارەیان پشتگیری لە ئەردۆغان بكات.
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی سەر بە ئاكەپە، ئۆجەلان بە شاندی دەم پارتی گوتوویەتی، پێویست دەكات ئەردۆغان ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا، ئەمەش بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی درێژەی هەبێت و بگاتە ئەنجام، دەم پارتیش رۆڵی گەورەی دەبێت لە سەركەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردندا.
ئەگەر پەكەكە كۆنگرە ببەسێت و چەك فڕێ بدات، حكوومەتی توركیا چەند هەنگاوێكی ئەرێنی بهاوێت، وەكوو گەڕانەوەی هەموو ئەو شارەوانیانەی قەیوم كراون، هەروەها ئازادكردنی دەمیرتاش و دەیان زیندانیی تری كورد، ئەوكات چوونی دەم پارتی بۆ ناو هاوپەیمانیی كۆماری، لە ئەگەرێكی بەهێزەوە دەبێت بە كردار.