قاهیرە میوانداریی لووتکەی عەرەبی دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاداری 2025، لە قاهیرە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە بچێت، بە گوێرەی سەرچاوە دیبلۆماتییەکان، ئامانجی لووتکەکە لە پلانێکی میسر سەرچاوەی گرتووە بە ناوی پرۆژەی کۆمکاری عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

هەر لە پرۆژەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی قاهیرەدا، بە هەموو شێوەیەک ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکرێتەوە،  ئەو پرۆژەیەش کە لەلایەن میسرەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستن و وڵاتانی عەرەبی پێشکەش دەکرێت، پشت بەو تویژینەوەیە دەبەستێت، کە بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە ئامادەیان کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەی قاهیرەدا هەموو هاوکاریی و پشتیوانییەکی ماددی و دارایی و سیاسی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە پێشکەش بکەن.

بە گوتەی سەرچاوە دیبلۆماتییەکانی بەشدار لە لووتکەی قاهیرە، پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، جەخت لە دژایەتیی هەر هەوڵێکی ڕاگواستن یان دابڕاندنی کەرتی غەززە و بەستنەوەی بە ئیسرائیل دەکەن، هەر هەوڵێکی لەم جۆرە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانرێت، هەربۆیە پلان و پرۆژەی کۆبوونەوەی وڵاتانای عەرەبی، ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرتی غەززە و  گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاوەدانییە.