پارێزگاری شرناخی تورکیا بە یاوەری شاندێک گەیشتنە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و لەگەڵ سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەکە گفتوگۆیان لەبارەی ئاسانکاریی پتر بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا کرد.
سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، حەمید عەلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل پێشوازیی لە بیرۆل ئێکێچی، پارێزگاری شرناخ و محەممەد یارکا، سەرۆکی شارەوانی شرناخ، ئوسمان گێلیس، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شرناخ کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆمەڵگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی میکانیزمەکانی ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان کرد لەنێوان هەردوولادا، هاوکات دووپاتیان لەوە کردووە کە پێویستە ئاسانکارییەکان ببنە هۆکاری ئاڵوگۆڕی زیاتری بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، سەرباری هاتوچۆی گەشتیارانی نێوان هەردوولا.