پێگەی ئافرەت لە کوردستان

لیا سەیفەدین
کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتی لە کوردستان لە ڕووی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئافرەت و ڕوانین بۆ بابەتەکانیان، بە بەراورد لەگەڵ وڵات و کۆمەڵگە و نەتەوەکانی دراوسێ، ئاستێکی مامناوەندیی هەیە؛ ئەوەتا لە هەندێ شوێنی هەرێمی کوردستاندا پیاوی خێزاندار نازناوی ئافرەت واتا (دایکی یان هاوژینی)هەڵدەگرێت و پێی دەناسرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم کۆمەڵگەیە بێبەش نییە لە ناهەقی و پێشێلکارییەکان دەرهەق بە ئافرەتان، چونکە ئەم هەڵسوکەوت و تێڕوانینانە سەبارەت بەئافرەتان، لە هەموو ناوچەیەکی هەرێم وەك یەك نییە.
ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە سووکایەتی و بەکەمزانینی ئافرەتانە بێجگە لەنالەباریی دۆخی ئافرەتان لە ڕووی هاوسەرگیری و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، پەراوێزخستنی ئافرەتان لە لایەنی سیاسییەوە دەبیندرێت، ئەمە پێویستیی بە کارکردنێکی زۆری دەستەجەمعیە لە لایەن چالاکوانەکانی ئافرەتان و کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ هێنانەکایەی کەشێکی یەکسان و ئاشتییانە بۆ هەر دوو ڕەگەز لە بوارە جیاوازەکاندا بەگشتی دۆخی ئافرەت و پرسەکانی پەیوەستە بە خێزان، زانکۆ و پەیمانگا، ئابوری و پیشەسازی، دام و دەزگای حیزبی، میدیا بە گشتی و رەهەندی كۆمەڵگه هەتا دەگاتە پەرلەمان و سەرەوەی دەسەڵات.
بەشێکی پیاوان و کۆمەڵگە و هەندێجار خودی ئافرەتان خۆشیان
وادەبینین كە ئافرەت سەرچاوەی لاوازییە، و سروشتی بە نەریتیكردنی ئافرەت ئەوەیه كە وەكو مێنیەك دەبێت هەمیشە لە ناو نەریت و بیری كۆمەڵایەتی و پیاوی سیاسی و كۆمەڵگەیە‌وه ‌پارێزراوبێت هەر ئەمەیە وادەكات پەروەردەیەك بەرجەستە ببێت كە زورترین نیشانەی ترس و وەهم و بیركردنەوەی نائەقڵانی تییادابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا سەرباری ئەوەی ئافرەتان لەتێگەشتنی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، بەلاوازتر له پیاوان ئەژمارکراون، بەپێچەوانەوە نەك کەمتر و لاوازتر نەبوون و نین، به ڵکو له زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگا بەهێزتر وورد و بەسەبرترن.
بۆ نمونه له سەرەتای شۆڕشی کوردستانەوە هەتا ئیستاشی لەگەڵ بێت ئافرەتانی کورد شان به‌شانی پیاوان له سه نگەرەکانی دژی داگیرکەردا خەبات و شەڕیان کردوه. لە هەمان کاتدا زۆربەی ئەرکەکانی ناوماڵیشان به ئه ستۆگرتووه وزۆرترین قوربانیان لە پێناو ژیانێکی مرۆڤانە پێشکەش کردووە. ئافرەتانی كورد شان به‌ شانی ئافرەتانی جیهان، لە مەیدانی سیاسی و سەربازی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و خوێندەواریدا، رۆڵ و پێگه‌ی گرنگ و كاریگه‌رییان هه‌بووه‌، هه‌م له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌، هه‌میش له‌رووی چۆنایه‌تییه‌وه‌، ده‌یان ئافرەتی تێدا دەركەوتووە، كە شایانی ئەوەن لەلاپەرەكانی مێژوودا به‌شانازییه‌كی زۆره‌وه‌ باسیان بكرێت و كارەكانیشیان بەرز بنرخێندرێت .