ڕێنمایی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕانەوەی زەوییەکانی کورد لە کەرکووک دەردەچێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بە دەرچوواندنی ڕێنمایی تایبەت بۆ جێبەجێ کردنی یاسایی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بە دەرچواندنی رێنمایی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی یاسایی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان.
دەشڵێت: دوای ئەوەی لە17ـی شوباتی 2025، داوایەکمان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کرد لەسەر کێشەکانی جووتیاران و جێبەجێکردنی یاسایی پووچەڵکردنەوەی بریارەکانی حزبی بەعس، سەرۆک وەزیران فەریق عبدالکریم سودانی راسپارد و لیژنەیەکی دروست کرد و رەوانەی کەرکوک کرا و کۆمەڵێک پێشنیاریان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، فەریق عبدالکریم ئاگاداری کردم جیا لە پەسەندکردنی پێشنیازەکان، ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش راسپاردووە بۆ دەرچوواندنی رێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەووییەکان بۆ خاوەنەکانیان.
ڕۆژی ١٨ی شوبات،دیمەنی هێرشی سەربازێکی سوپای عێراق بۆ سەر محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە، بووە مایەی تووڕەبوونی هاووڵاتییانی کورد و لە هەمان کاتدا هەڵوێستی توندی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە سەرووی هەمووان سەرۆک بارزانی بەدواوە بوو.
ڕووداوەکە بۆ حکوومەتی فیدراڵی ئەوەندە مایەی شەرمەزاری بوو کە ناچار بوو شاندێک بنێێرێتە کەرکووک تا لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات.

لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی کەرکووک چل و دوو گوند هەن کە پێنج گوند لەوانە کێشەیان لەسەرە و لە ژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکدان، ئەو گوندانە بریتین لە شەناغە، پەلکانە، سەر بە شاخ، گابەرەکە و خەرابە.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە جووتیارانی کورد لەسەر داواکارییەکانی خۆیان سوور بوون و پێیان وایە لە دوای پەسندکردنی یاسای گێڕانەوەی زەوییەکانیان لە پەرلەمانی عێراق هیچ بیانووەک بۆ جێبەجێکردنی نەماوە. تاکە بیانووی سوپای عێراق ئەوە بووە هێشتا یاساکە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام ڕۆژی ١٨ی شوبات ئەو بیانووەش نەما دوای ئەوەی یاساکە لە ڕۆژنامە چاپ کرا.
یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و سێ یاسای تر کە پێشتر پەرلەمانی عێراق پەسندی کردبوون بە یەکەوە لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاو کرانەوە. یاسای لێبوردنی گشتی، باری کەسێتی و هەمواری بودجەی گشتیی فیدراڵی ئەو یاسایانە بوون کە لە ڕۆژنامەکە بڵاوی کردنەوە و دەبێت دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.
یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لە گرنگتری ئەو یاسایانە بووە کە لە ماوەی ڕابردودا لە پەرلەمانی عێراق پەسند کراون. زەوییەکان نیو سەدە لەمەوبەر بە فەرمانی ئەنجوومەنی قیادەی سەورەی بەعس دەستی بەسەر زەوی و زاری کورددا گرتبوو. بەپێی یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان زیاتر لە سێسەد هەزار دۆنم موڵک و زەوی بۆ خاوەنی ڕەسەنەکانیان گەڕایەوە

سەرچاوەی ئەو جۆرە ڕووداو و قەیرانانە پێوەندی بەوە هەیە هێشتا لە عێڕاق کەسانێک هەن کە لە سەرووی دەستور و یاسا دەجووڵێنەوە، بۆ نموونە ئەوەی ڕوویدا هیچ پێوەندییەکی بە سوپای عێراقەوە نییە و بەپێی دەستوور سوپای عێراق بۆ ئەوە دروست نەبووە دەستدرێژی بکاتە سەر جووتیاران و تەنانەت لە ململانێیە ناوخۆییەکان لایەنگیری لە لایەک بکات، ئەرکی سوپا ئەوەیە سنوورەکانی وڵات بپارێزێت و لە کاتی جەنگ و هەڕەشەکاندا ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە و پارێزگاری لە سەروماڵی هاووڵاتییان بکات.