ڕائیب جادر – هەولێر
زیاتر لە ١٠٠ ساڵە پاراستنی ژینگە لە قەدەغەی داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشت و ڕاوی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی لە دەڤەری بارزان پەیڕەو دەکرێت، لەو دەڤەرە، ئاژەڵ و باڵندەی کێوی لە ئاسایشی تەواو دان، دانیشتووانەکەی بوونەتە ژینگەپارێز.
ژینگەپارێزی لەو دەڤەرە بووتە کولتوور و ھاووڵاتییان خۆیان بە بەرپرسیار دەبینن لە پاراستنی، بە سەدان جار ھاووڵاتییانی دەڤەری بارزان ئاژەڵە کێوییەکانیان لە مردن ڕزگار کردووە و لەسەر ئەرکی خۆیان دەرمان و چارەسەریان بۆ کردوون.
دەڤەری بارزان بووەتە نموونەیەکی جوان و دیاری ژینگەپارێزی ھەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت بۆ وڵاتانی دەوروبەریش، دەڤەری بارزان زیاتر لە ٢٠٠ جۆر مەل و تەیر و پەلەوەر، ٨٠٠ جۆر ڕووەک و چەندین جۆر ئاژەڵی لێ ھەیە، ڕووبەری ناوچەی پارێزراوی بارزان ٢٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و زیاتر لە سەدەیەکە بووەتە پەناگەیەک بۆ پاراستنی ئاژەڵ و پەلەوەری کێوی.
سەرچاوە مێژووییەکانی دەڤەری بارزان ئاماژە بەوە دەکەن، ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان بەر لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەستی پێکردووە، بەڵام بەھۆی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە دەیان جار دەستدرێژی کراوەتە سەر و بەوھۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ کوژراون و ھەندێک لەو ئاژەڵانە کۆچیان کردووە بۆ چەند ناوچەیەکی تر، بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزان و شێخ ئەحمەدی بارزان، بەڵام پاش چەند ساڵێک ژینگەی بارزان بەھۆی سەرھەڵدانی شۆڕش و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، بووەتە مەیدانی جەنگی ڕژێمەکانی عێراق و پاش کۆچی دوایی ئەو سەرکردانە، ژینگەی دەڤەری بارزان لە لایەن بارزانیی نەمر جارێکی تر پارێزراوە، بەڵام لەو کاتەشدا لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، جارێکی تر دەستدرێژی کرایەوە سەر ژینگەی دەڤەری بارزان و بەوھۆیەشەوە ھەزاران جۆر ئاژەڵی کێوی لەناوچوون، بێجگە لە سووتانی بەشێکی زۆری دارستانی ئەو دەڤەرە، دوای کۆچی دوایی بارزانیی نەمر، ژینگەی دەڤەری بارزان ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی پارێزراوە و زیاتر پەڕەی پێدراوە.
پێشنیاز کراوە بارزان بکرێتە ناوچەیەکی ژینگەیی، چونکە ناوچەکە زۆر پارێزراوە لەڕووی ژینگە و سروشتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەزموونی ژینگەی بارزان و قەزای مێرگەسۆر بگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، بەخشینی نازنازی ژینگە بە دەڤەرەکە بۆ کولتووری جوانی ناوچەکە لە پاراستنی ژینگەدا دەگەڕێتەوە.
خەڵک ھەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ژینگە دەکات و ھەوڵی پاراستنی دەدات، لەوانە ڕاونەکردنی ماسی لە کاتی زاوزێدا، ھەروەھا گیانلەبەرە کێویەکان، پاراستنی گیای بەھاری، نەبڕین و ھەڵنەکشانی گژوگیا بە ڕیشاڵەوە بۆ ئەوەی ساڵانە ئەو گوڵ و گیایە دووبارە شین ببێتەوە، ھەروەھا نەبڕینەوەی دار و دەوەن، بەتایبەت داری بەرھەمدار وەک بەڕوو، مازی، قەزوان..ھتد، ئەم جێگیربوونە بۆ خواناسی و ژیانناسی لە تەکییەی بارزان دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش پەیڕەو دەکرێت.
ژینگە پاراستن ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆڤایەتییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دانانی ئەو سیستەمەی پێشووتر لە ناوچەکە دانراوە، خەڵکی ناوچەکە ھۆشیارکراوەتەوە لە پاراستنی ژینگەی ناوچەکەیان، ئاژەڵە کێوییەکان لە دەڤەری بارزان ھەر کاتێک پێویستییان بە فریاگوزاریی بێت، مرۆڤەکان بەھانایانەوە دەچن و پێشمەرگەکانی ژینگەپارێزی لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئەوانیش چاودێری و خزمەت تا دەگاتە چارەسەری تەندروستیشیان بۆ دەکەن.
سەلیم وەلی، ھاووڵاتییەکی دەڤەری بارزانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ژینگەپارێزی و ژینگە دۆستی ھەبووە تا سەردەمی شێخ ئەحمەدی بارزانی، لەو کاتەدا چەندین ڕێنمایی دەرچوونە لە بارەی پاراستنی ژینگە، خەڵکی دەڤەرەکە زۆر بە باشی پابەندی ئەو ڕێنمایانە بوونە، پێویستە ھەموو کەسێک خۆ بە خاوەنی ژینگە بزانێت و پارێزگاری لێ بکات، چونکە ژینگە بەردەوام پێویستی بە پاراستنە، کولتووری ژینگەپارێزی بارزان لە سەردەمی باب و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە نەیارانی کوردستان زۆرجار ژینگەی دەڤەری بارزانیان سووتاندووە، بەڵام زیاتر ھەستمان بە بەرپرسیاریەتی کردووە بۆ چاککردنەوە و پاراستنی ژینگە، ژینگەپارێزی ئەرکی ڕۆژانەی ئێمەیە، پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانی مرۆڤایەتییە، ژینگە بۆ ھەمووانە بۆیە پێویستە ھەموومان کار بۆ باشترکردنی بکەین.
ئەو ھاووڵاتییە، ئاشکراشی کرد: ھەر کەسێک سەردانی دەڤەری بارزان بکات بە ھەر ڕێگەیەک ھاتووچۆ بکات ھەستی پاکرڕاگرتنی ژینگە بۆی دروست دەبێت و ھەبوونی ئاژەڵ و پەلەوەری کێوی و دار و بار و سروشتێکی جوان ھەستی جوانی پێ دەبەخشێت و وا دەکات خەڵک زیاتر بۆ بینینی دیمەن و ژینگە سەردانی دەڤەری بارزان بکات.
ملازم سەدیق حەسەن، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە، ھەروەھا ڕاوکردنی ماسییش لە کاتی زاوزێدا قەدەغەیە، ھەر کەسێک ڕاوبکات ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە، ئەو ئاژەڵ و باڵندانەش کە ڕاوکراون، دوای ئەوەی چارەسەر وەردەگرن دووبارە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناو سروشت، کە ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ جۆر باڵندە لە دەڤەری بارزان ھەنە و ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەیان زیاتر دەبێت.
بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، دەشڵێ: ھاووڵاتییانی دەڤەری بارزان ژینگە دۆستن، ئەوەش کارەکەی ئێمەی ئاسانتر کردووە و بێ یارمەتی ئەوان زۆر زەحمەتە بتوانین بەو شێوەی ئێستا کاری خۆمان بکەین.