بەرشلۆنە بە هۆكارێكی سەیر لە بۆندێكی گرنگ بێبەش دەبێ

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، نزیك دەبێتەوە لە لەدەستدانی بۆندێكی گرنگ، كە نیازی وابوو لە هاوینی دادێ جێبەجێی بكات.

پێشتر چەندان ڕاپۆرتی مێدیایی، باسیان لەوە دەكرد، كە یاریزانی كۆڵۆمبیی یانەی لیڤەرپوول (لویس دیاز)ی یاریزانی باڵ، یەكێكە لە ئامانجە گەورەكانی یانەی بەرشلۆنە بۆ هاوینی داهاتوو، بەو مەرجەی یانە ئینگلیزییەكە بۆندەكەی لەگەڵدا نوێ نەكاتەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە ئێستە لویس دیاز، زۆر نزیك بووەتەوە لەوەی لەگەڵ یانەكەیدا بگاتە ڕێككەوتن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، سەرەڕای ئەوەی پێشتر وا باس كرا، كە گفتوگۆی نێوان هەردوولا لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی گەیشتووەتە بنبەست و نوێ ناكرێتەوە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە واژۆكردنی گرێبەستی نوێی لیڤەرپوول لەگەڵ كۆمپانیایەكی جلوبەرگ و پۆشاك، یارمەتیی زیاتری یانەی لیڤەرپوول دەدا، لەوەی بتوانێ هەردوو لێك نزیك ببنەوە و گرێبەستەكەی لەگەڵ لویس دیاز نوێ بكاتەوە.
ڕوونیشی كردووەتەوە، كە كۆمپانیاكەی جلوبەرگ، بە سپۆنسەری سەرەكیی ئەستێرە كۆڵۆمبییەكە دادەنرێ و بۆ ڕەوجدان بە بەرهەمەكانی زۆر پشت بە دیاز دەبەستێ، ئەوەش ئەگەرەكانی رۆیشتنی دیاز لە لیڤەرپوول لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا كەم دەكاتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت ئاشكراشی كردووە، كە بەرشلۆنە هێشتا پارێزگاری لە پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ دیاز كۆڵ نادا و ناكشێتەوە، بەڵام كێشەی هەر گەورەی كە دێتە پێش، ئەوەیە گرێبەستەكەی دیاز لەگەڵ یانەكەی ئێستەی تا ساڵی 2027ـە، ئەوەش وا دەكا نرخی بۆندەكەی گران و زۆر بێت.