ڕائیب جادر – هەولێر
ئەوانەی دەستیان بە خوێنی ئێزدییەکان سوورە و بەشدارییان لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان کردووە، لێبووردنی گشتی نایانگرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە دەست بە دابەشکردنی مینحەی مانگی شوباتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەر ھاووڵاتییانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش، کرا.
تا ئێستا ٢٥٠٠ ئێزدی بێسەروشوێنن و چەندین گۆڕی بە کۆمەڵیش تا ئێستا ھەڵنەدراونەتەوە، سەرباری ئەوەی زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتی ئێزدی لەنێو کەمپەکان ژیان بەسەر دەبەن.
بەپێی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٥٠٠٠ ئێزدی بە دەستی داعش کوژراون و ٢٧٤٥ منداڵیش بێ دایک و باوک ماونەتەوە، ئاشکراشی دەکات، تا ئێستا ٩٣ گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، سەرباری تاک گۆڕەکانیش.
نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، ٦٤١٧ ئێزدی ڕفێندران، ٣٥٤٨ لەوانە ئافرەت بوون، ٢٨٦٩ شیان پیاو بوون، لەنێو ئەو ژمارەیەدا ٣٥٨٥ ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگارکراون.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دوای سەردانیان بۆ دادگەی فیدراڵی دڵنیاکراونەتەوە لەوەی یاسای لێبوردنی گشتی ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە دەستیان بە خوێنی ئێزدییەکان سوورە و بەشداریان لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە دەست بە دابەشکردنی مینحەی مانگی شوباتی ئەمساڵ، بەسەر ڕزگاربووانی ئێزدی دەستی داعش کرا، بڕیاری پێدانی ئەم مینحەیە بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مینحەکەی بۆ ٣٥٧٤ کەسی ئێزدی دابینکردووە، بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە، بۆ ھەر ڕزگاربووێک بڕی ٢٠٠ ھەزار دینارە، مینحەکە ھەموو ئەو ڕزگاربووانە دەگرێتەوە کە لە ناوخۆی ھەرێم، یان ئەوانەی چوونەتە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان پێیان دەدرێت. سەعید جەردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەمە شەشەم مانگە مینحەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەبێ جیاوازی، بەسەر زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتیی ئێزدی دابەش دەکرێت کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ لە ژێر دەستی داعش ڕزگار کراون.
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، باسی لەوەش کرد، دابەشکردنی مینحەکەی سەرۆکوەزیران لە ھەر چوار لقی بنکەی لالش، شێخان، شاریا، خانکێ و دێرەبوونێ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەو ڕزگاربووانەی چوونەتە دەرەوەی وڵاتیش دەتوانن لە ڕێگەی بریکارەکانیانەوە وەربگرن.