كارزان گلی – ههولێر
دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە پەیامێكدا لە ٢٧ی شوبات، داوای كرد پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەك دابنێت، باسكردن لە ئازادكردنی ئۆجەلان، باسوخواسێكی گەرمی میدیاكانی توركیایە. باس لەوە دەكرێت، رەنگە ئۆجەلان ئازادكردنی سنووردار بیگرێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەنووس، نوورای باباجان، لە رۆژنامەی ‘نەفەسی توركیا’ دوای پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشانەوەی پەكەكە، لە ئەنكەرا باس لە ئازادكردنی سنوورداری ئۆجەلان دەكرێت.
ئەو دەنووسێت: “ئەگەربێتو ئەو پرۆژەیەی ئۆجەلان وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت، ئۆجەلان ئازاد دەبێت بەڵام ئازادبوونێكی سنووردار؛ بۆ نموونە هەر لە ئیمرالی دەمێنێتەوە، بەڵام دەتوانێت لەوێ بێتەوە دەرەوە و بە توركیادا بگەڕێت، بەو مەرجەی بۆی نەبێت بچێتە دەرەوەی سنووری توركیا، جیا لەوەی بۆی نییە مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردندا هەبێت، واتە هاووڵاتیبوونی توركیا نادەنێ تا بتوانێت لە مافی دەنگدان و چالاكیی سیاسیدا بەشدار بێت.”
واتە توركیا لەم ئیمساڵەدا باس لە ئازادكردنی ئۆجەلان دەكات و مافی ئومێدی لەسەر جێبەجێ دەكات، كە ئەو مافەش توركیا سنوورەكانی دادەنێت، واتە بە گوێرەی ئەو یاسایە نابێت كە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی مافی ئومێد دایناوە. بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەنكەرا زانیاریی پێ گەیشتووە كە پەكەكە لە ماوەی ٢ هەفتەی داهاتوودا كۆنگرە دەبەستێت و نایەوێت هەڵوەشانەوەی پەكەكە بكەوێتە نەورۆز، كە نەورۆز بۆ كوردەكان رۆژێكی مێژووییە.
ئەگەر هەموو شتەكان وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت و پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، لە هاوینی ئەمساڵدا باس لە مافی ئومێد دەكرێت بۆ ئۆجەلان.
نوورای دەنووسێت: “ئەگەر پلانەكە بەشێوەیەكی سیستەماتیك و وەكوو ئەوەی دەوڵەت دەیەوێت جێبەجێ بكرێت، وەكوو هەڵوەشانەوەی پەكەكە، رادەستكردنەوەی چەكەكان، سەركردەكانی پەكەكە وڵات جێ بهێڵن و بۆ وڵاتێكی تر كۆچ بكەن و هەموو كامپەكان و ئەشكەوتەكان چۆڵ بكەن، واتە بەبێ هیچ شەڕ و كێشەیەك پلانەكە جێبەجێ كرا، ئەوكات باس لە ئازادكردنی ئۆجەلان دەكرێت.”
ئەنكەرا وای داناوە، هەموو ئەو پلانانە، واتە چەکدانان و رادەستكردنەوەی چەكەكان و رۆیشتنی سەركردەكانی پەكەكە بۆ وڵاتانی تر، یەك ساڵی داناوە، واتە لەو ساڵەدا دەبێت هەموو ئەمانە روو بدات، بەڵام ئەگەر لە سەرەتادا پەكەكە هەڵوەشێتەوە و چەك رادەست بكرێت، باسی ئازادکردنی ئۆجەلان دێتە گۆڕێ.