فەزیلە شۆرش
ماف کە لە خاوەنه‌كه‌ی سەندرا، یان پێشێلکرا، پێویست بە خەبات ده‌كات بۆ وەرگرتنەوەی، پێشێل نەکردنی مافەکانی ئافرەت مایه‌ی شكۆمه‌ندی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌رێتی یاسا‌و رێزگرتنه له‌داب و نه‌ریت و مرۆڤ دۆستی و کۆمەڵگە و خێزان.
بە ئاوڕدانەوەیەک له رابوردوو دەبینین له‌ئه‌نجامی بیرکردنەوەی ئافرەتان لەپێشێلكردنی مافەرەواکانیان، خراپی ژیان و گوزه‌رانیان، خراپی ژینگه‌ی كار‌و كاركردنیان، وایکرد ئافرەتانی كرێكار له کارگەی ئاوریشم لە شیکاگۆ-نیۆیۆرک لە ٨ی مارسی ١٩٠٨ دەست بە مانگرتێنکی بەرفروان بکەن و هزر و بیری ئافرەتان بەرەو خەباتێکی ئاشتییانە ئاراسته بكه‌ن، به‌ره‌و به‌ده‌ستهێنانی مافی ئابوری و رێکخستنی کاتی کارکردن و باشترکردنی شوێنی کاریان، ئیتر ئه‌و رۆژە بووە وێستگەیەکی گرنگ و کرۆکی خەباتی ئافرەتانی جیهان، هەنگاوێکی پێویست بوو، بۆ داوا و وەرگرتنی مافی یەکسانی له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه.
لەگەڵ ئەم سەرکەوتن و خەباتەی ئافرەتان و دانپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٨ی مارس وەک رۆژی جیهانی ئافرەتان، به‌ڵام بەداخەوە تا ئێستاش کە سەدەی بیست و یەکە لە زۆربه‌ی ولاتانی جیهان ئافرەتان به‌هۆی بوونی نادادپەروەریی و نایەکسانییهوه دەناڵێن، کەواتە ئافرەتانی جیهان بە بەردەوامیی پێویستیان بە خەباتە بۆ وەرگرتنی گشت مافەکانیان.
ئافرەتانی کوردستانیش وەک ئافرەتانی تری جیهان، لە رۆژی ٨ی مارسدا، جەخت لە گرنگیی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکەنهوهو سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ٨ی مارس شۆڕش و دەستکەوتە بۆ هەموو ئافرەتانی جیهان.
ئێمەی ئافرەتانی کوردستان شانازی بە خەباتی ئافرەتانی کورد دەکەین کە بۆ ئازادیی نیشتمان و سه‌ربه‌خۆیی خاكه‌كه‌مان خەباتیان کردووە، بوێرانە خۆیان و رۆلەکانیان کردە قوربانی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، نمونه‌ی ئه‌و ئافره‌ته ئازا‌و شۆڕگێڕو پێشه‌نگانه، لە مێژووی کورددا وێنه‌یان زۆره، کە قارەمانانە بەرگەی هەموو سەختییەکانیان گرت و تۆماری ئافرەتی کوردیان پرکرد لە شکۆمه‌ندیی و شانازی.
پاش راپه‌رینی كوردستان و ئازادیی و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، ئافرەتانی کوردستان چه‌ند دەستکەوتێکی باشیان به‌ده‌ستهێنا و هه‌ست به‌دڵنیایی ده‌كه‌ن كاتێك حوکوومەتی هەرێم سوره له‌سه‌ر پاراستن و به‌ده‌ستهێنانی زیاتری مافه‌كانیان، بەتایبەتی لەبهشداریپێكردنی ئافره‌تان له ناوەندەکانی بریار و داڕشتنی سیاسەت و كارنامه‌ی حكومه‌تدا، رێکخستن و جێبەجێکردنی یاساکان لە بەرژەوەندی ئافرەت و خێزان و ئاشته‌وایی و ئاسایشی گشتی كۆمه‌ڵگه‌دایه.
پێویستە لە پاڵ هه‌وڵ و پلانه‌كانی حوکوومەتی هەرێمدا، كۆمه‌ڵگه‌و خێزانیش وه‌ك یه‌كه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، زیاتر پارێزەری ماف و پێگەی ئافرەت بن و رێگری لە هەر کار و پیلان و مامه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ن، کە دەبێتە هۆکاری جیاکاری و نادادپەروەریی لە نێو تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌دا.