بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەکانی وەزارەتی کارەبا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “ماوەیەکە لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، گوایە حکوومەتی هەرێم لە بەرانبەر دانانی سیستەمی سۆلار (بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر) لە لایەن هاووڵاتیانەوە، باج وەردەگیرێت، بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبا سەر لە بەری ئەم دەنگۆیە رەت دەکاتەوە.”
جەخت دەکاتەوە: “پێداگیرین لەسەر هەوڵ و پلانەکان بۆ یارمەتیدان و ئاسانکاریی، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن سیستەمی سۆلار پاوەر دابنێن.”
ئاشکراشی کردووە: “لە یاسای نوێی وەزارەتی کارەباشدا هاتووە، هەر بەشداربوویەکی کارەبا، ئەگەر سیستەمی سۆلار پاوەری هەبێت، دەتوانێت لە کاتی بوونی بەرهەمی زیادەی کارەباکەی بەشە زیادەکەی لەو کاتانەی پێویستی پێی نەبێت بداتەوە ناو تۆڕی کارەبای هەرێم و تێچووی کارەبای بە شێوەی لەبری (مقاصة) لەسەری کەم دەبێتەوە.”