دانا شوانی ـ هەولێر
سەدەی نۆزدە، سەدەی زانست بوو. زۆرێک پێیان وابوو کە زانست دەتوانێت وەڵامی هەموو کێشەکانی مرۆڤ بداتەوە. باوەڕبوون بە زانست، ئهم بیركردنهوهیه ئۆگۆست كۆنتی (Auguste Comte) بەرەو فەلسەفەی پۆزهتیڤیزمی برد. پەیڕەوانی فەلسەفەی پۆزهتیڤیزم پێیان وابوو کە زانستە سروشتییەکان و زانستە مرۆییەکان جیاوازییهكی زۆریان نییە و شێوازی زانستی لە زانستە ئەزموونییەکان و زانستە مرۆییەکاندا وەک یەکە. كۆنت بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی و ئەوەی کە کۆمەڵناسی زانستێکی ئەزموونی و پۆزهتیڤیستییه، ئۆگست كۆنت بەرهەمێکی شهش بەرگی بە ناوی “بە وانهكانی فەلسەفەی پۆزهتیڤیزم” نووسی، کە وردە وردە تا ساڵی ١٨٤٢ بڵاو کرایەوە. یەکێکی تر لە بەرهەمە گرنگەکانی كۆنت بریتییە لە “سیستەمی سیاسەتی پۆزهتیڤیزم” کە لە چوار بەرگدا بڵاوکراوەتەوە. كۆنت پێیوابوو سەردەمی ئایینە کۆنەکان تێپەڕیوە و لەژێر کاریگەری فەلسەفەی ئایینی پۆزهتیڤیزمدا، لەژێر ناوی “ئایینی مرۆڤایەتی”، لە کتێبێکدا بنەماکانی دامەزراند و کۆی کردۆتەوە.
بیرکردنەوەکانی كۆنت لەژێر کاریگەری دوو ڕەوتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دروست بوون، کە ئەوانیش ڕەوتی فکری بوون: بزووتنەوەی ڕیفۆرمخواز و شۆڕشگێڕی، و بزووتنەوەی كۆنزهرڤاتیزم تا ڕادەیەک دژە شۆڕشه. شۆڕشی فەرەنسا کە ٩ ساڵ پێش لە دایکبوونی كۆنت (١٧٨٩) ڕووی دا، کەشوهەوای کۆمەڵایەتی و ڕۆحی کۆمەڵگەی فەرەنسای گۆڕی. شۆڕشی فەرەنسا ئەو بیرۆکەیەی پێشخست کە بناغەکانی کۆمەڵگا بە پلاندانان و گرتنەبەری سیاسەت و ڕێوشوێنی دروست دەتوانرێت بگۆڕدرێن. ئایدیای شۆڕش و دروستبوونی کۆمەڵگا لە ڕێگەی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانەوە لەگەڵ شۆڕشی فەرەنسادا دەرکەوت و بناغەی هەموو شۆڕشەکانی دیکەش لەسەر ئەم بنەمایە دانرا؛ بۆیە بیری شۆڕش لە بنەڕەتدا خۆرئاواییە. بیرکردنەوەیەکی دیکەی شۆڕشی فەرەنسا، بنەمای یەکسانیی هەموو مرۆڤەکان بوو؛ بۆیە بە لابردنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو مرۆڤەکان دەرفەتی یەکسانیان دەبێت و پێشکەوتوو و دڵخۆش و سەرفراز دەبن. شۆڕشی فەرەنسا بەو ئایدیاڵانە سەر کەوت، بەڵام دەرئەنجامی دەستبەجێی شۆڕشی فەرەنسا، یەکسانی و برایەتی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو کوشتن و سەرکوت و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی بوو؛ بۆیە ئایدیای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و پاراستنی ئەوەی لە ڕابردووەوە بۆمان هاتووە، دژایەتی ئایدیای گۆڕانی بنەڕەتی بوو و ناوی لێنرا “نۆژهنكردنهوه” و تەنانەت دوو دەیە دوای شۆڕش، ڕۆحیەتهکە ههر زاڵ بوو. ئۆگست كۆنت لە ژێر کاریگەری ئەم بیرکردنەوە دووانەیەدا پەروەردە بووە و بەو پێیەش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کێشەی فەرەنسا تێکچوونی دەروونییە. بهروونی دهیبینی کە پیشەسازیی بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام لە هەمان کاتدا خەڵک سەریان لێ شێواوه؛ هەربۆیە لەژێر کاریگەری ئەم دوو بیرکردنەوەیه، ڕێکخستن و پێشکەوتن بوو بە بابەتی کۆمەڵناسییهكهی. لە لایەک لە ژێر کاریگەری بیری كۆنزهڤاتیزمانهدا گرنگییەکی تایبەتی بە سیستهمی کۆمەڵایەتی دەدا و لە لایەکی دیکەوە لە ژێر کاریگەری بیری پێشکەوتنخوازانەدا بەرگری لە پێشکەوتن دەکرد.
ئۆگست كۆنت کێشەی مرۆڤی بە ئهنارشیزمی دەروونی دەزانی، بۆیە توێژینهوهی خودی کردە، بووه بنەمای کارەکەی. كۆنت لە توێژینهوهكانیدا لەسەر پەرەسەندنی ئەقڵی مرۆڤ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەقڵی مرۆڤ لە سێ قۆناغدا پەرەی سەندووە: ئیلاهی، میتافیزیکی و پۆزهتیڤی. ئایین، پهیوهندییه کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییهكانی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم سێ قۆناغەدا دەگۆڕێت و کۆمەڵگاکان بەپێی ئەوەی لە کام قۆناغدایە بەسەر جۆرە جیاوازەکاندا دابەش دەبن.
مرۆڤ لە قۆناخی ئیلاهیی، بتەکان، بە خەیاڵی خۆی وەک خوڵقێنەری خۆی و دنیا دەناسێت لەسەر بنەمای خۆی و کەرەستەیەک کە سروشتێکی بابەتیی و فیزیکییان هەیە. قۆناغی دووەم قۆناغی سەروو سروشتی یان میتافیزیکییە. لەم قۆناغەدا مرۆڤ بە بەکارهێنانی چەمکە ئەبستراکتەکانی وەک سروشت، مێژوو، خودا و هتد، هەموو دیاردەکان ڕوون دەکاتەوە و دەیانناسێتەوە. قۆناغی سێیەم قۆناغی پۆزهتیڤیزمه. لەم قۆناغەدا مرۆڤ بە بەکارهێنانی ئەقڵ و لۆژیک دنیا ڕوون دەکاتەوە و ئەوەی ناتوانرێت بسەلمێنرێت قبوڵ ناکات. لەم قۆناغەدا جیهانبینی مرۆڤ پۆزهتیڤیستییه. پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییە گونجاوەکان دەگۆڕدرێن و خۆیان لەگەڵ گۆڕانی جیهانبینییەکان دهگونجێنن. تەنانەت ئایینیش دەگۆڕێت، چونکە لە ئایینە کۆنەکاندا خودا ناسەلمێنرێت، لە ئەنجامدا مرۆڤەکان پەیڕەوی لە “ئاینی مرۆڤایەتی” دەکەن کە خودا سەنتەر نییە بەڵکو مرۆڤ سەنتەرە.
هەروەها زانستەکان بەپێی ئەم سێ قۆناغە پەرەیان سەندووە. بیرکاری یەکەم زانستە کە دوو قۆناغی یەکەمی ئیلاهیات و میتافیزیکی تێپەڕاند و گەیشتە قۆناغی پۆزهتیڤیزم. مرۆڤایەتی هەر زوو ڕیزبەندی ژمارەکانی دۆزیەوە و فۆرمێکی لۆژیکی پێبەخشی. فەلەکناسی، فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجی و کۆمەڵناسی دوو قۆناغی یەکەمیان تێپەڕاند و دوای بیرکاری گەیشتنە قۆناغی پۆزهتیڤیزم. دوا زانست کە گەیشتە قۆناغی پۆزهتیڤیزم، کۆمەڵناسییە، کە ئەو لە زانستەکانی دیکە بە باڵاتری دەزانێت. کۆمەڵناسی لە زانستەکانی تر باڵاترە، چونکە نەک هەر دەتوانێت هەموو شێوازەکانی زانستەکانی پێشوو وەک چاودێریکردن، ئەزموونکردن و هتد بەکاربهێنێت، بەڵکو دەتوانێت میتۆدی مێژووییش بەکاربهێنێت.
بەپێی یاسای سێ قۆناغی پەرەسەندنی ئەقڵی مرۆڤ و یاسای پەرەسەندنی زانستەکان بەم شێوەیە زانستەکانی دابەش کردووە. یەکەم: فیزیا زانستی سروشت، کە دابەشکراوە بەسەر دوو بواردا: فیزیای ئۆرگانیک (ژیان) و فیزیای نائۆرگانیک. زانستی فیزیای ئۆرگانیک بەسەر دوو بواردا دابەشکراوە: فیزیای جهسته (فیزیۆلۆژی) و فیزیای کۆمەڵایەتی (کۆمەڵناسی). هەروەها زانستی فیزیای نائۆرگانیک دابەشکراوە بەسەر بواری فیزیای زەوی (جیۆلۆجی) و فیزیای ئاسمان (ئەسترۆنۆمی). لە کۆتاییدا زانستی فیزیایی زەوی دابەش کرد بەسەر کیمیا (زانستی پێکهاتەی تەنەکان) و فیزیا (زانستی تەنەکان). ئێمە ئەم دابەشکردنەمان لەم مۆدێلەی خوارەوەدا نیشانداوە. وەک دەبینرێت چەمکی فیزیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابەشکردنیدا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی فیزیا (زانستی شتەکان). ئەم دابەشبوونە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆکە زانستییەکانی. هەروەها ئۆگست كۆنت لە سەرەتاوە زانستی کۆمەڵناسیی بە “فیزیای کۆمەڵایەتی” ناوبرد، بەڵام لەگەڵ ئەلفرێد کۆتێلدا ناکۆک بوو كه بە کۆمەڵناسی ناوی برد.
كۆنت وەک زۆرێک لە بیرمەندانی کۆمەڵایەتی سەدەی نۆزدە، کۆمەڵگای بە جەستەی مرۆڤ بەراورد کردووە. ئەم ڕێبازە تیۆرییە بە “تیۆری ئۆرگانیزم” ناسراوە. كۆنت بە بەکارهێنانی تیۆری زانستی خۆی ئەم تیۆرییەی ڕوون کردەوە. مرۆڤ توخم و پێکهاتەکانی فیزیای نائۆرگانیک یان تەنەکان باشتر لە خۆیان دەزانێت. بۆ نموونە دەتوانرێت شاخێک لە پارچە بەرد باشتر بناسرێت، بەڵام لە فیزیای ئۆرگانیکدا پێچەوانەکەیە، واتە دەتوانرێت ئەو بەشە لە ڕێگەی گشتهوه بناسرێت. بۆ نموونە مرۆڤ وەک تاکێک لە ڕێگەی کۆمەڵگاوە دەناسرێت. بونیادهكانی کۆمەڵگا وەک جەستەی مرۆڤ، پەیوەندییان بە هەموو جەستەوە هەیە.
ئۆگست كۆنت لەسەر بنەمای دابەشبوونی کۆمەڵگا بەسەر گشت و بەشەکان و ئەولەویەتدان بە گشت، دوو تایبەتمەندی ئیستاتیک و دینامیکی بۆ کۆمەڵگا باس دهكات و لەسەر بنەمای ئەمەش کۆمەڵناسی دەکاتە دوو بەشی کۆمەڵناسی ئیستاتیک و دینامیکی. بابەتی کۆمەڵناسی ئیستاتیک بریتییە لە گشت، واتە ئەو دیاردانەی کە سەقامگیرییەکی ڕێژەیییان لە کۆمەڵگادا هەیە و بە دەگمەن دەگۆڕدرێن. ئەم دیاردانە بابەتی کۆمەڵناسی ئیستاتیکن. هەست و چالاکی و ئەقڵ لە هەموو مرۆڤەکاندا لە هەموو تەمەنەکاندا باون و کەمتر گۆڕانیان بەسەردا دێت، لە ئەنجامدا توخمە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی ئیستاتیکن. جگە لەمانە دەتوانین دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئایین، موڵک، خێزان، زمان، دابەشکردنی کار ببینین. هەر یەکێک لەو دامەزراوانە ئەرکێکی دیاریکراویان لە کۆمەڵگادا هەیە. ئایین گەرەنتی هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا دەکات. خاوەندارێتی دەربڕینی چالاکیی مرۆڤە و زمان دەربڕینی بیرکردنەوەیە. خێزان دەربڕینی هەستی مرۆڤە. دابەشکردنی کار دەرئەنجامی دابەشکردنی چالاکییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگادا. کەسانێک کە پێگەیەکی بەرزتریان هەیە لە دابەشکردنی کۆمەڵایەتیی کاردا، پێکهاتەی بابەتیی کۆمەڵگا دیاری دەکەن. دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و پیاوانی ئایینی سەر بەم گرووپەن. خەڵکی خوارەوە و پرۆلیتاریا گوێڕایەڵی ئەوان دەبن. ئەم دۆخە لە کۆمەڵگەی پیشەسازیشدا نەگۆڕاوە. هەمیشە هێزی ڕۆحی بە بەراورد بە هێزی ماددی باڵاترە، چونکە ئەرکی هێزی ڕۆحی ڕازیکردنی ناوەوەی مرۆڤە و وای لێدەکات ئامادە بێت بۆ گوێڕایەڵی دەسەڵاتی دنیا.
بابەتی داینامیکی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵناسی داینامیکی بریتییە لەو توخمانەی کە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن. گرنگترین بابەتی کۆمەڵناسی داینامیکی بریتییە لە پەرەسەندنی دەروونی مرۆڤ کە لە سێ قۆناغدا گۆڕاوە: ئیلاهی، میتافیزیکی و پۆزهتیڤیستی. ئەقڵ، چالاکی، هەست، هاوسۆزی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لەم سێ قۆناغەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەقڵی مرۆڤ لە سەردەمی ئیلاهییدا بە بتپەرستی و یەکتاپەرستی دهناسرێتهوه. هەستەکانی بە خۆپەرستی دەناسرێتەوە، جۆری هاوسۆزییەکەی نەتەوەیی و خێڵەکییە و دهزگا کۆمەڵایەتییەکەی ئۆگست كۆنت، سیمایەکی سەربازیی هەیە. تەمەنی میتافیزیکی بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە تایبەتمەندە. تایبەتمەندی سەرەکی ئەقڵی مرۆڤ لەم سەردەمەدا باوەڕبوونە بە هێزی سەرووسروشتی. چالاکییەکەی بە بەرگریکردن و هەستەکانی بە خۆبەخشی پهیوهسته، هاوسۆزییەکەی گهردوونییه و فۆرمی کۆمەڵایەتی باڵادەست، فیۆداڵییە. سەردەمی پۆزهتیڤیستی بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە تایبەتمەندە. ئەقڵی مرۆڤ خەسڵەتێکی پۆزهتیڤیستی هەیە، لە کاتێکدا جۆری چالاکییەکەی بە بەرهەمهێنان و هەستی بە خۆبەخشی دهناسرێتهوه، هاوسۆزییهكهی، گشتگیرە و فۆرمی کۆمەڵایەتی بە تایبەتمەندی پیشەسازی دەناسرێتەوە.