سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی سه‌ر نووسینگه‌ی شاخه‌وان عه‌بدوڵا ده‌كات
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجامداوه و تێیدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه‌ی سه‌ر نووسینگهكهیانی له شاری كه‌ركووك كردووه.
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند: له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران به توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژییه تیرۆریستییه‌ی سه‌ر نووسینگه‌ی به‌ڕێزیانی كرد له شاری كه‌ركووك له شه‌وی رابردوودا.
ڕاشیگه‌یاند: كازمی له په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا داوای له ده‌زگا ئه‌منی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد تاوانباران ده‌ستگیر بكه‌ن و جارێكی تر ئه‌م كرده‌وه تیرۆریستییه ترسنۆكانه‌یه دووباره نه‌بێته‌وه و ئاسایش له سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكه به‌رقه‌رار بكه‌ن.
نووسینگه‌كه هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: كازمی هه‌روه‌ها گوتی كه پشتیوانی ده‌زگای یاسادانان ده‌كات له خولی پێنجه‌می په‌رله‌ماندا له كار و یاسادانان و یاسا گرینگه‌كانی قۆناغی داهاتوودا كه به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك و قه‌باره‌ی ئاسته‌نگه‌كان بگونجێت.
لای خۆشییه‌وه جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه سوپاسی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی كرد كه ڕاسته‌وخۆ گرینگی داوه و به‌دواداچوونی بۆ دۆسییه ئه‌منییه‌كه كردووه و گوتی “ئه‌و ده‌ستدرێژییه تیرۆریستییه‌ی سه‌ر نووسینگه‌كه‌مان له شاری كه‌ركووك زیاتر وره‌ی ئه‌رك و كاری نیشتمانیمان به‌رز ده‌كاته‌وه، به‌رده‌وام ده‌بین له كاره‌كانمان له‌ژێر چه‌تری په‌رله‌ماندا بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان”.
جێی باسه شه‌وی ڕابردوو به نارنجۆكی ده‌ستی هێرشكرابووه سه‌ر نووسینگه‌ی دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له گه‌ڕه‌كی ڕه‌حیماوای شاری كه‌ركووك، هێرشه‌كه‌ش هیچ زیانێكی گیانی لێ نهكهوتبووهوه ته‌نیا زیانی ماددی به‌ر باڵه‌خانه‌كه كه‌وتبوو.