بارزانیی نەمر له‌ خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستاندا

بنستان عیسمه‌ت دینۆ*
46 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی مسته‌فا بارزانی تێده‌په‌رێت، زیاتر له‌ نیو سەدە خه‌بات و تێكۆشان و قوربانی بۆ گه‌لی كوردستان به‌بێ وچان، بارزانی له‌ پێناوی گه‌لی كوردستان و خاكی پیرۆزی كوردستان تا ڕۆژی كۆچی دوایی ده‌ستبه‌رداری شۆڕش و خه‌بات نه‌بوو، دوای كۆچیی دوایشی میراتێكی گه‌وره‌ی شۆرشگێڕ و سیاسی به‌جێهێشتووه‌ كه‌ ئه‌ویش درێژه‌ پێده‌ری شۆڕشی ئه‌یلوول و شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتوخواز و درێژه‌پێده‌ری كاروانی خه‌بات مانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ وه‌ك هێزی یه‌كه‌م له‌ مه‌یدانه‌كه‌.

46 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوای بارزانیی نه‌مر تێدەپه‌ڕێت له‌كاتێكدا ئه‌و یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ بارزانیی نه‌مر له‌قۆناغێكی مێژوویی گرنگ خه‌باتی له‌دژی داگیركه‌ران هه‌ڵگیرساند و خه‌باته‌كه‌ش ته‌نیا له‌ به‌شێكی كوردستان نه‌بوو، به‌ڵكو پشتیوانی شۆڕشی باكوور و كۆماری كوردستان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش بوو، بارزانی پشت و په‌نای چیاكانی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان بوو كه‌ به‌خۆبه‌خشی و گیان و هه‌ستی نیشتیمانی په‌روه‌ری به‌دڵ و گیان له‌گه‌ڵ بوون و پشتیوانی شۆرشیان كرد ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی خۆڕاگری و باوه‌ڕبوون بوو به‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان.

خه‌باتی بارزانی نه‌مر له‌ پارچه‌كانی كوردستان
خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی باكووری كوردستان بۆ بارزانی ؛ بارزانیی نه‌مر له‌ 14ـی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان له‌ دایكبووه‌ و هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوێتیدا هزری ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌ی له‌ دڵیدا چه‌سپاوه‌ و له‌ ساڵی 1919 له‌ ته‌مه‌نی شازده‌ ساڵیدا له‌گه‌ڵ 300 كه‌س له‌ پیاوه‌كانی به‌ فه‌رمانی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی بۆ یارمه‌تیدانی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حموودی حه‌فید‌ ده‌چێته‌ سلێمانی. ساڵی 1920 شێخ ئەحمەدی بارزان، بە نوێنەرایەتی خۆی، مستەفا بارزانی ڕەوانەی باكووری كوردستان دەكات بۆ ئەوەی چاوی بە شێخ سەعیدی پیران بكەوێت و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشەكەی دروست بكات.
خۆشه‌ویستی بارزانی له‌ کوردستانی عێراق؛ لە ساڵانی 1943 و 1945 مستەفا بارزانی، سەركردایەتی شۆڕشەكانی بارزانی لە كوردستانی عێراق كردووە، ڕووبه‌رووی سه‌رجه‌م سیسته‌مه‌ دیكاتۆره‌كانی عێراق بووه‌ته‌وه‌، دوای كودەتای چواردەی تەممووزی 1958 بارزانی و یاوەرەكانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا هەولێر، پێشوازییەكی گەرمی جەماوەرییان لێكرا. لە 11ی ئەیلوولی 1961 تا 1975 ڕابەرایەتی گەورەترین شۆڕشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا كرد، شۆڕشی ئەیلوول، 14 ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خەڵكی كوردستان بەدیهێنان.
بۆ یه‌كه‌م جاربوو كوردی كوردستانی عێراق له‌ چوار چێوه‌ی عێراقدا به‌هۆی شۆرش و خه‌باتی بارزانیی نه‌مر توانی بگاته‌ كۆمه‌لێك ده‌سكه‌وتی گرنگ ئه‌وه‌بوو له‌ لە 11ی ئاداری 1970 بارزانی و حكوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككەوتن، یەكەم جار بوو لە مێژووی كوردستاندا، شۆڕشێكی كوردستانی بە 9 ساڵ خەبات، بتوانێت ئەو دەستكەوتە مێژوویە بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات، ئه‌وانیش كورد به‌شدار ده‌بێت له‌ حوكمرانی عێراق و به‌فه‌رمی ناساندنی زمانی كوردی و جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌سكه‌وتی گرنگ بوون.
خۆشه‌ویستی بارزانیی نه‌مر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ لە 22ی كانوونی دووەمی 1946 بارزانی لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مەهاباد بەشداریی كرد و لە لایەن قازی محەمەد، سەرۆك كۆماری كوردستان، كرایە فەرماندەی سوپای كۆماری كوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا. لە 16ی ئابی 1946 مستەفا بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقی دامەزراند و وەك سەرۆكی پارتیمان هەڵبژێردرا. بارزانیی نه‌مر پشتیوانی به‌هێزی كۆماری كوردستان بوو و توانی ببێته‌ داینه‌مۆی به‌هێزی پشتیوانی ئه‌و كۆماره‌ و خۆشه‌ویستی بارزانیی نه‌مر لای خه‌ڵكی رۆژهه‌لاتیش دیاره‌.
خۆشه‌ویستی بارزانیی نه‌مر له‌ رۆژئاوای كوردستان؛ بارزانیی نه‌مر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی شۆڕش و تائیستاش هه‌میشه‌ له‌ ناخی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان بووه‌ و له‌سه‌روبه‌ندی شۆرش به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی نیشتیمان په‌روه‌ر و خهب‌اتگێری ئه‌و پارچه‌ له‌گه‌ڵ بارزانیی نه‌مر بوون و بارزانیش پشتیوانیان بووه‌ و به‌ئێستاشه‌وه‌ ڕابه‌ری دۆزی ڕە‌وای نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان رێبارزی بارزانیی نه‌مره‌.
به‌داخه‌وه‌ لە 1ی ئاداری 1979 دا و لەتەمەنی 76 ساڵیدا بارزانیی نه‌مر لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون، لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد.
*ئەندامی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان