شیڤان شێرزاد – هەولێر
بەمەبەستی بەرز راگرتنی یادی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، هونەرمەند و چالاکوان (زیرەک ژێدار) بە هاوبەشی چەند هونەرمەندێکی کوردی، ئێرانی، ئینگلیزی لە ٢٠ـی ئادار لە شاری بێرمینگهامی وڵاتی بەریتانیا، کۆنسێرتی نەورۆز بە ئامادەبوونی ڕەوەندی کوردستانی و بەریتانی وچەندین نەتەوە و کۆمەڵگەی جۆراوجۆر ساز دەکات.
هونەرمەند و چالاکوانی کورد لە وڵاتی بەریتانیاوە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ئامانج لە یادکردنەوەی نەورۆز بەم شێوازە جیاوازە، زێتر ناساندن و بە جیهانی کردنی یادی نەورۆز و ناساندنی دۆزی کوردە بەو کۆمەڵگە و نەتەوانەی تاوەکو ئێستا ئاگادارییان لە دیرۆک و شارستانیەت و کولتووری کوردی نییە.
گوتیشی: ئەم یادە رێکخراوی هونەری میوزیکستان سازی دەکات، کە خۆم لە ساڵی ٢٠١٢ لە وڵاتی بەریتانیا دامەزرێنەرم و ئامانجیشم ناساندن و تێکەهەڵکێشکردنی کولتووری گەلانە، بەڵام ئەمجارە بەمەبەستی راکێشانی سەرنجی دنیا بۆ سەر ناوی کورد و کوردستان و ناساندنی بۆنە و یادە نەتەوەییەکانی کورد، چالاکی و پلانی ڕێکخراوەکەمان تایبەت دەکرێت بە یادەکانی ئازار و نەورۆز لە هەر چوار پارچەی کوردستان و گرنگی یادکردنەوەی نەورۆز و تەواوی بۆنە نەتەوەییەکانمان لەوەدایە، کە ڕەوەندی کوردی هەوڵی ئەوە بدەن بیکەنە سەکۆ و دەرفەتێک بۆ زیاتر جاڕدانی مافە ڕەواکانی کورد بە گوێی دنیا و دروستکردنی پاڵپشتی نێودەوڵەتییە بۆ ئەو هەموو ستەم و داگیرکارییەی دەرحەق بە گەلی کورد ئەنجامداوە.