لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ئۆفیسی نوێی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی کرایەوە

 

ڕۆژی دووشەممە 10ـی ئاداری 2025 بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر ڕۆشنبیر و شاعیر و ئەکادیمیستان، ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئۆفیسی نوێی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی بەڕێوەچوو.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.

پاشان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: کوردستان و کورد و کەلتوور سێ بنچینەی گرنگی کارکردنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانین، هەروەها باسی لەوە کرد کە کردنەوەی ئەم ئۆفیسە هەنگاوێکی گرنگە و جۆرێکە لە بایەخدان بە بواری کتێب و چاپ و بڵاوکردنەوە، 25 ساڵ کارکردن لە بواری وشە و دەق و کتێب و تێفکرینی کوردی و پڕکردنەوەی نامەخانەی کوردی بە دەقی ڕاست و بە تێڕوانینی ڕاست و بە وشەی ڕاست و بە ئایندەبینی ڕاست، ئەمە فەزڵ و چاکە و ڕووناهی و ڕوونییەکەی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە.

دواتر کاروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی وێڕای گوتاری بەخێرهاتن، ئاماژەی بە کار و چالاکی و بەرهەمە گرنگەکانی دەزگاکەکە لە ماوەی ڕابردوودا کرد.

پاشان، فیچەرێک دەربارەی مێژوو و کار و چالاکی و بەرهەمەکانی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی بەشێکی دیکە بوو لە ڕێوڕەسمەکە کە تیاییدا قۆناغە جیاجیاکانی کارکردنی دەزگاکەکە بۆ ئامادەبووان خرایە ڕوو.

ئاسۆ کەریم یەکەمین بەڕێوەبەری دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی گوتەیەکی پێشکەش کرد، تیایدا باسی لە سەرەتای دامەزراندنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی کرد، کە لەسەرەتاوە بە چەند قۆناغێکی گرنگ و چارەنوسسازدا تێپەڕیوە تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغەی ئێستا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا چەندین چەپکە گوڵی پیرۆزبایی نووسەران و ڕۆشنبیران، پێشکەشی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی کران.

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی لە ٢٠٠٠/٧/٤، چارەگە سەدەیەکە لە شاری هەولێر دامەزراوە، لەسەرەتاوە تاوەکوو ئەمڕۆ (١١٠٠) هەزار و سەد نێونیشانی لە بواری مێژوو، جیۆگرافیا، هزر، فەلسەفە، هونەر، سیاسەت، کۆمەڵایەتی، ئەدەب، بە هەموو ژانرەکانییەوە، کتێب بۆ منداڵان، فەرهەنگ، چاپ و بڵاوکردۆتەوە.