بەهزاد حەوێزی
چی لە ناخما هەڵدەقووڵێ
دەنگوسەدای تا دوور دەڕوا
زیکر دەکا یا لە تاو ژانی دووریتا وا شین دەکا..
پێستی دڵم وا داخ دەکا
دەڵێی گڕکانی هەڵایساوە
کام دەریایە رووی تێبکا بۆ دامرکان..
چ زریانێکی لەو جەهەندەمەی دەروونما هەڵکردووە
چ ئەشکێکی تەزیوی بەسەر سینەما پژاندووە
دەمێکە گۆزەی خەمی لێ شکاندووم
لە خەم بەدەر نییە زیاتر لە هەنسکی بێداریما
هەمان کونجی تاریکە ئێرە و ئەوێ
ئەو لێرە بێ یا لەوێ
نادیدەیە بەو شەوگارە ساردوسڕە
بەو هەڵقرچانە ئازاربڕە..
وەک مەلێک دیلی دەستی قەفەز بێ
فەرق ناکا
هەر یەک شتە
بۆ هەڵفڕین
ناڵەی ناخ بێ یا هی رۆحی پەژموردە..