پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و بەگژداچوونەوەی هەر مەترسییــــەک بەندە بە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

دوێنێ چوارشەم لە هەرێمی کوردستان یادی سی و چوار ساڵەی ڕاپەڕینی هەرێمی کوردستان کرایەوە، ڕاپەڕینێکی بە شکۆ کە لە ڕانیەوە دەستی پێکرد و تا نەورۆز تەواوی کوردستانی گرتەوە و ئاگری سەرکەوتنی ڕاپەڕین ئاوێتەی ئاگری نەورۆز بوو. کورد دوای چەندین دەیە خەبات و قوربانیدانێکی زۆر توانی بە ئامانج بگات و کۆتایی بە تاج و تەختی ڕژێمی بەعس لە کوردستان بهێنێت.

یەکەم بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە ئەوە بوو، کوردستان کەوتە دەستی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و دامەزراندنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی بەدواوە بوو، بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا هەڵبژاردن بەڕێوە چوو و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە گوێرەی پێگەی جەماوەرییان توانیان بچنە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن. هەرچەندە ئەو ئەزموونەی دەسەڵاتی کوردی بێبەری نەبووە لە ڕووداوی تاڵ و شەڕ و گرانی و قەیرانی جیاواز، بەڵام هەر چییەک بێت بووە جێی هیوای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و گەلی کورد بە ئومێدەوە لەو دەسەڵاتەی ڕوانی و لە پێناوی پاراستنیدا ئامادە بوو قوربانیی زیاتر بدات.
وەک ئاشکرایە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کەوتە قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئابووری و بەشێکی بەرچاو لە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق چەسپێنران و هۆکاری ئەو دەستکەوتەش یەکڕیزی و هاوگوتاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە سەرووی هەموویان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. لە سایەی ئەو یەکدەنگییە و هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی دوو ئیدارەیی، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و پایەکانی دەوڵەتداری و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بوون، داهاتی نەپاڵاوتووی ساڵانەی تاکی کورد بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان پێشی هاووڵاتییانی عێراق کەوتەوە. بە سەدان کۆمپانیای بیانی بەمەبەستی وەبەرهێنان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاوەدانکردنەوە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانی تەنی. پێگەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زۆر بەهێزتر بوو و سەرۆکی و دیپلۆماتکارانی دنیا پەیتا پەیتا ڕوویان تێ دەکرد.
ئەم دۆخە تا کۆتایی ٢٠١٣ بەردەوام بوو بەڵام لە قۆناغی دواتر بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدا، سەرهەڵدانی داعش، قەیرانی ئاوارەکان و بەردەوامیی دوژمنکارییەکانی عێراق و گەمارۆی ئابووری و دواینیان کۆرۆنا و دووبەرەکیی ناوخۆیی زیانی زۆری بە هەرێمی کوردستان گەیاند و بژێوی خەڵکی خستە ژێر کاریگەری.
هەرێمی کوردستان لەوەتەی دامەزراندنیەوە بە هەوراز و نشێوێکی زۆردا تێپەڕیوە و دەیان قەیران و تەنگژەی تێپەراندووە و سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن ڕژێمەکانی بەغدا، بە دەسەڵاتی ئێستای فیدراڵییەوە دژایەتی کراوە و سەرەڕای هەموو ئەو کەموکورتییانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، هێشتا دۆخی لە ڕووی ئابووری، خزمەتگوزاری، خۆشگوزەرانی و بژێوییەوە لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی عێراق باشترە، دواین سەرژمێریی کە لە عێراق بەڕێوەچوو ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی سەلماندووە. کوالێتی ژیان و خزمەتگوزاری لە کوردستان زۆر لە پارێزگاکانی عێراق بەرزترە و جگە لە ئاسایش و ئارامی پێنوێنەکانی تری ئابووریی کوردستان لە عێراق باشترە، لە کاتێکدا عێراق ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ خەرجکردن بەدەستەوە بووە و لە سایەی گەندەڵیی، خەڵکەکەی لێی سوودمەند نەبووە.
بەپێی دوایین ئاماری سەرژمێری عیراق، ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەیە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عیراق و لە هەرێمیشدا هەولێر کەمترین ڕێژەی هەژاری تێدایە. ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای هەولێر پێنج پۆینت نۆ لەسەدا و لە سلێمانی حەوت پۆینت نۆی و ئەگەر قەیرانەکانی دەیەی ڕابردوو نەبوایە ڕێژەکە زۆر کەمتر دەبوو و لەوانەیە نەمابایە. ئەوە لە کاتێکدایە لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق ڕێژەکانیان بەراورد بە هەرێم زۆر بەرزترە و هەندێکیان دووهێندە یان زۆر زیاترن. بۆ نموونە لە پارێزگای موسەننا ڕێژەکەی چل و چوار لەسەدایە و بە واتایەکی تر لە دانیشتووانی ئەو شارە لە هەر دوو کەس یەکێکیان هەژارە. لە پارێزگای بابل ڕێژەی هەژاری سی و چوار لەسەدا و لە نەجەف بیست و پێنج لەسەدایە. لە پارێزگای بەسڕای زۆر دەوڵەمەند بە نەوتی عێراق ڕێژەی هەژاری بیست و هەشت لەسەدایە و لە سایەی گەندەڵیی بەغدا هێشتا خەڵک لە خزمەتگوزاری پێویستی ئاو و کارەبا بێبەشن.دوژمنانی کورد زۆر جار بانگەشەی ئەوە دەخەنە ناو دەمی هەندێک لەخەڵکی نائاگا کە ڕاپەڕین کارێکی هەڵە بوو و نەدەبووایە کرابا، لە کاتێکدا ڕاپەڕین شکۆی بەرخودان و وەستان بەرانبەر ڕژێمی داگیرکەر بوو و بە زیندوویی هێشتنەوەی ئەو هەستە دەتوانێت کوردستان بپارێزێت. هەر وەک لە پەیامەکەی دوێنێی سەرۆک بارزانیش لە یادی ڕاپەڕیندا ئاماژەی پێ کرابوو، لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، ڕاپەڕین هاتەدی و سەركەوتنی بەدەست هێنا.
ئەوەی کوردی ڕزگار کرد یەکڕیزی و یەکدەنگی بوو و ئێستەیش کورد لەو مەترسی و هەڕەشانە بێبەری نییە و ئەوەی دەتوانێت ببێتە هۆکاری سەرەکی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و لە هەمان کاتدا بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە ستەم و زۆرییەکی بەغدا و هەر دەسەڵاتێکی تر، ئەوەیە کورد بە ڕۆحی برایەتی و یەکدەنگی و یەکڕیزی بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت.