وەزیری دارایی عێراق راسپێردراوە جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ نەمانی غازی ئێران بدۆزێتەوە

چەند ڕۆژێکە حکومەتی عێراق بە وردی دەستی کردووە بە گەران بۆ جێگرەوەی غازی ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش ڕووی لە هەریەکە لە وڵاتی قەتەر و عومان کردووە.

حەمزە عەبدولباقی، سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشووری عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند “عێراق هەنگاو بەرەو قەتەر و شانشینی عومان دەنێت بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگرەوەی غازی ئێرانی.”

سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشوور ئاماژەی بەوەش کرد “وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پچڕانی غازی ئێرانی، حکوومەتی عێراق وێستگەیەکی غازی سروشتی بەکرێ دەگرێت. هەروەها وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوە کە جێگرەوەی گونجاو بۆ نەمانی غازی ئێرانی بدۆزێتەوە.”

بە گوێرەی گرێبەستێک، ئێران ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجای غازی دەفرۆشتە عێراق، بەڵام ڕۆژی شەممە، 08-03-2025، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا کە ڕێگەی بە حکوومەتی عێراق دەدا، غازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت ماوەی چەند ساڵێکە ئەمریکا داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات کەمتر پشت بە غازی ئێران ببەستن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتیمانی، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمریکا دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک زیاتر گوشارەکانی چرتر بکاتەوە بۆ شەری ئابوری لەگەڵ ئێران.