چاوەڕوان دەکرێت پێش هاتنی نەورۆز کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەت خێراتر دەکرێن، ئەوەی ماوەتەوە پەسەندکردنی ڕەشنووسی نێوان پارتی و یەکێتی و دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەتی داھاتووە. کوردستانیان داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن، ھەوڵ بدەن لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەت پێکبھێنن، چونکە زۆر کێشە و گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماون، بە پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو زۆربەی کێشەکان چارە دەبن. وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ڕاگەیاند، ئێمە وەکو پێکھاتەکان بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەت دەکەین.

لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ کرا، پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتیش ٢٣ کورسی بەدەستھێنا، پارتی و یەکێتی وەکو براوەی یەکەم و دووەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ھەوڵەکانیان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن، بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار لە ئاستی باڵا بە دووقۆڵی کۆبوونەتەوە و شاندی تەکنیکی ھەردوو حیزبیش چەندین جار کۆبوونەتەوە، جگە لە ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە براوەکانی دیکەی ھەڵبژاردن.
زیاتر لە چوار مانگ بەسەر ھەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت.
ھەریەک لە پارتی و یەکێتی بەجیا گفتوگۆیان لەسەر ئەو ڕەشنووسەی لەلایەن لیژنەی تەکنیکی ھەردوولا ئامادە کراوە، کردووە و پارتی و یەکێتییش پێکەوە گفتوگۆیان لەسەر کردووە و ڕەشنووسەکە پەسەند دەکەن و باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن.
١٥ی مانگی ڕابردوو کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، بۆ پێکھێنانی حکوومەت، لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە لەسەر زۆر بابەتی سیاسی و ئیداری لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروست بووە.
لەبارەی پێکھێنانی حکوومەت، پارتی دەڵێت: دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، لیژنەی دانوستاندنی حیزبەکە سەردانی تەواوی ئەو لایەنە سیاسییانەی کردووە کە بەشدارییان لە ھەڵبژاردن کردووە، باس لەوەش دەکات، بیروڕاگۆڕینەوە و زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی نوێ لە چەندین گەڕی کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بووە و، لەسەر زۆر بابەتی سیاسی و ئیداری لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاوڕایی دروست بووە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر ھەیە و چاوەڕوانین لە کاتێکی نزیکدا موژدەی پێکھێنانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کابینەی نوێ لەسەر بنەمای یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک ھێزی لەشکر، ڕابگەیەندرێت.
ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لەم نزیکانە حکوومەت پێکبھێنرێت، ھەموو لایەکیش باس لەوە دەکەن، کە بەم زووانە پرسەکان کۆتاییان دێت، بەڵام بە ڕای من پەلەکردنیش باش نییە، گرنگ ئەوەیە لێکتێگەیشتنی باش بکرێتە بنەما بۆ ئەم کابینەیە، باشترە لەوەی پەلە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کات کورت بکرێتەوە باشترە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: ئەم جارە وردتر چوونەتە ناو پرسەکانەوە، بۆ ئەوەی گرفتەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە، ئەم حکوومەتە حکوومەتی ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە و دەبێت بەرپرسیارێتی بکەوێتە سەر ئەو لایەنانەی کە بەشدارن.
باسی لەوەش کرد، پەیامی سەرۆک بارزانی ئەوەیە یەک ھەرێمی کوردستان، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە ھەبێت، بۆیە ئەمە پەیامی پارتییشە و گرنگرترین بڕگەیە لە گفتوگۆکان،‌ گرنگە یەکێتییش تێگەیشتنیان بۆ ئەم بابەتە ھەبێت، خۆ دەبێت لە واقعدا وابێت.
نزار شاکر، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پارتی ھیچ کات خۆی لە خەڵکی کوردستان جیا نەکردووتەوە، لە داھاتووشدا ھەر لەگەڵ خەڵک دەبێت، بەرنامە و کاری خۆی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و کابینەی داھاتوو دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ھەموو توانایەکیش کار بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە دەکات کە پێویستن بۆ قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دەستوور، چونکە بە ھەبوونی دەستوورێکی سەردەمیانە،‌ دەتوانن زیاتر کێشەکان چارەسەر بکەن و خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن.
ئەو چالاکوانە، گوتیشی: پارتی بەڵێنی ئەوەی بە ھاووڵاتییان داوە، کوردستان بەھێزتر بکات، بە تایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە کە بتوانێت ئابوورییەکی فرەچەشن دروست بکات و گرنگی بە داھاتی ناوخۆ بدات لە ڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە.
پێکھاتە و ھاووڵاتییان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی

کوردستان دەکەن، ھەوڵ بدەن لە ماوەیەکی نزیکدا

حکوومەت پێکبھێنن، چونکە زۆر کێشە و گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماون، بە پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو زۆربەی کێشە و گرفتەکان چارە دەبن، بۆیە داوا دەکەین لایەنەکان ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و ھەرچی زووە حکوومەت پێکبھێنن. ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، دەڵێت: پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر پێویستە، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت، لە ئێستادا لایەنەکان لەگەڵ یەکدی کۆدەبنەوە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا کابینەی نوێ پێک بێت و دەست بە کارەکانی خۆی بکات.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، جەختی لەوەشکردەوە: ئێمە وەکو پێکھاتەکان بەشدار دەبین لە کابینەی نوێ، بەشداریکردنی پێکھاتەکان ھەنگاوێکی گرنگە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کات پشتگیری لە مافی پێکھاتەکان دەکات، وەکو چۆن لە ڕابردوودا بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەم زۆر گرنگی بە پێکھاتەکان دراوە و چەندین وەزارەت و دەستەیان ھەیە، لە کابینەی نوێ، ئامادەبوونی پێکھاتەکان زیاتر دەبێت.