کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند: ئەگەر ڕەچاوی مەرجەکانمان بکرێت و داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێن، ئامادەین بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرەێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە.
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان “ئەپیکور”، لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، چاوەڕێی ڕێککەوتنی نوێین لەبارەی هەناردەکردنەوە نەوت و، ڕێککەوتنی کۆتایی پێویستی بە کۆبوونەوەی زیاترە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووە، پابەندبوونی خۆیان بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات دەکینەوە، بەڵام بەو مەرجەی ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، دەڵێت: پێویستە ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و بە زووترین کات قەرزەکانمان پێ بدرێتەوە.
گوتیشی: پێویستە هاوشێوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە عێراق، مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت.
ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم “ئەپیکور”، بۆ مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر دووبارە هەناردەکردنی نەوت کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکەش بێ ئەنجام کۆتایی هات.