ئەمڕۆ یانەی دهۆک لە یاریی گەڕانەوەی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەب، میوانداریی یانەی ئیتیفاقی سعوودی دەکات

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

ئەمڕۆ لە یاریی گەڕانەوەی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەبی یانەی دهۆک میوانداری یانەی ئیتیفاقی سعوودی دەکات، بە سووی وەرگرتن لە بردنەوەی یاری یەکەم کە لە سعودیە ئەنجامدار و دهۆک بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە، هەڵۆیەکان نزیکن لە گەیشتن بە یاری کۆتایی.

دهۆک میوانداری یانەی ئیتیفاقی سعوودی دەکات
لە میانەی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانیەتی جامی کەنداوی عەرەبی ئەمڕۆ یانەی دهۆک لەسەر یاریگەی خۆی لە کاتژمێر ٩ی شەو میوانداری یانەی ئیتیفاقی سعوودی دەکات، لەیاری چوونی نێوانیان کە لە ریازی پایتەختی بەڕێوەچوو، دهۆک بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە، لە نیوەی یەکەمدا مارلۆن دۆسانتۆسی بەرازیلی بە گۆڵێک دهۆکی پێش خست، دواتر لە نیوەی دووەمی یارییەکە دهۆک نزیک بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی دووەمیش، بەڵام یارییەکە تا کۆتایی بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لەبەرژەوەندی دهۆک تەواو بوو، هەڵۆیەکانی چیا سەرکەوتنێکی مێژوویان لەبەرانبەر بە یەکێک لە یانە گەورەکانی سعودیە بەدەستهێنا.
هەڵۆکانی چیا بە سوود وەرگرتن لە بردنەوەی یاری یەکەم، بە گڕووتینێکی زۆرەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەن، لەو پێناوەدا بەرپرسانی یانەکە تەواوی ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە کردووە، بە گوێرەی زانیارییەکانیش یانەی ئیتفیاق هەر ئەمڕۆ لەڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشتی شاری دهۆک دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە سعودیە، لە یاری دووەمی پێش کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە یانەی نەسری ئیماراتی دەبێتە میوانی یانەی قادسیەی کوێتی کە ئەمەی دوایان لە یاری چووندا بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر سەرکەوتنی تۆمار کرد بوو.
دۆخی هەردوو یانە جیاوازە یانەی دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە ١٩ یاریدا خاوەنی ٣٤ خاڵە و لە خانەی شەشەمی ریزبەندی یانەکانە، یانەی ئیتیفاقیش لە خولی ڕۆشەنی سعوودی لە کۆی ٢٤ یاری کە ئەنجامی داوە خاوەنی ٣٥ خاڵە و لە پلەی حەوتەمی ڕیزبەندی یانەکانە.
بۆ ئەم یارییە هاندەرێکی زۆر بە تامەزرۆەوە بلیتی یارییەکان بڕیوەو یانەی دهۆک ڕایگەیاند سەرجەم بلیتیەکانی یارییەکە فرۆشراون.
یانەی دهۆک بۆ یەکەمین جار لەمێژووی خۆیدا بەشداری ئەو پاڵەوانیەتیە دەکات، دهۆک لە پاڵەوانیەتیەکەدا لە کۆمەڵەی یەکەم هاوشانی یانەکانی نەسڕی دوبەی ئیماراتی، زەفاری عومانی و ئەهلی سەنعای یەمەنی یاری کرد، لە یاری یەکەمدا هەڵۆیەکانی چیا لەسەر یاریگەی خۆیان میوانداری یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنیان کرد، یارییەکە بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لەبەرژەوەندی یانەی دهۆک کۆتایی هات و یەکەم سێ خاڵی لە پاڵەوانیەتیەکەدا بەدەستهێنا، لەیاری دووەمیشدا دهۆک لە شانشینی عومان لەگەڵ یانەی زەفار بە گۆڵێک یەکسان بوو، لە سێیەم یاریشدا لەگەڵ یانەی نەسر بە دوو گۆڵ یەکسان بووە، لە چوارەم یاریدا دهۆک بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە ئیمارات لەگەڵ نەسر دۆڕا، لە پێنجەم یاریدا دهۆک بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی بردەوە، لە شەشەم یاریدا دهۆک بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان لەگەڵ یانەی زەفاری عومانی یەکسان بوو، دهۆک بە کۆکردنەوەی ١٢ خاڵ دوای یانەی نەسری ئیماراتی بە پلەی دووەم سەرکەوت بۆ یاری پێش کۆتایی خولەکە.